ئەنجومەنی وەزیران: لە ڕاگرتنی موچەی هەرێم جیهان ئاگادار دهكهینهوه
2025-06-04
371 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، بڕیاری ڕاگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان نادەستووریی و نایاساییە و سزادانی بە کۆمەڵی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و بڕیاریشدا نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستوریی و یاسایی و داراییەکان ڕونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی موچەی هەرێم بکرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمی كوردستان له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوەتهوە و بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە بەدواداچون بۆ بابەتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوە و شەفافانە سەرجەم داتا و زانیاریەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستوەتەڕو".
ئاماژهی بهوهشكرد، لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم ئیمزاکرا بۆ دابینکردنی تەواوی موچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردو حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دەستوری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردوە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردوهتەوە لەسەر مامەڵەکردنی موچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی.
مهسرور بارزانی وتویهتی، "بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو و بیانویەک، قوتی موچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە".
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتوه، "هەر لەوبارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری راگرتنی موچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستوریی و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی موچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان و کار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت، بڕیاریشدرا نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستوریی و یاسایی و داراییەکان ڕونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر کردنی گرفتی موچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستور".
ئهوهش هاتوه، بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە خستنەڕوی نوسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردوە لێخۆشبون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (158) لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سودمەند نەبون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی، پاش خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکەدا.
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتوه، بڕگەی سێیەمی کۆبونەوەکە تایبەت بو بە خستنەڕوی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە، پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕوی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان و سەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداریی و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر بدرێت.
|