پەرلەمانی عێراق داوا دەکات مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت

2025-06-04  352 جار خوێنراوەتەوە

 پەرلەمانی عێراق نیگەرانی خۆی لە بڕیاری وەزارەتی دارایی بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ. 
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت، ئەو رێکارەی گیراوەتە بەرزیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت و قەیرانێکی ئابووری دروست دەکات. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان – عێراق. ئەم رێکارەش بێگومان زیان بە هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت و قەیرانێکی ئابووری دروست دەکات، هەروەها پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستوورە کە مافی هەموو هاووڵاتییانی لە گشت پارێزگاکاندا مسۆگەر کردووە.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات پاشگەز ببێتەوە لە بڕیارەکە، بەتایبەتی کە ئێمە لە ئاراستەی جەژنی قوربانی پیرۆزداین و پێویستە بژێوی خەڵک و شایستە داراییەکانیان بە پرسە سیاسییەکان و بابەتە تەکنیکییەکانەوە نەبەسترێتەوە، و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و دۆسیەکان و چارەسەرکردنی پرسەکان لەنێوان بەغدا و هەولێر.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق


   ئەمانەش بخوێنەرەوە