كۆتایی ئەمساڵ سوریا و ئیسرائیل پەیوەندیەكانیان ئاسایی دەكەنەوە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  287 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، مەرجی ئەوان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ سوریا ئەوەیە كە بەرزاییەکانی جۆلان لەژێر سەروەری ئیسرائیلدا بێت، بەگوێرەی میدیا عیبیریەكانیش، "گفتوگۆكانی نێوان تەلئەبیب و دیمەشق بەردەوامن و كۆتایی ئەمساڵ بە فەرمی پەیوەندیەكانیان ئاسایی دەكەنەوە".

گیدیۆن سعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی i24NEWSـی وڵاتەكەی ڕایگەیاند، مانەوە و بەردەوامبونی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان مەرجی پێشوەختە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەكان لەگەڵ سوریا. 

ئاماژەی بەوەشكرد، دانپێدانانی دیمەشق بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلان هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی كاتی سوریا، ئەوە بە بۆچونی ئەو شتێکی ئەرێنییە بۆ داهاتوی ئیسرائیلییەکان.

لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرئیل هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی هەمان کەناڵ، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوری، کە پێشبینی کردبو بەر لە کۆتایی ساڵی 2025 ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەكان لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بکرێت.

 سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، گفتوگۆکان تا ئێستاش بە پشتوانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ، بە هاندانی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و لەسەر داوای ئەحمەد شەرع بەردەوامن.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی  ئیسرائیل لەو خاکانەی سوریا کە دەستیبەسەردا گرتبو، دوای ئەوەی لە مانگی (کانونی دوەم/12)ـی 2024ـدا هاتە ناو ناوچەی پارێزراوەوە، لەنێویاندا لوتکەی چیای حەرمون. بەرزاییەکانی جۆلان دەگۆڕدرێن بۆ "پارکی ئاشتی"، بەبێ ئەوەی بەڕونی پرسی سەروەری بەسەریدا ڕون بکرێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە