بەریتانیا داوای رێککەوتن لە هەولێر و بەغدا دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر داوا لە هەولێر و بەغداد دەکات، کێشەکانیان لەبارەی بودجە و پرسەکانی دیکەی نێوانیان چارەسەر بکەن.
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد رایگەیاند، "داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین کە ناکۆکییەکانیان لە رێگەی دیالۆگی بنیاتنەرانە بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بکەن''.
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا رایگەیاند، "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین".
هەفتەی رابردوو بەغدا و هەولێر لە گفتوگۆی چڕدا بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە لیژنەیەکی وزاری پێکهێنا، لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت، بڕى بەکارهێنانى ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان و بەجێکردنى مووچە تاوتوێ کراون.
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لێژنەکە و ئەو سکاڵایانە دەکەن، کە لە دادگەی فیدراڵی لە بارەی مووچەوە تۆمارکراون و دادگاکە رۆژی دووشەممە 14-7-2025 تاوتوێیان دەکات.
دوو مانگە بەغداد هیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، نزیکەی 70 رۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
|