دەرمانەکانمان لە چ کاتێکدا بخۆین ئەگەر نەخۆشی غوددەمان هەبێت؟
5 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی دەڵێت، نەخۆشانی تووشبوو بە غوددەی دەرەقی تەمبەڵ لە زۆربەی کاتەکان دەرمانی لیڤۆثایرۆکسین بەشێوەی زارەکی و بە گەدەی بەتاڵ بۆیان پێشنیار دەکرێت وەک چارەسەر.
د.عیماد سەدەرەدین پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لە نووسینێكدا ئاماژە بەوە دەكات دەرمانەکانمان لە چ کاتێکدا بخۆین ئەگەر نەخۆشی غوددەمان هەبێت و دەقی نووسینەكەی بەمجۆرەیە:-
نەخۆشانی تووشبوو بە غوددەی دەرەقی تەمبەڵ لە زۆربەی کاتەکان دەرمانی لیڤۆثایرۆکسین بەشێوەی زارەکی و بە گەدەی بەتاڵ بۆیان پێشنیار دەکرێت وەک چارەسەر، ئەمەش لەبەرئەوەی ماددەکانی وەک (cholestyramine resin, sucralfate, ferrous sulfate, calcium preparations, aluminum antacids, raloxifene, activated charcoal, various) و خۆراکەکانی وەک( پاقڵەمەنییەکان و خۆراک و چارەسەرە گیاییەکان) کاریگەرییان دەبێت لەسەر هەڵمژینی و دەرمانەکە بە باشی سوودی لێ وەرناگیرێت، هەروەها بوونی سیستمێکی خۆراکی پڕاوپڕ لە ماددەی ڕیشاڵی و خواردنەوەی چا و قاوە لە بەیانیاندا ڕەنگە ڕێگر بێت لە هەڵمژینی لیڤۆثایرۆکسین، بۆیە کاتێک لەگەڵ خۆراکدا دەخورێت، هەڵمژینی لیڤۆتایرۆکسین ناتەواو دەبێت.
بۆیە پێشنیار دەکەین لەم کاتانەدا دەرمانەکانیان بخۆن:
لە کاتی خەوتندا، بەمەرجێک گەدە بەتاڵ بێت.
نیو کاژێر بۆ کاژێرێک پێش پارشێو.
هەرچی نەخۆشانی تووشبوو بە غوددەی دەرقی خێرایە بە ئاسایی و بەبێ گۆڕینی کاتی وەرگرتنی دەرمانەکانیان دەتوانن لە دوای ڕۆژوو شکاندن و خوانی ئێوارە یاخود دوای پارشێو خواردن دەرمانەکانیان بخۆن.
ئەم ڕێنماییە ئەو نەخۆشانە ناگرێتەوە کە غودەی دەرەقییەکەیان جۆری خێرای توندە و پزیشکەکەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی، بڕێکی زۆر دەرمانی وەک چارەسەر بۆ نووسیویت، لەم حاڵەتەدا زۆرجار پزیشک پشنیاری نەگرتنی ڕۆژووت پێ دەدات ئەمەش بەهۆی لێکەوتە خراپەکانی کاتی بەڕۆژووبوون.
|