كۆمەڵ: دەتوانن لە داهاتی ناوخۆ موچەیەك بدەن
4 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕاگەیاند، لەو دۆخەی كە ناوچەكەی تێكەوتوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر خەمساردانە باکیان بە دۆخی خراپی خەڵك نیە، دەتوانن لە داهاتی ناوخۆ موچەیەك بە موچەخۆران بدەن تا لەوە زیاتر دۆخی خەڵك خراپتر نەبێت، دەشڵێت، "برسیکردن، کاریگەری لەسەر توڕەیی کۆمەڵگە هەیە و هەرەشەیە بۆ سەر دەسەڵاتی دەسەڵاتداران".
محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو شەڕەی ناوچەکەی ڕوبەڕوی گرژی کردوەتەوە و ڕونیش نیە دۆخەکە دەگاتە کوێ و تا کەی بەردەوام دەبێت، لە نێو ئەم دۆخە ناجێگیر و پڕلە قەلەقیەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر خەمساردانە باکیان بە دۆخی خراپی خەڵك نیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوە نزیک دەبینەوە لە مانگی حەوت کەچی هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەکردوە، کە ژیان و قوتی زۆرینەی خێزانی کورد لەسەر موچەکەیەتی.
ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ باسی لەوەشكردوە، ململانێی نێوان هەرێم و بەغداد نابێ ببێتە پاساو بۆ ئەوەی بیر لە پێدانی موچە نەکرێتەوە، لانیکەم دەتوانن لە داهاتی ناوخۆ موچەیەك بە موچەخۆران بدەن تا لەوە زیاتر دۆخی خەڵك خراپتر نەبێت.
ئەوەشخستەڕو، برسیکردن لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە و کاریگەری لەسەر توڕەیی کۆمەڵگە هەیە و دەبێتە هۆکاری بۆ ناسەقامگیری هەمەلایەنە لە وڵاتدا و هەرەشەش بۆ سەر دەسەڵاتی دەسەڵاتداران لە هەر وڵاتێکبێت.
|