مێسی هۆکاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مەیامی ئاشکرا دەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
45 جار خوێنراوەتەوە
لیۆنێل مێسی داهاتووی خۆی لەگەڵ ئینتەر مەیامی یەکلاکردەوە و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 لەگەڵ یانەکە نوێکردەوە و لە خولی ئەمریکا بەردەوام دەبێت.
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نێو یاریگەی نوێی یانەکەی دەرکەوت کە هێشتا کارکردن تێیدا بەردەوامە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو سێ ساڵی دیکە راگەیێنرا.
لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا، مێسی لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گوتی "هەمیشە بڕیارەکانم لەسەر بنەمای هەست و لایەنی جەستەیی و دەروونیم دەدەم، هەست دەکەم لە مەیامی باش و دڵخۆشم، هاوکات خێزانەکەشم دڵخۆشن، ئەمەش وایکرد بڕیارەکە ئاسان بێت."
خورخی ماس، خاوەنی یانەی ئینتەر مەیامی دەڵێت "نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی تاوەکو ساڵی 2028 رێزگرتنە لە شارە جوانەکەمان، ئێمە دڵخۆشین بە نووسینەوەی بەشێکی دیکە لە مێژوومان لە یاریگەی مەیامی فرێیدەم پارک."
دەیڤید بێکهام، یەکێکی دیکەیە لە خاوەنەکانی ئینتەرمەیامی و گوتی "باشترین یاریزانی مێژوومان هێنایە شارەکەمان، ئەمەش پابەندبوونی ئێمە بە مەیامی پێشان دەدات، هەروەها پابەندبوونی لیۆ بە یانەکە و شارەکە و تۆپی پێی ئەمریکا نیشان دەدات."
لیۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە، لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکادا لە 28 یارییدا 29 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری خولەکە، لە یەکەم یاریی پلەی ئۆفیشدا دوو گۆڵی بەرامبەر یانەی ناشڤیڵ تۆمارکرد و بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی خولەکە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فۆت مێرکاتۆ، مێسی ساڵانە بڕی 11 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت، جگە لە پاداشتەکان کە کۆی گشتی مووچەکەی دەگەیێنێتە 17 ملیۆن یۆرۆ.
گرێبەستەکە تەنیا لایەنی وەرزشی ناگرێتەوە، بەڵکو مێسی سوودمەند دەبێت لە هاوبەشییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەپڵ و ئەدیداس، چونکە بەشێک لە قازانجی رێککەوتننامەی مافەکانی پەخشکردنی یارییەکان، کە هی ئەپڵە و بڕەکەی 215 ملیۆن یۆرۆیە، بە مێسی دەدرێت.
ئەم درێژکردنەوەیە، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ئەوەی مێسی وەکو یاریزان لە یاریگەی نوێی ئینتەرمەیامی بەناوی مەیامی فرێیدەم پارک یاری بکات و دوای ئەوەش کاتێک وازی لە یارییکردن هێنا ببێتە سیمبولێکی یانەکە و تۆپی پێی ئەمریکا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە جامی جیهانی 2026، کە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک میوانداری دەکەن، نزیک دەبێتەوە. مێسی ئارەزووی خۆی بۆ بەشداریکردن بۆ شەشەمجار لە ژیانی وەرزشیدا نەشاردەوە و گوتی: "نزیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا دوورە. ئەم وادەیە هێشتا پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ من."
|