عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: 100% ئه‌مساڵ دو موچه ده‌فه‌وتێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
14 جار خوێنراوەتەوە
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، بڕیارده‌ری ڕه‌وتی هه‌ڵوێست ڕایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت ڕۆژانی 27 و 28ی ئه‌م مانگه 120 ملیار دیناره‌كه ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بكه‌ن و پلانیشیان هه‌یه دوای سه‌ری ساڵ شاندێك ڕه‌وانه بكه‌ن و بڵێن "توانای ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌یان نیه"، هاوكات جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه "100% ئه‌مساڵ دو موچه ده‌فه‌وتێت".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "ده‌بو چوارشه‌ممه‌ی ڕابردو 120 ملیار دینار له لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت، به‌ڵام تائێستا داهاتی شاره‌كانی سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك كۆنه‌كراوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش وایكردوه ناردنی پاره‌كه دوابكه‌وێت و ده‌یانه‌وێت 27 و 28ی مانگ پاره‌كه ڕه‌وانه بكه‌ن، "100% موچه‌ی دو مانگی ئه‌مساڵی موچه‌خۆران ده‌فه‌وتێت خوابكات نه‌بێته سێ موچه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ترسی له‌وه هه‌یه له‌دوای به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق دۆخێك له عێراق بێته كایه‌وه و ئه‌وكات كێشه‌ی دیكه بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران دروستببێت، "هه‌روه‌ها پارتی و یه‌كێتی پلانیان هه‌یه كه دوای سه‌ری ساڵ شاندێك بنێرن و بڵێن 120 ملیار زۆره و توانای ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌یان نیه".
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح پێشتر له لێدوانێكدا باسی لهوهكردبو، كه محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به وه‌زیره‌كانی كوردی وتوه كه چیتر ناردنی پاره‌ی موچه پێویستی به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نیه، بۆیه مانگانه 120 ملیار دیناره‌كه ڕه‌وانه بكه‌ن و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌رده‌وام بێت له به‌رامبه‌ردا پاره‌ی موچه ڕه‌وانه ده‌كرێت.
تا ئێستا موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان موچه‌ی مانگه‌كانی 9 و 10ی ئه‌مساڵیان وه‌رنه‌گرتوه و دیارنیه كه له به‌غداوه ڕه‌وانه ده‌كرێت، به‌ڵام ناردنی ئه‌و پاره‌یه به‌ستراوه‌ته‌وه به به‌رده‌وامی فرۆشتنی نه‌وت و ناردنی 120 ملیار دینار بۆ به‌غدا، كه تا ئێستا ئه‌و پاره‌یه نه‌نێردراوه.
|