خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپاوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رۆمانیا بە نموونە
بڵێسە جەبار فەرمان
17/03/2025
290 جار خوێنراوەتەوە
یەکێتیی ئەورووپا بەوە تۆمەتبارە دەکەن کە تەنیا لە کاتێکدا بەرگری لە دیموکراسی دەکەن، ئەگەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانیاندا بگونجێت و لە قازانجی ئەوان بێت
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی رۆمانیا لە ساڵی 2024 دا، نەک تەنها لە ناوخۆی رۆمانیا، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆڵی یەکێتی ئەوروپا کە راستەوخۆ دەستتێوەردانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا کرد، بۆتە جێی پرسیار.
ئەم دەستتێوەردانە رەخنەی لە رۆمانیا و لە وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بەدوای خۆیدا هێناوە.
لێرەدا ئەو ئارگیومێنتانە دەخەینەڕوو کە پرسیار لەسەر شەرعیەتی دیموکراسی لە رۆمانیا و متمانە بە یەکێتی ئەوروپا دروست دەکەن.
رۆمانیا لە ساڵی 2024 رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بۆوە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بوو کە ئاراستەی سیاسی ئەو وڵاتەی لە ئایندەدا دەگۆڕی.
بۆ ئەو پۆستە دوو سیاسەتمەدار خۆیان کاندید کردبوو. مارسێل سیۆلاکو، سەرۆک وەزیرانی ئێستا و سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکرات (PSD) کە بە کاندیدێکی لایەنگری ئەوروپا دادەنرا. کالین جۆرجسکۆ، کاندیدێکی سەربەخۆ کە داوای دوورکەوتنەوەی لە یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەکرد و دژی دروستکردنی بنکەی سەربازیی ئەمریکا بوو لەسەر خاکی رۆمانیا لەبەر ئەوە بە کاندیدی سەر بە روسیا دادەنرا.
خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامێکی نزیک کۆتاییهات. سیۆلاکو ٪21،6ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و جۆرجسکۆش(نزیک لە روسیا) ٪22.
نزیکیی دەنگەکانیان نارەزایی لێکەوتەوە و دەنگۆی تەزویر بڵاوبۆوە. گوایە روسیا لە بەرژەوەندیی کاندیدەکەی تەزویری کردووە. ئەمە لە کەتێکدایە کە زۆربەی راپرسییەکان نیشانیان دەدا کە هاووڵاتیان دژی بنکەی سەربازین و نایانەوێ بچنە جەنگێکەوە هاوشێوەی ئۆکراینا.
یەکێتی ئەوروپا دانی بە هەڵبژاردنەکەدا نەنا و داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی کرد بە بیانووی دەستتێوەردانی دەرەکی و خراپ بەکارهێنانی تیک تۆک بۆ بەرژەوەندیی جۆرجسکۆ.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، رێوشوێنی دژی پلاتفۆرمی تیک تۆک دەستپێکرد، گوایە بانگەشەیان کردووە و کاریگەرییان لەسەر دەنگدەر هەبووە.
جگە لەوەش گوشارەکانی برۆکسل بۆ سەر دادگای دەستووریی رۆمانیا دەستیپێکرد و ئەو دادگایە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی بە نادەستووریی ناساند و بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیدا.
بەمەش رەخنەگرتن لە دەستوەردانی یەکێتی ئەوروپا لە سیاسەتی وڵاتانی تر و پێشێلکردنی سەروەریی رۆمانیا زیادی کرد.
پارتە ناسیۆنالیست و یۆرۆسکپتیکەکان لە رۆمانیا، بە تایبەتی ئەمە وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی دیموکراسی وڵاتەکە ناودەبەن.
ئەوان یەکێتی ئەورووپا بەوە تۆمەتبارە دەکەن کە تەنیا لە کاتێکدا بەرگری لە دیموکراسی دەکەن، ئەگەر دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانیاندا بگونجێت و لە قازانجی ئەوان بێت.
لێرەدا مەترسییەکە لەوەدایە کە لە داهاتوودا هەڵبژاردن تەنیا لەو کاتەدا قبووڵ بکرێت کە لەگەڵ کارنامەی جیۆپۆلۆتیکی یەکێتی ئەوروپا یان زلهێزەکانی دیکەدا بێت.
ئەمەش مەترسیی نامتمانەی بە دامەزراوەی یەکێتی ئەوروپا و دیموکراسی دروستدەکات.
رۆمانیا ئەندامێکی گرنگی یەکێتی ئەوروپایە و رۆڵێکی ستراتیژیی لە ئەوروپای خۆرهەڵات دەگێڕێت. سەرۆکێک کە خۆی لە یەکێتی ئەوروپا دوور بخاتەوە و لایەنگری نزیکبوونەوە لە روسیا بێت، دەتوانێت نەک تەنها رۆمانیا، بەڵکو تەواوی یەکێتی ئەوروپا بخاتە مەترسییەوە. بۆیە یەکێتی ئەوروپا هەڵبژاردنەکەی وەک بابەتێکی گرنگی جیۆپۆلۆتیکی دەبینی.
دەستوەردانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رۆمانیا، دەتوانێت لێکەوتەی سیاسی دوورمەودای هەبێت لەوانە، زیادبوونی گومانی لەو دامەزراوەیە، بەهێزکردنی پارتە ناسیۆنالیستەکان، لاوازبوونی متمانە بە دیموکراسی.
نموونەیەکی تری خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی گشتی: ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19دا، رۆڵێکی سەرەکی بینی لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ یەکێتی ئەوروپا.
لە ساڵی 2020 دا وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەرکی دابینکردنی ڤاکسینی کۆڤید19 یان بە کۆمیسیۆنی ئەوروپا سپارد بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانە لە سەرانسەری ئەوروپا. گرێبەستەکە بریتی بوو لە دابینکردنی 1.8 ملیار ژەمی ڤاکسینی BioNTech/Pfizer.، ئەم گرێبەستە بەهای زیاتر لە35 ملیار یۆرۆ بوو.
لە مانگی نیسانی 2021، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین، لەگەل ئەلبێرت بۆرلا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فایزەر، نامەی گۆڕیوەتەوە و مەرج و نهێنییەکانی گرێبەستەکەی پێ داوە.
دواتر ئەم گرێبەستە درا بە کۆمپانیای فایزەر، ئەم پەیوەندییە راستەوخۆیەی نێوان سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی دەرمانسازی، لەلایەن زۆر کەسەوە بە نائاسایی و ناشەفاف بینرا و گومانەکانی تێوەگلان لە گەندەڵی سەر ئەو دامەزراوانەی زیاتر کرد.
|
هەموو وتارەکانی
بڵێسە جەبار فەرمان