ترەمپ و ئیلۆن مەسک نێوانیان تێکچوو گەیشتە شەڕە قسە
19 کاتژمێر پێش ئێستا
217 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە رەخنەکانی ئیلۆن مەسک لەسەر پرۆژەیاسا گەورەکەی "زۆر نیگەرانە"، وتی نازانێت ئاخۆ هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ راوێژکارە ملیاردێرەکەی پێشووی بەردەوام دەبێت یان نا. لەلایەکی دیکە، راستەوخۆ دوای سەرهەڵدانی گرژییەکە پشکی کۆمپانیای تێسلا لە وۆڵ ستریت بە رێژەی 8% دابەزی.
رۆژی پێنجشەممە 05-06-2025 لە کاتی سەردانی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ لە یەکەم لێدوانیدا لەسەر بابەتەکە، بە تووندی هێرشی کردە سەر مەسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سپەیس ئێکس و تێسلا.
ترەمپ بە رۆژنامەوانانی وت: "من و ئیلۆن پەیوەندییەکی باشمان هەبوو. دڵنیا نیم بەردەوام دەبێت یان نا."
وتیشی: "زۆر نیگەرانم، چونکە ئیلۆن لە وردەکارییەکانی ناوەوەی ئەم پرۆژەیاسایە باشتر لە هەرکەسێکی ئێرە ئاگادار بوو، کەچی لەناکاو کێشەی بۆ دروستبوو."
چەند خولەکێک دواتر، مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، بانگەشەکانی سەرۆکە 78 ساڵەکە کە گوایە ئەو پێشوەختە ئاگاداری پرۆژەیاساکە بووە "نادروستن."
لەسەر ڤیدیۆیەکی ترەمپ کە دەڵێت مەسک نیگەرانە لە لەدەستدانی یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، مەسک نووسی: "هەرچییەک بێت."
پرۆژەیاسا گەورە و جوانەکە (The Big, Beautiful Bill) پاکێجێکی گشتگیرە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشکێش کراوە، ئامانجی کردنی گۆڕانکاریی بەرچاوە لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
بڕگە سەرەکییەکانی پرۆژەیاساکە:
چاكسازیی باج: پرۆژەیاساکە هەوڵدەدات کەمکردنەوەی باجەکانی ساڵی 2017 بە هەمیشەیی بکات، باج لەسەر بەخشیش، پارەی کاری زیادە و سوودی قەرزی ئۆتۆمبێل لاببات و داشکاندنی باجی ویلایەت و ناوخۆ (SALT) زیاد بکات.
ئاسایشی بەرگری و سنوور: پێشنیازی 150 ملیار دۆلاری زیادە بۆ خەرجییەکانی بەرگری دەکات، کە 25 ملیار دۆلاری بۆ سیستمی بەرگریی مووشەکی "گومەزی زێڕین (Golden Dome) دەبێت و 50 ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی دیواری سنوور و چوار ملیار دۆلار بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی سنوور تەرخان دەکات.
کاریگەریی دارایی: رەخنەگران، لەنێویاندا ئیلۆن مەسک، دەڵێن کە پرۆژەیاساکە لەوانەیە تاوەکو پێنج تریلیۆن دۆلار بخاتە سەر قەرزی نیشتمانی لە ماوەی دەیەی داهاتوودا، ئەمەش سەبارەت بە بەردەوامیی دارایی درێژخایەن نیگەرانی دروست دەکات.
پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند کراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجوومەنی پیرانە.
ئەم پێکدادانە نوێیە کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ ئاهەنگێکی گەورەی ماڵئاوایی لە کۆشکی سپی بۆ مەسک رێکخست کاتێک کۆتایی بە کارەکانی هێنا لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی کارامەیی حکومەت (DOGE) کە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو.
ئیلۆن مەسک رۆژی پێنجشەممە گرژییە ئاشکراکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەرەپێدا و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بەبێ پشتیوانی ئەو، هەڵبژاردنی دەدۆڕاند.
مەسک لە تۆڕی ئێکس نووسی: "بەبێ من، ترەمپ هەڵبژاردنی دەدۆڕاند. چەندە بێوەفاییە."
دوای دروستبوونی گرژییەکان، پشکی کۆمپانیای تێسلا لە وۆڵ ستریت بە خێرایی دابەزی و رێژەی 8%ـی لەدەستدا.
ئیلۆن مەسک لە پۆستێکی دیکەی ئێکس راپرسییەکی دانا و نووسی: "ئایا کاتی ئەوە هاتووە پارتێکی سیاسیی دابمەزرێنین کە نوێنەرایەتیی 80٪ـی خەڵک بکات؟"
|