حیزبوڵڵای عێراق هێرشێکی توند دەکەنە سەر سوودانی

3   کاتژمێر پێش ئێستا  255 جار خوێنراوەتەوە

بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغدا و پێکدادانی ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی، "تەڵەیەک بوو لەلایەن شیعەیەکی خیانەتکارەوە کرا". دەشڵێت، "سوودانی زوویرە لە میدیاکەمان، بۆیە سوپایەکی زەبەلاحی نارد."
 
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا رۆژی دووشەممە، رایگەیاند: "رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغدا و ئەو تۆمەت و کاردانەوەی بەدوایدا هاتن، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا ناوچەکانی پشتێنەی پایتەختدا لەو رووداوانە بێبەش نەبوون، کە بوونەتە شوێنی داعش، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی بەغدا و سەلامەتیی خەڵکەکەی دروستکردووە."
 
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت: "ئەو رووداوە تەڵەیەک بوو کە لەلایەن یەکێک لە خیانەتکارە شیعەکانەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری دز و گەندەڵ. دوای ئەوە، سەرۆکوەزیران بە سوپا زەبەلاحەکەیەوە هێرشی کرد."
 
رووداوەکە 27ی مانگی رابردوو روویدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا؛ ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و بەهۆیەوە پێکدادان روویدا و کارمەندێکى پۆلیسی فیدراڵى کوژرا، دواتر 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
 
ئەبو عەلی عەسکەری دەڵێت، "رەنگە بیانوو بۆ برامان سوودانی بهێنینەوە، بەو پێیەی نوێیە لە کاری سەربازی و ئەمنیدا، ئەو بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە، بەڵام هەرگیز سەرکردەیەکی سەرکەوتوو نەبووە و ناشبێت."
 
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق ئاماژەی بە هەڵوێستیان لە دوای ئەو رووداوە کرد و گوتی: "سەرکردایەتیی لیواکانی حزبوڵڵا بڕیاری داوە، کارەکانی لەسەر پڕۆژەی چواردەوری بەغدا بوەستێنێت و ئەوەی لە دەستیدایە رادەستی سەرکردایەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی بکات، لە هەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بە تووندی لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک بکات کە بانگەشەی کارکردن لەگەڵیدا بکات بەو ناونیشانە."
 
بە گوتەی ئەبو عەلی عەسکەری، "ئەو سوپایەی سوودانی ناردبووی، چەکی قورسیان بەدەستەوە بوو، بە زرێپۆشەوە، هەروەها کارمەندی جەستە پڕ و سمێڵ ئەستووریان تێدابوو، بەرگەی کۆمەڵێک گەنجیان نەدەگرت کە بۆ کوشتنی عێراقییەک نەچوونەتە دەرەوە، بەڵکو بۆ رزگارکردنی خێزانەکانیان رۆشتوون. کەواتە چۆن دەبێت ئەگەر رووبەڕووی چەکدارانی شام و داعشی رۆژئاوا ببنەوە، کە لەلایەن سوپای تەکفیری تاتار و ئێڤۆر و ئەوانی دیکەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە ئەزموونی شەڕی تاوانکارییان کەڵەکە کردووە؟"
 
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دیسان لۆمەی سوپای عێراق دەکات و دەپرسێت، "ئایا جارێکی دیکە لە بەرامبەر تەکبیرەکانیان و هۆڕنەکانیان هەڵدێن؟ ئایا جارێکی دیکە چەک و ئۆتۆمبێلەکانیان لە دەستی هەرزەکارەکانی داعش دەبینییەوە؟"
 
28ی مانگی رابردوو، باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بە هۆکاری روودانی شەڕ و ئاژاوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی ئەو قوربانییانە دەکەین کە لە رۆژی 27ی تەممووز لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا، لەسەر دەستی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کوژران، کە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەلایەن ئەمریکاوە پۆلێنکراوە و سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە".
 
هەمان رۆژ، کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش بە راگەیێندراوێک بێلایەنی خۆی لە شەڕەکە راگەیاند و هێرشی کردە سەر سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و رایگەیاند: "هەڵمەتە میدیاییە چەواشەکارانەکان، قەڵەمە بەکرێگیراوەکان و کاریگەریی پیسی هەندێک لە دەستڕۆیشتووانی دەرەوە لە جەستەی دەوڵەتدا، سەرەڕای باڵیۆزخانەی شەڕ لە بەغدا ناتوانن لە هەڵوێستی نەگۆڕ و بڕیاری یەکلاکەرەوەمان بۆ دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکان لە خاکی عێراق پاشگەزمان بکەنەوە، جا باجەکەی هەرچەندێک گران بێت و قوربانییەکان هەرچەندێک گەورە بن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە