خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ دەستوری نوێی سوریا و ئاینده‌ی كورد و دیموكراسیه‌ت
د.ئیدریس عەبدول کاکە
16/03/2025
467 جار خوێنراوەتەوە
پاش روخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد و رزگار بوونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لەدەست ئەو رژێمەی کە نێوسەدە بەئاگرو ئاسن خۆی سەپاند بوو بەسەریاندا ، رۆژی ٨/ ١٢ / ٢٠٢٤ کرا بە رۆژی ئازادی نيشتيمانی و گەلی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە دڵخۆش بوون بەو رووداوە مێژووییە ، بەڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م دڵخۆشیه بەشێکی زۆری خەڵک و چاودێرانی سیاسی به‌گومانه‌وه له ئایندەی ئەو وڵاتە ئه‌ڕوانن, چونكه ئەوەی لە ئێستادا دەسەڵاتی گرتۆته دەست گروپێکی توندەرەوی ئیسلامین کە تۆمەتبارن بە هەبوونی پاشخانی تیرۆیستی و جیهادی, هەرچەندە له‌لایه‌كی تره‌وه ئەوەی کە هەستی پێ ئەکرێت ئەو گروپە چەکدارە بە هێزو توانای خۆیان رژێمەکەی ئەسەدیان نەروخاندووە بەڵکو ئەوە سەفقەیەکی سیاسیە کە ئەوانی هێناوەتە سەر گۆرەپانی دەسەڵات و ئەبێت گوێرایەڵی ئەو هێزە نادیارەبن کە لە پشتەوەی شانۆکەوە خاوەندارێتی ئەو گەمە سیاسیە دەکات، بەهەر حاڵ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئەم بابەتە هێشتا زووه کە بتوانین هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین و چاوه‌ڕوان ئه‌بین له‌كردارو ئاكاریانه‌وه گۆرانكاریه‌كان ببینین.
لە رۆژی ٢٩ / ١ / ٢٠٢٥ ئەحمەد شەرع لە ئەتمۆسفیرێکی تەواو سەربازیدا بەرگی سەرۆک کۆماری لەبەرکراو و بوو بەیەکەم سەرۆک کۆماری سوریا لە سەردەمی ئازادبوونی ئەو وڵاتەدا.
سەرۆک کۆمار لەیەکەم هەنگاویدا سەرۆکایەتی کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتیمانی سوری (مؤتمر الحوار الوطني السوري ) کرد لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ / شوباتی ٢٠٢٥ ، هەرچەندە کۆنگرەکە پەلەپروسکێ یەکی زۆری پێوە دیار بوو و بە کرچ و کاڵی بەسترا، چونکە له کۆنگرەكه‌دا بەشێک لە پێکهاتە رەسەن و کاریگەرەکانی ئەو وڵاتە پشتگرێ و بێبەش کرابوون لەوانە (کورد، درۆزەکان، عەلەویەکان) کەواتا کۆنگرەکە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای سوری ناکرد، لە کاتێکدا چاوەروان ئەکرا ئەم کۆنگرەیە شوێنی ئاشتکردنەوەی پێکهاتە جیاوازەکان بێت کە ساڵانێکی دورودرێژ بێبەش بوون لەمافە سەرەتاییەکانی خۆیان و چەوسێندرابوونه‌وه، ئه‌بێت له سوریایه‌كی ئازاد‌دا پشك و نه‌خشیان هه‌بێت.
هه‌روه‌ها لەهەنگاوی دواتردا لە رۆژی ٢ / ٣ / ٢٠٢٥ سەرۆک کۆماری سوریا لیژنەیەکی لە ( ٧ کەس کە دوانیان ژن بوون ) لە دادوەران و پسپۆرانی یاسا دەست نیشان کرد و رایسپاردن کە پرۆژەی دەستوری کاتی سوریای نوێ ئامادە بکەن، بەهەمان شێوەی کۆنگرەکە لەم پرۆسەیەشدا هیچ ڕۆڵێک بەپێکهاتەکان نەدراو دواجار لیژنەکە لەماوەیەکی کورتتدا پرۆژەی دەستوری نوێی سوریایان پێشکەش بەسەرۆک کۆمار کرد و لە مەراسیمێکی تایبەتتدا واژوی لەسەرکرد .
دەستوری کاتی سوریا ئەبێتە بنەماو نەخشە رێگای کاردکردنی دەسەڵاتی کاتی، ئەم بەڵگە نامەیە پێک دێت لە پێشەکیەک و ٥٣ مادە ، بۆ ئەو مەبەستە لێرەدا خوێندنەوەیەکی خێرا ئەکەین بە نێو هێڵە سەرەکیەکانی دەستورەکەداو بەراودی ئەکەین لەگەڵ یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغى راگوزەری عێراقی ساڵی ٢٠٠٣:
١- دەستورەکەی سوریا لە پێشەکیەک و پەنجاو سێ مادە پێک هاتووە، له كاتێكدا دەستوری عێراقی لە پێشەکیەک و شەست و سێ مادە پێك هاتبوو.
لە رووی ناوەرۆکەوە ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین له پێشه‌كیه‌كه‌دا دەستورە عێراقیەکە زیاتر پەیگیری کردووە سەبارەت بە ددیموکراسیەت و ئازادیەکان و کرانەوە بەروویی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا.
2-دەستوره سوریه‌كه (11) ماده‌ی سه‌ره‌تای بۆ بنه‌ما گشتیه‌كان ته‌رخان كردووه، به‌ڵام له دەستوره عێراقیه‌كه‌دا بریتیه له (10) ماده.
ئه‌لیف: ماوه‌ی راگوزه‌ر له دەستوری عێراقدا به (30) مانگ دیاری كراوه، به‌ڵام دەستوره سوریه‌كه له ماده‌ی (52) دا ئه‌م ماوه‌یه‌ی كردووه به (5) ساڵ , كه ئه‌توانین بڵێین ئه‌مه یه‌كێك له خراپترین ئاماژه‌كانی دەستوره سوریه‌كه‌یه كه له‌و ماوه درێژه‌دا ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی خستۆته به‌رده‌ستی سه‌رۆك كۆمار كه ئه‌گه‌ر رێگریه‌ك نه‌بێت هه‌نگاو به‌ره‌و سیته‌مێكی تری تۆلیتاری ده‌نێت.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه ماده‌ی (1) دەستوره‌كه پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریای كردووه به ده‌سته‌واژه‌ی ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی و زۆر جه‌ختی له یه‌كێتی جوگرافی و سیاسی ده‌وڵه‌ته‌كه كردۆته‌وه كه ئاماژه‌یه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سیته‌می فیدراڵی و هه‌ر جۆره دابه‌شكردنێكی سیاسی، واتا دەستوره‌كه جه‌ختی له ده‌وڵه‌تی ساده كردۆته‌وه و به‌هه‌مان شێوه له‌ماده‌ی (7) دا به قوڵی فۆكسی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردۆته‌وه‌و به ده‌سته‌واژه‌ی ( جوداخوازی) بیری سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ی خۆنوسینی به ته‌واوه‌تی ره‌ت كردۆته‌وه ئه‌مه‌ش وه‌كو ئاڵه‌نگاریه‌ك بۆ كورد و درۆزو عه‌له‌ویه‌كان دانراوه ، به‌پێچه‌وانه‌ی دەستوری عێراقی كه له‌ماده(4) ده‌وڵه‌تی عێراقی به ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی، فیدراڵی و فره‌یی پێناسه كردووه.
ب:ماده‌ی (2) دەستوره سوریه‌كه جه‌خت له بنه‌مایی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئازادی و كه‌رامه‌تی هاوڵاتیان ئه‌كات، ئه‌مه خاڵێكی ئه‌رێنی دەستوره‌كه‌یه و له كاتێكدا دەستوره عێراقیه‌كه چه‌ندین ماده‌ی ته‌رخان كردووه بۆ پاراستنی ئازادیه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان وه‌كو ماده‌كانی (11 و 12 و 24).
ت:ماده‌ی (3) دەستوره سوریه‌كه تایبه‌ته به بابه‌تی ئاینی ، كه ئاینی سه‌رۆك كۆماری دیاری كردووه ( ئیسلام) و ئازادی ئاینه‌كانی تریشی به‌رجه‌سته كردووه، ئه‌م بابه‌ته دوو رویی هه‌یه له‌لایه‌كه‌وه ئه‌توانین بڵێین تا راده‌یه‌ك ئه‌رێنی له بری ئه‌وه‌ی ئاین به‌سه‌ر كۆی ده‌وڵه‌تدا بسه‌پێندرێت ته‌نها كراوه به ناسنامه‌ی سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌كه سه‌رۆكایه‌تی بێت له جیاتی په‌رله‌مانی ئه‌وكات ناسنامه‌ی سه‌رۆك ئه‌بێت به‌ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش له هه‌مان كاتتدا. به‌ڵام دەستوره عێراقیه‌كه له ماده‌ی (7-أ) دا ئاینی ئیسلامی كردووه به ئاینی ده‌وڵه‌ت.
ج: ماده‌ی (4) زمانی عه‌ره‌بی كردووه به تاكه زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام عێراق له ماده‌ی (9) دا زمانی كوردیشی له پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا به فه‌رمی ناساندووه و دانیشی ناوه به زمانه‌كانی توركمانی و سریانی و ئه‌رمه‌نیدا بۆ بواره‌كانی خوێندن.
ح:ماده‌ی (6) تایبه‌ته به دیاری كردنی ئاڵای سوریا، كه ئاڵاكه‌ی له دەستوره‌كه‌دا دیاری كردووه كه ده‌بوایه ئه‌مه‌ی بهێشتبایه‌ته‌وه بۆ یاسا و پێویست نه‌بوو له دەستوره‌كه‌دا ره‌نگ و شێوازه‌كه‌ی دیاری بكات وه‌كو ئه‌وه‌ی له ماده‌ی (8 ) دەستوره عێراقیه‌كه‌دا هاتووه.
خ: ماده‌ی (8) له كۆتا برگه‌یدا وه‌كو خاڵێكی ئه‌رێنی خۆی پابه‌ند كردووه به بنه‌بڕكردنی هه‌موو جۆره‌كانی توندڕه‌وی و رێزگرتن له ماف و ئازادیه‌كان. له‌كاتێكدا دەستوره عێراقیه‌كه له چه‌ندین شوێندا ئه‌م پابه‌ندیه‌ی زۆر به‌فراونتر به‌رجه‌سته‌كردووه.
د: ماده‌ی (14) مافی به‌شداری كردنی سیاسی و دامه‌زراندنی حزبی سیاسی دابین كردووه، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی عێراق له ماده (13) كردوێتی.
ڕ:ماده‌ی (17) دوو بنه‌مایی یاسایی به‌رجه‌سته‌كردووه كه له زۆربه‌ی دەستوری وڵاتاندا به‌رجه‌سته‌كراون ئه‌ویش بریتین له بنه‌مای ( به‌یاسایی بوونی تاوان و سزا- مبدء قانونیة الجرائم والعقوبات) و ( بێتاوانی تۆمه‌تبار تاكو چه‌سپاندنی تۆمه‌ته‌كه به‌سه‌ریدا- المتهم بريء حتى تثبت إدانته) ئه‌م ماده‌یه ئه‌توانێت ده‌سته‌به‌ری زیاتری ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان بكات. به‌هه‌مان شێوه ماده‌كانی ( 18 و 19 و 20 و 21 و 22 و 23) پابه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی دیاری كردووه به به‌شێكی زۆر له‌و مافانه‌ی كه له جارنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤدا هاتوون و یاساكانی سه‌رده‌م له‌به‌رچاوی گرتوون كه هه‌موو هاوڵاتیه‌كی سوری به بێ جیاوازی ئه‌توانن لێی سودمه‌ند بن .
ز: سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر فراوانی پێدراوه كه ئه‌توانین بڵێن هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی له خۆیدا كۆكردۆته‌وه به‌پێی ماده‌كانی ( 24، 32، 34، 35،36،37،41) ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی پێكه‌وه كه له‌ماده‌كانی (36و37و38و39و40و41و42) دا هاتووه ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له عێراقدا زۆر كه‌متر و چوار چێوه‌دارتره و زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له ئه‌نجومه‌نه‌كاندا كۆبوونه‌ته‌وه (كۆمه‌ڵه‌ی نێشتیمانی / په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران).
س: ماده‌كانی ( 43 تاكو 47) تایبه‌ته به‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دانی به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا ناوه‌و سیسته‌می دادوه‌ریه‌كه‌ی به‌دوو ئه‌نجومه‌نی پێناسه‌كردووه واتا ( دادگای ئاسایی و دادگای ئیداری). هه‌روه‌ها له دەستوری عێراقی ماده‌كانی (43 تاكو 51) بۆ ته‌رخان كردووه‌و له هه‌ردوو دەستوره‌كه‌دا بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌جه‌سته‌كراون و دادگاكان به‌سه‌ربه‌خۆ دانراون و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نابێت له‌سه‌روی دادگاوه هه‌بێت جگه له‌یاسا.
ش: ماده‌ی (48) كه له سێ بڕگه پێكهاتووه كۆتایی به‌و یاسا‌و رێوشوێنانه ئه‌هێنێت كه رژێمی پێشوو له ژێر ناونیشانی تیرۆر و یاخی بوون دادگایی نائاسایی و یاسایی حاڵه‌تی فریاكه‌وتنی خێرای بۆ راگه‌یاندبوو، به‌و هۆكاره‌وه سه‌دان هاوڵاتی سوری له زیندانه‌كان توند كردبوو و ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری درندانه‌ی دژیان به‌كارئه‌هێنا، ئه‌مه‌ش كارێكی سروشتیه‌و دەستوری عێراقیش هه‌مان رێوشوێنی گرتبوه‌به‌ر له ماده‌كانی (6و58) به‌تایبه‌تی و له به‌شێكی زۆری بڕگه‌و ماده‌كانی تریشدا جه‌خت له بنه‌بڕكردنی كاریگه‌ریه‌كانی رژێمی پێشوو كراوه.
ع: له‌م دەستوره‌دا لایه‌نی راسپێردراو به نوسینه‌وه‌ی دەستوری هه‌میشه‌یی دیاری نه‌كراوه، واتا ئه‌م بابه‌ته‌ش ماوه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆك كۆمار كه به چ میكانیزمێك هه‌ڵده‌ستێت به ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ی دەستوری هه‌میشه‌یی وڵات.
له‌كۆتاییدا ئه‌توانین بڵێین ئه‌م دەستوره هه‌رچه‌نده هه‌میشه‌یی نیه و كاتیه باوه‌شی كردۆته‌وه بۆ گۆرانكاری و به‌رچه‌سته‌كردنی مافی هاونیشتیمانی بوون به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی به‌رفراوانی به‌خشیه‌وه به‌سه‌رۆك كۆمار تاكو ئه‌و ئاسته‌ی رێگا خۆشكه‌ربێت بۆ تاك جه‌مسه‌ری و دروست كردنی دیكتاتۆریه‌ت به شێوازێكیتر، له‌لایه‌كی تره‌وه دەستوره‌كه وه‌كو پێویست ڕه‌چاوی هه‌مه‌ره‌نگی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوری سوریایی نه‌كردووه‌و خۆی به‌ستۆته‌وه به‌سیسته‌می ده‌وڵه‌تی ساده‌و به هه‌ستیاریه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ شۆفێنیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و عروبیه‌ت كردووه.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی كه جێگای مه‌ترسیه درێژی ماوه‌ی قۆناغی راگوزه‌رو ده‌سه‌ڵاتی فراوانی سه‌رۆك كۆماره، ئه‌گه‌ر رێگری لێ نه‌كرێت و كه‌شوهه‌وای بۆ له‌باربێت گومان ده‌كرێت سوریا به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی بچێت و له‌و حاڵه‌ته‌شدا كورد له رۆژئاوا توشی به‌ریه‌ك كه‌وتن و ململانێی قهوڵتر ئه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا.
ئه‌وه‌ی جێگای ئومێده بوونی هه‌یمه‌نه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه به‌سه‌ر ئه‌حمه‌د شه‌رع و ده‌سه‌ڵاته‌كیدا ، هه‌روه‌ها بوونی كورد له‌باكورو رۆژهه‌ڵاته‌وه وه‌كو دیفاكتۆیه‌كی كارگیری و سیاسی و سه‌ربازی و له هه‌مان كاتتدا یه‌كگرتوویی درۆزه‌كان و نزیكیان له ئیسرائیله‌وه له روویی جوگرافی و په‌یوه‌ندیه‌كانه‌وه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌گه‌ڵ كوردانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تی ، ئه‌وه جگه له بوونی عه‌له‌ویه‌كان ئه‌گه‌رچی رێژه‌ی دانیشتوانیان كه‌مه‌و تاكو ساڵانێكی تر ئه‌بێت باجی كرده‌وه‌كانی ئه‌سه‌د بده‌ن هه‌رچۆن سونه‌كانی عێراق باجی سه‌دام حسێنیان دا.
كه‌واته ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه بۆ رۆژئاوای كوردستان له‌م دەستوره‌دا ئه‌و كه‌موكورتیانه‌یه كه‌باسمان كرد، چونكه كورد لایه‌نگری دەستورێكی سێكۆلاره‌و ئه‌یه‌وێت له ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیدا بژێت كه مافه‌كانی چ وه‌كو هاوڵاتیه‌كی سوری و چ وه‌كو تایبه‌تمه‌ندیه نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوریه‌كانی مامه‌ڵه‌یی دیموكراسیانه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و زمانه‌كه‌ی به‌فه‌رمی رێگه پێدراوبێت و بتوانێت به‌ئازادی كه‌لتورو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆی گه‌شه پێبدات.
له كۆتاییدا به‌هیوام كورد‌و درۆزه‌كان و هێزه عیلمانی و پێشکەوتوخوازه‌كانی سوریا بتوانن رێگری بكه‌ن له دروست بوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی و سوریا به‌ره‌و لامه‌ركه‌زیه‌ت هه‌نگاوبنێت.
|
هەموو وتارەکانی
د.ئیدریس عەبدول کاکە