بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت "گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی"

5   کاتژمێر پێش ئێستا  144 جار خوێنراوەتەوە

هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی بەرایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و پشکی بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت ماوە. بە وتەی بەرپرسی یەکێک لەو کۆمپانیایانە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یان سێ قۆڵی بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو پرسە بکرێت.

تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوویش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەبارەی پرسی رادەستکردن و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کۆبوونەوەدا بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بەمیدیاکانی ڕاگەیاند: "هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت و رادەستکردنى 50%ى داهات. بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیریی ئابووری لەسەر هەمان پرس بکرێت."

شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی کۆبووەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕێککەوتنە بەراییەکە وایە رۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات و 120 هەزار بەرمیلی دیکەش لە نێوخۆدا بەکاربهێندرێت. لەبەرامبەردا بڕیارە تا کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نرخی بەرهەمهێنانی هەر کێڵگەیەک دەخەمڵێنێت، کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێ بدرێت، بەڵام رەزامەندیی کۆمپانیاکان لەسەر ئەو رێککەوتنە ماوە.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان رێککەوتنەکەى پشتڕاست کردەوە و وتویەتی:" رێککەوتنەکە پەسنەدکردنى کۆتایی ماوە. ئەگەر کێشەى بۆ دروست نەبێت، لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسەند دەکرێت".

کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رۆژانى سێشەممە دەکرێت، بەو پێیە بڕیارە یەکى حوزەیران ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت. 

رووداو لەگەڵ بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و رایگەیاند، رازین بە شێوەیەکی کاتی و بۆ دوو مانگ 16 دۆلاریان بۆ خەرج بکرێت بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، بەڵام داوای چارەسەرکردنی سێ پرسیان کردووە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی و لەدوای ئەو دوو مانگەش، بەردەوام بن لەسەر هەناردەی نەوت.

لە 25ى ئاداری 2023 ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. ئەم ساڵ یاسای بودجەی گشتی هەموارکرا و لە 17ـی شوباتەوە چووه‌ واری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە