بزانن یاریكردن بە ئاگری سیاسەت چۆن ماڵی (ئیلۆن ماسك) ی وێران كردووە !
پ.د. سەعید عەلی محەمەد
17/03/2025
816 جار خوێنراوەتەوە
ئامۆژگارییەكی ئاڵتوونی كە دەكرێ پێشكەش بە دەوڵەمەند و سەرمایەدارو وەبەرهێنەرەكان بكرێ ئەوەیە : خۆیان بەیەكجاری بەدوور بگرن لە سیاسەت ، لەپیاوانی سیاسەت ، لەحیزبەكانی سیاسەت ، لە گەندەڵكاران و سەفقە بۆگەنەكانی سیاسەت ، چونكە نزیكبوونەوەی سەرمایەداران لەو مەسلەک و ڕێگاو ڕێچكەیە واتای تووشبوونیانە بەو دەردو بەڵاو ئافەت و چارەنووسە ڕەشەی بینە قاقای سیاسییەكانی گرتووە ! هەر لە لەدەستدانی ناوبانگ و متمانەیانەوە تا دەگاتە ڕەخنە لێگرتن و لێپرسینەوە و سوكایەتی پێكردن و لەدەستدانی شكۆ و كەرامەتیان ! دوور نیە لە كۆتاییەكانیشدا بەدزی و گەندەڵی و یاریكردن بە دارایی گشتیی تۆمەتبار بكرێن و ، ئینجا لەپاڵ پیاوكوژ و تلیاك خۆر و مرۆڤە بەدڕەوشتەكاندا توندی سوچی زیندانەكان بكرێن! سەرمایەدارەكان هەر كەچوونە نێو بازنەی سیاسەتەوە خێرا ڕواڵەتە جوان و دیكۆرە سەرنجڕاكێش و مامەڵە زانستییە توندوتۆڵەكەیان لەبواری ئیدارە و بەڕێوەبردن و پەیوەندی لەگەڵ فەرمانبەرەكانیاندا لەدەست دەدەن ! ئینجا دوای ماوەیەكیش هێلكەباران و تەماتەباران دەكرێن! دووریش نیە لەكتوپڕێكدا وەك ئەوەی لەگەڵ ( ئیمانوێل ماكرۆن ) ی سەرۆكی فەڕەنسا و (جۆرج بۆش )ی كوڕدا ڕوویدا ڕوومەت و دەم و چاویشیان بەر زللە و پێڵاوتێگرتن ببێتەوە!
پێدەچێ ( ئیلۆن ماسك ) ی ملیاردێری ئەمریكی كە دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهانە و ، تا پێش كۆتایی ساڵی ڕابردوو سەروەتەكەی لە (500) ملیار دۆلار نزیك بووبوویەوە گوێی لەم ئامۆژگاریە نەگرتبێ!! چۆن ؟!!
( ئیلۆن ماسك ) پشتیوانیكەرێكی گەورەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ( دۆناڵد ترەمپ) بوو ، ( 130 ) ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو هەڵمەتە بەخشی ، تەنانەت هەندێك لە بەڵگەنامەكان دەڵێن : نزیكەی (250) ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی سەركەوتنی (ترەمپ) لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەدا خەرج كردووە ! واتە ئەو یەكێك بووە لەو كەسایەتییە هەرە گەورانەی كە گەورەترین پشتیوانی دارایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی كردووە لەمێژووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا!
دوای سەركەوتنی (ترەمپ)یش لە هەڵبژاردنەكاندا ( ئیلۆن ماسك) و كۆمپانیا عیملاقەكانی زۆرترین فۆكس و چاویان لەسەر بوو لەلایەن كەناڵەكان و ئاژانسەكانی هەواڵەوە ، دەستكەوتە داراییەكانی ( ئیلۆن ماسك) لەو هەڵبژاردنانەدا بە هەزارەها جار زیاتر بوو لەو ڕێژە پشتیوانیە داراییەی كە بۆ هەڵمەتەكانی (ترەمپ) بەخشیبووی ! ئەو دوای سەركەوتنی (ترەمپ) تەنها لەماوەی (6) ڕۆژدا (70) ملیار دۆلاری دەستكەوت و ، سەروەتەكەی لە (320) ملیار دۆلارەوە بۆ (489) ملیار دۆلار سەركەوت و زیادی كرد ! واتە سەروەتەكەی (ماسك) لەسەرەتای ساڵی 2025 وە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەڵا پووڵیەکان / ئاکچەکانی كۆمپانیاكانیەوە بڕی (105) ملیار دۆلار زیادی كرد ، لەوانەش : كۆمپانیای (Tesla) و ، كۆمپانیای (SpaceX) ، ئەمە وایكرد ناوبراو خەون بەوەوە ببینێ ببێتە یەكەم ترلیۆنێری جیهان و ، خەونەكەشی بەرەبەرە لە پێشبینییەكانی ڕابردووی نزیك دەبوویەوە ، كە ئەو بڕوای وابوو تا ساڵی 2027 ئەو خەونە دێتەدی!
بەڵام وەك دەركەوت دڵخۆشبوون و شەوق و كەیفی دەستكەوت و قازانجە ملیارییەكانی ( ماسک ) زۆر درێژەیان نەكێشاو پاشەكشەیان كرد ، دوا بە دوای ئەوەی ناوبراو بووە كاراكتەر و یاریكەرێكی گرنگیی نێو ئیدارەكەی (ترەمپ) و ، وەك وەزیری بەشدار لە وەزارەتی نوێی ( كەفائەت و لێوەشاوەیی) حكومەتدا دامەزرا و ، بووە بەرپرسی بەشی كەمكردنەوەی قەرزە گشتییەكان! لێرەوە ئیتر بەریەككەوتنی ڕاستەوخۆ لەنێوان (ئیلۆن ماسك) و سیاسییەكان و ڕای گشتیدا دروست بوو ، بەتایبەت كاتێك کە ناوبراو سەرۆكایەتی پلانێكی تایبەت بە خەرجییە حكومییەكان و ، لەسەر كار لابردنی دوو ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەری فیدڕاڵی لە ئەستۆ گرت ! (ئیلۆن ماسك) بەهۆی سەرپەرشتیكردنی سیاسەتی توندی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك لە وەزارەتەكان و ڕاگرتنی هاوكارییە دەرەكییەكان ڕۆژ بە ڕۆژ مامەڵە و بەركەوتنی لەگەڵ ئیدارەكەی ترەمپ و وەزیرەكانی حكومەت زیاتر و بەرفراوانتر دەبوو!! تا ئەوەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر -- بەپێی چەند هەواڵێك کە دزەیان پێكرا -- بەهۆی بابەت و پرسی خەرجیەکانەوە ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەنێوان (ئیلۆن ماسك) و (ماركۆ ڕۆبیۆ)ی وەزیری دەرەوەدا ڕوویداوە ، ئەمە جگە لەسەرهەڵدانی گرژی و ناكۆكیش لەنێوان ماسك و (شۆفی دافی) وەزیری گواستنەوە و چەند بەرپرسێكی تری ئیدارەكەی ترەمپ! تا كار گەیشتۆتە ئەوەی (ترەمپ) دەستێوەردان بكات و داوا لە (ئیلۆن ماسك) بكات تەنها ڕاوێژ پێشكەش بە وەزیرەكان بكات و هیچی تر! سەرەنجام بەهۆی ئەو کێشمە کێشمەوە ماسك و كۆمپانیاكانی ڕووبەڕووی زەرەرێكی گەورە و هەڵمەتێكی دژایەتیكردنی كۆمپانیا هاوبەشەكانیان بوونەوە ، جگە لە (29) ملیار دۆلار زەرەری تریش كە تەنها ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو بەر سەروەت و سامانەكەی ماسك كەوت ! ئەمەش تەنها لە دەرەنجامی ئەو ڕۆڵە سیاسییەی كە ئێستا (ئیلۆن ماسك) لە ئیدارەكەی ترەمپدا دەیگێڕێ!
دەوترێ كۆمپانیای (Tesla)ی ئەمریكی كە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەڕێژەی %15 پاشەكشەی كردووە ، كە ئەم ڕێژە پاشەكشەیە لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا گەشتۆتە %45 !
واتە ئەم زەرەر و زیانە داراییە یەك لەدوای یەكانە بوونە هۆی سڕینەوەی سەرجەم ئەو دەستكەوتانەی كە (ئیلۆن ماسك) لەسەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكادا بەدەستی هێنابوون!
ئێستا كۆمپانیا عیملاقەكانی ملیاردێری ئەمریكی (ئیلۆن ماسك) لەسەروشیانەوە كۆمپانیای (Tesla) كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشی چەند ڕووداوێكی تێكدەرانە بوویەوە باجی قورسی ڕۆڵ و ڕاوبۆچوونە سیاسییەكانی ماسك دەدەن و ، بوونەتە قوربانی پشتیوانیە داراییەكانی ماسك بۆ (ترەمپ) و ، پێش (ترەمپ)یش پشتیوانی كردنی پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی ئەوروپا!
ماوەتەوە بڵێین : ڕۆڵی سیاسیی (ماسك) و تێوەگلانی لەسیاسەتەوە ئێستا بۆتە بارێكی قورس و گەورە بەسەر كۆمپانیاكانی و كارە بازرگانی و تایبەتەكانیەوە ، بۆیە ئێستاكە ئەو كەوتۆتە نێو دووڕیانێكەوە : یان دەبێ دەست لەدنیای سیاسەت هەڵگرێ و وازبێنێ ، یان ئەوەتا دەبێ ڕووبەڕووی ئەو چارەنووسە تاریكە ببێتەوە كە ڕووبەڕووی سیاسییەكانی تریش دەبێتەوە!
|
هەموو وتارەکانی
پ.د. سەعید عەلی محەمەد