نێردەی ئەمریکا هۆشداری دەداتە هەسەدە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  177 جار خوێنراوەتەوە

نێردەی ئەمریکا هۆشداری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، "هەسەدە، یەپەگەیە و یەپەگەش لقێکی پەکەکەیە." ئاماژە بەوەش دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێندە خۆی بە قەرزداری هەسەدە نازانێت کە هاوکاریی بکات حکومەتێکی سەربەخۆی لەنێو سووریادا هەبێت.
 
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد.
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و رۆڵی ئەمریکا، تۆم باراک وتی، "هەسەدە، یەپەگەیە؛ یەپەگەش لقێکی پەکەکەیە.. یەپەگە لقێکی پەکەکە بوو کە ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵدا کرد بۆ شەڕی دژی داعش."
 
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا لەبارەی بەرپرسیارێتیی واشنتن بەرامبەر کوردی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "هەستێکی گەورە هەیە کە مادەم ئەوان هاوبەشی ئێمە بوون، ئێمە قەرزداریانین. پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە قەرزداری چین؟ ئێمە قەرزداری ئەوەیان نین کە توانای ئەوەیان هەبێت حکومەتی سەربەخۆی خۆیان لەنێو حکومەتێکی دیکەدا هەبێت، بەڵکو قەرزداری ئەوەیانین رێگەیەکیان بۆ خۆش بکەین بۆ چوونە نێو رژێمێکی نوێ، کە تێیدا ژیری هەبێت لەسەر چۆنێتیی تێکەڵبوونیان لەگەڵ یەک حکومەتی سووریادا."
 
باراک رەتیکردەوە ئەمریکا دژی فیدراڵیزم بێت، ئەو پرسەی گەڕاندەوە بۆ هەڵوێستی حکومەتی سووریا و وتی، "سووریا هەڵوێستی وەرگرتووە کە ناتوانرێت سووریایەک لەسەر بنەمای فیدراڵیزم هەبێت.. تەنیا یەک دەوڵەت دەبێت. ئەمە ئەوەیە کە حکومەتی سووریا دەیڵێت، نەوەک ئەوەی ئەمریکا یان رووسیا یان چین دەڵێن."
 
نێردەکەی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی ئاراستەی لایەنەکانی نێو سووریا کرد و رایگەیاند، "ئێمە ئێوە کۆدەکەینەوە، نێوبژیوانی دەکەین، نێوەندگیری دەکەین، بەڵام نامێنینەوە... ئێمە بۆ تاهەتایە لەوێ نابین وەک دایەن و نێوەندگیر."
 
باراک هۆشداریی بە هەسەدە دا و وتی، "هەسەدە هەست دەکەن ئەمریکا بەرامبەریان بەرپرسیارە. ئەمریکا دەڵێت، بەڵێ، ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەرتان کە ژیرانە مامەڵە بکەن، بەڵام ئەگەر ئێوە ژیرانە مامەڵە نەکەن، ئەوا جێگرەوەیەکی دیکە لەئارادا دەبێت."
 
تۆم باراک دانی بەوەدا نا کە کورد لە مێژوودا تووشی نائومێدیی بوون، ئاماژەی بە رێککەوتنی سایکس-پیکۆ کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە داهاتوو لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودایە و رایگەیاند، "هەوڵ دەدەین رێڕەوێک دابین بکەین و دەڵێین، رێگەیەکی روونتان لەبەردەمدایە و هەمووتان دەبێت بڕیار بدەن چۆن تێکەڵ دەبن؛ بەڵام تەنیا یەک وڵات دەبێت، 6 وڵات دروست نابن."دەداتە هەسەدە


   ئەمانەش بخوێنەرەوە