یەکێتیی زانایان: لە ئاهەنگی مەولود دا رێگەپێدراو نییە ژن و پیاو تێکەڵاو بن

8   کاتژمێر پێش ئێستا  81 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ). وتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکان و ئاهەنگەکانی مەولووددا، دروست نییە پیاوان و ژنان تێکەڵاو بن."

د.عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایان بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەو هەموو خەڵکە لە فێستیڤاڵی ئەمڕۆی هەولێر بە مانای گەرموگوڕیی هاووڵاتییان و خۆشەویستییانە بۆ ئەم یادە؛ بەڵام وا باشتر بوو کە شوێنی ئافرەتان و پیاوان جیا بکرێتەوە و تێکەڵاو نەبن، تاوەکو هیچ رەفتارێکی نەشیاو و دوور لە داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردی روونەدات."
 
بە وتەی د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، "لە کۆبوونەوە و ئاهەنگی مەولوود دا، دروست نییە ئافرەتان و پیاوان لە یەک شوێن بن. سەرەڕای ئەوەش، رێنمایی تەواومان داوەتە هەموو هاووڵاتییان؛ کە لە هەر کوێیەک مەراسیمی مەولوود بەڕێوەبچێت، پێویستە رێنماییە ئایینییەکان پێشینەی هەموو بابەتێک بن و هیچ بێڕێزییەک و رەفتارێکی نەشیاوی تێدا روونەدات."
 
وتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو رێکارێکی پێویست لەلایەن ئەوان و وەزارەتی ئەوقافەوە گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر بێ کێشە و بە باشی بەڕێوەبچێت.
 
پارێزگای هەولێر بە پایتەختی مەولوود دەناسرێت؛ لە ناوەندی شار ئاهەنگێکی گەورە ساز کراوە و چەندین سروودبێژی بەنێوبانگ بەشدارن، سەرجەم مزگەوتەکانی شاری هەولێر رازێندراونەتەوە و خواردن و شیرینیی بێبەرامبەر دابەش دەکرێت.
 
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ناوی محەممەد کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولموتەڵیبە، رۆژی 22-04-571ـی زایینی، کە دەکاتە 12ـی رەبیعی یەکەمی ساڵی کۆچی، لەدایکبووە. زیاتر لە 800 ساڵە لە هەولێر یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکرێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە