مەسعود بارزانی: با دەستوور دادوەر بێ لە نێوان هەولێر و بەغدا

9   کاتژمێر پێش ئێستا  148 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی داوا دەکات دەستوور " دادوەر" بێ لەنێوان هەولێر و بەغدا ، هەڵبژاردنی داهاتوو بتوانێ دۆخێکی سەلامەتتر و تەندروستتر بێنێتە پێش بۆ عێراق و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا."
 
مەسعود بارزانی لە وتارێکدا لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی دەربارەی جینۆسایدی گەلی کورد رایگەیاند: "دۆخێک بێتە پێش کە دەستوور وەکو ئەوەی نووسراوە دادوەر بێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، لەنێوان هەر هاووڵاتییەک و حکومەتیش."
 
مەسعود بارزانی: هێشتا هەندێك ماون لەژێر کاریگەری ئەو فەرهەنگەدان کوردی ئەنفال کرد
 
لە بەشێکی قسەکانی دا لەبارەی هەڵبژاردن و خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق مەسعود  بارزانی رایگەیاند: "هیواخوازم ئەو هەڵبژاردنەی لەپێشە بۆ عێراق، ئیدی دۆخێکی سەلامەتتر و تەندروستتر بێنێتە پێش، دۆخێک بێتە پێش کە ئەو دەستوورەی هەیە ببێتە نێوبژیوان، لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەنێوان هەر هاووڵاتییەک و حکومەتیش، ئەگەر دەستوور نێوبژیوان ببێت، ئێمە هیچ کێشەمان نابێ، بەڵام ئەگەر میزاجی شەخسی بڕیار بدات، کێشەکان بەردەوام دەبن و گەورەتریش دەبن.''
 
ئاماژەی بەوەشکرد :"جێگەی داخە، ئەوەی ئێمە دەیبینین هێشتا هەندێك ماون، لەژێر کاریگەری ئەو فەرهەنگەدان کوردی پێ ئەنفالکرا، نابێ ئەو فەرهەنگە لە عێراق بمێنێت.''
 
مەسعود بارزانی: جیهان قیمەت و قەدری گەلی کورد نازانێ
 
مەسعود بارزانی لە وتارەکەیدا لەبارەی ئەنفال و جینۆسایدی کورد رایگەیاند: "لەسەدەی رابردوو، بە بەرنامە بۆ داڕێژراو جینۆسایدی کورد دەستیپێکرد، لە 1975 تاوەکو 1980 کوردی فەیلی جینۆساید کران، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەن، جگە لە دەرکردنی هەزاران خانەوادەی فەیلی کە سەتان ساڵ بوو لە عێراق دەژیان، لەگەڵ تاڵانکردنی سەروەت و ماڵیان، 12 هەزار گەنجی کوردی فەیلی لە تەمەنی 18 ساڵی تاوەکو 30 ساڵی بێسەروشوێن کران.

رایگەیاند: "ئەوەی بۆ ئێمە دەرکەوت و زانیمان، ژمارەیەکی زۆر گەنجی فەیلی و بارزانیشیان بردبوو بۆ عەکاشات و قائیم و لەوێ چەکی کیمیاییان لەسەر تاقیکرابووەوە.''

بارزانی باسی ئەنفالی بارزانییەکان و قۆناغەکانی دیکەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرد و رایگەیاند: "ئەوانە هەمووی نیشانەی ئەوەن چ زوڵم و ستەم لە کورد کراوە، چ قوربانییەکی داوە بۆ ئەو دەستەکەی بەدەستهاتووە.'' 

هەروەها دەڵێ: "گرنگ ئەوەیە نەوەی داهاتوو بزانێ، چی بەسەر ئەو میللەتەدا هاتووە، بزانن ئەو ئازادییەی بەدەستهاتووە بە چ قیمەتێک بەدەستهاتووە، منەتی هیچ کەسێک نییە و کەس خێری پێنەکردووین.''
 
راشیگەیاند:" لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە جارێکی دیکە ئەو تاوانانە دووبارە نەبنەوە، زەمانەت هەبێ ئەو تاوانانە نە لە کوردستان نە لەهیچ شوێنێکی دیکە دووبارە نەبنەوە، خەڵکی بێ گوناح چۆن بەمشێوەیە شەهید دەکرێن؟.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە