دەزگای ئاسایش: بکەرانی تەقەکردن لە هێمن مامەند دەستگیر کران
2 کاتژمێر پێش ئێستا
9 جار خوێنراوەتەوە
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تەقەکەرانی هێمن مامەندی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد:" مەبەستیان تیرۆرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس ( هێمن مامەند ) بووە و دوو لە تەقەکەرانیش بەرەو هەولێر هەڵاتوون".
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا کە کۆپییەکی بۆ 7ROJ MEDIA نێردراوە رایگەیاندووە: دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد توانیان بکەرانی ڕووداوی تەقەکردن لەڕۆژنامەنووس (هێمن مامەند) دەستگیربکەن و دەستنیشان بکەن.
دەشڵێت: شەوی 2ی9ی2025، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ( هێمن مامەند ) لەگەرەکی عەقاری شاری سلێمانی، لەلایەن دوو کەسی ماتۆڕ سوار کە دانیشتووی هەولێر-بنەسڵاوەن، بەناوەکانی ( ش،ر،م،س ) و ( س،هـ،ر،م ) درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و بە دوو فیشەک بریندار کرا.
پەیوەست بە رێکارەکانیشیان لەسەر ئەم رووداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە: بە بڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی ( 31/406 )لەیاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی ڕووداوی تەقەکردنەکە دەرچووە و بەپێی بەڵگەکان، ئەندامانی تیمەکەیان دەستگیرکراون و دوو تۆمەتباری دیکە لەئەنجامدەرانی تاوانەکە بەرەو پارێزگای هەولێر هەڵاتوون.
راشیگەیاند:لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کۆی پیلانەکەیان بەرنامە دارێژڕاوبووە بۆ تاوانێکی ڕێکخراو، مەبەستیان تیرۆرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووس ( هێمن مامەند ) بووە.
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەکردووە کە لەداهاتوودا ووردەکاری پیلانەکە و زانیاری لەسەر بکەرانی ئەم هەوڵی تیرۆرکردنە بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو.
|