لێدوانی نوێی ئەمریکا لەبارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا

7   کاتژمێر پێش ئێستا  780 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە ڕووداوی راگەیاند، دواخستنی بێکۆتایی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا قبوڵناکەن و پێویستە بە زوویی دەست بە هەناردەی نەوت بە بۆریی عێراق و تورکیادا بکرێتەوە، دەشڵێت، سێ کۆمپانیایان لەو راگرتنە زەرەرمەند بوون. 
 
وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند: "لە مێژە وتوومانە گرنگە کە حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە بەزوویی دەست بە وەگەڕخستنەوەی ھێلی بۆریی نێوان عێراق و تورکیا بکەن". دەشڵێت: "سێ کۆمپانیای ئەمریکی بەشێوەیەکی راستەوخۆ زەرەرمەند بوون بەھۆی داخستنی بۆرییەکە، ئەمەش قبووڵکراو نییە". 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەردەوام هانی ھەموو لایەنەکانمان داوە، تاوەکو کێشەکان چارەسەربکەن و دواخستنی بێکۆتایی ئەم بابەتە قبووڵناکەین". 
 
ئەو وتەبێژە جەختی لەوەش کردەوە، "داخستنی بۆریەکە جگە لە خنکاندنی گەشەی ئابووریی عێراق، زیانگەیاندن بە سەرمایەگوزاریی ئەمریکا و برەودان بە کاریگەری ئێران، ھیچ سوودێکی دیکەی نییە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن". 
 
وتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا راشیگەیاندووە: "بۆرییەکە رێگایەکی بەدیلی گرنگە بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕی جیھانی، کە سوود بە ئابووریی ھەرێمی کوردستانی عێراق و عێراق و ھەروەھا ئەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەش دەگەیەنێت کە لێرە (عێراق و هەرێمی کوردستان) کاردەکەن".

هەروەها وتی: "بەکارخستنەوەی بۆرییەکە دەبێتە مایەی سوودگەیاندن بە ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستانی عێراق و عێراق و ناوچەکەش."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە