دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری پارێزگاکان دەستپێدەکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  144 جار خوێنراوەتەوە

لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکان یەک مانگە دابەشکردنی نەوت دەستیپێکردووە و بەردەوامە. لە سەنتەری هەڵەبجە دابەشکردن بەردەوامە و بەرپرسان دەڵێن: دابەشکردن دەگاتە سەنتەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک".
 
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، رایگەیاند: "دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەمان بەردەوامە و نەوت دەگاتە هەموو هاووڵاتیان".
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری هەولێر، ئاری کاکەشین وتی: "هەموو ساڵێک لە سەنتەری هەولێریش دابەش دەکرێت و ئەم ساڵیش هەروا دەبێت؛ پلانمان ئەوەیە پێش کۆتایی ئەم ساڵ نەوت بدەینە دانیشتووانی سەنتەری هەولێر".
 
پشکی نەوتی پارێزگای هەڵەبجە لە سلێمانییەوە دەنێردرێت. بەرپرسێکی باڵا لە نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەشکرد: "تا ئەمڕۆ 140 هەزار ماڵ لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە نەوتیان وەرگرتووە، کە بەنزیکەی 25 ملیۆن لیتر بووە".
 
تا ئەمڕۆ لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری و دەڤەری هەورامان، هەروەها لە ناوچەکانی ئیدارەی راپەڕین و قەزاکانی بازیان، پێنجوێن و دووکان، ناحیەی عەربەت و ناحیەکانی دیکەی دەوروبەری سلێمانی نەوت دابەشکراوە و لە بەشێکیان دابەشکردن بەردەوامە.
 
لەبارەی سەنتەری شاری سلێمانییەوە ئەو بەرپرسە رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە لە نزیکترین کاتدا دابەشکردنی نەوت لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و ئەوەی ماوە فەرمانی دابەشکردنە بە دەستمان بگات".

کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک رایگەیاند: "بۆ دابەشکردنی نەوت ناوچەکان کراون بە سێ بەشەوە، ناوچە شاخاوییەکان، دەوروبەر و سەنتەر. لە دەوروبەر و سەنتەر 6 ملیۆن لیترمان بەسەر 30 هەزار خێزاندا لە 11 ناوچەی جیاواز دابەشکردووە".
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری دهۆک، کارزان رەئووف دەڵێت: "دابەشکردن بەردەوامە؛ ئەم ساڵ هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لە سەنتەری دهۆکیش هاوشێوەی شارەکانی دیکە نەوت دابەش دەکرێت، کە پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە".
 
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "دابەشکردنی نەوت بۆ زستانی ئەم ساڵ بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێ و ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ ) دەستپێدەکات".
 
لە سەنتەری شارەکان بەرمیلێک نەوت بە 104 هەزار دینار و بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێت هاونیشتمانیان، لە گوندەکانیش بە 105 هەزار دینار.
 
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزانن.
 
ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە