حکومەتێکی دەوڵەمەند و میللەتێکی هەژار

توانا ئەحمەد 17/03/2025   215 جار خوێنراوەتەوە

بەگوێرەی دوا روپێوی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رێژەی هەژاری بەشێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە دابەزیوەو بووە بە 17.5%؜ لەکاتێکدا ئەو رێژەیە ساڵی 2023 زیاتر لە 23% بووەو رۆژانەش 3 ملیۆن و 422 بەرمیل نەوت فرۆشراوە، هەر بەگوێرەی ئەو رووپێوە کەمترین رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەولێر تۆمار کراوە. 

  ئەو رێژەیە وەکو ژمارە دەربڕی لەپاشەکشەی هەژاری ئەکات لەسەرانسەری عیراقدا، بەڵام لەئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری هێشتا هەڵگری رستێک مەترسی و هەڕەشەی جیدیە و ئەو رێژەیە پێمان ئەڵێ لەکۆی ژمارەی دانیشتوان هێشتا زیاتر لە 8 ملیۆن کەس هەژارو بێ دەرامەتن. 

 لە دوا سەرژمێریدا وەک وەزیری پلاندانانی عیراق رایگەیاند،  تێکڕای گەشەی دانیشتوان ساڵانە 2.53% دیاریکراوە. بەو پێیە ساڵانە 1 ملیۆن و 166 هەزار 886 کەس لە عیراق  زیاد ئەبن و  تاساڵی 2030 ژمارەی دانیشتوانی عیراق ئەگاتە 51 ملیۆن 956 هەزار و 433 کەس، بودجەی ئێستای عیراق و کۆی چالاکی ئابووری توانای تێرکردنی زیاتر لە 17% دانیشتوانی عیراقی نییە، کە بۆ ساڵی 2024 کۆی بودجەکەی 211 ترلیۆن دینار بووە، لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی دانیشتوان بەم ئاستە، حکومەتی عیراق چۆن بارتەقای دۆخە دێت؟ ئەمە پرسیاری هەرە سەختە رووبەڕووی عیراق و هەرێمی کوردستان ئەبێتەوە لە داهاتوو.

 بەگوێرەی ئامارەکان زیادبوونی داهاتی گشتی لەعیراق یەکسان نییە بە بچوکبوونەوەی قەبارەی هەژاری، بۆ نموونە  ساڵی 2000 رێژەی هەژاری لە عیراق 22% بووە. بەڵام لەساڵی 2023 بۆتە 23.4%. لە ماوەیەدا ژمارەی دانیشتوان کە 24 ملیۆنەوە بوە بە نزیکەی 42 ملیۆن، لەکاتێکدا ساڵی 2023 داهاتی فرۆشی نەوت گەیشتۆتە 90 ملیار دۆلار، کەچی رێژەی هەژاریش هەڵکشاوە.

  بەگوێرەی داتا رەسمیەکان تا ساڵی 2030 لەسایەی مەترسی دابەزینی نرخی نەوت و بەردەوامی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی داهاتی گشتی هەژاری لەعیراق بەگشتی زیاد ئەکات و بەم دۆخەی ئێستا بێ چاوەڕێ ئەکرێ رێژەی هەژاری لە 5 ساڵی داهاتوو 23% تێپەڕێنێ.

هەموو وتارەکانی توانا ئەحمەد