سێ سەرنج لەسەر بڕیارەكەی دادگای سلێمانی
د.كامیل عومەر
15/03/2025
416 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە نووسراوێک کە واژۆی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد'ـی پێوەیە، دوو بڕیاری لەبارەی رۆژنامەنووسانەوە دەرکرد.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر راپەڕاندنی کارەکان بڕیارماندا بە:
یەکەم: دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سکاڵایانەی کە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت.
دووەم: سەرجەم داواکانی سەرەوە لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگای کەتنی سلێمانی/6 دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەیان.
بڕیارەكەی داگای سلێمانی، تەنها دوو لایەنی كارگێڕی لە خۆی گرتووە:
- دیاركردنی دادگای پسپۆڕو تایبەتمەند بە كەیسەكانی رۆژنامەنووسان، كە ئەمە لایەنێكی گرنگەو ئیتر شپرزەیی لە فرە دادگایی لەم كەیسانەدا نامێنێت.
- جەختكردنەوە لە كاركردن بە یاسای ژمارەی 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەریی لە كوردستان، نەك كاركردن بە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969و یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی قەدەغەكردنی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن.
بەڵام سێ سەرنجی پێویست لەسەر بڕیارەكەی سەرۆکایەتی دادگا دەخەمەڕوو:
یەكەم: ئەو یاسایە لە (2007)ەوە دەركراوە، پێویست لەوكاتەوە بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ كەیسی رۆژنامەنووس تەنها كار بەو یاسایە بكرایە نەك یاساكانی دیكە، ئێستا كە 18 ساڵ بەسەر بەركابوونی یاساكەدا تێپەڕبووە، تازە بەتازە بڕیاری جێبەجێكردنی دەردەچێت، لەكاتێكدا دەبوو تائێستا ئەو یاسایە بەپێی ئەو گۆڕانكارییە حەوهەرییانەی لە میدیادا روویانداوە، چەند جار هەموواربكرایەتەوە.
دووەم: خاڵێكی گرنگ كە دەبوو لە بڕیارەكەدا هەبووایەو نیە، كۆتاییهێنان بوو بە دەستووەردانی دامەزراوەی ئەمنی ئاسایش لە گرتبەری رێكارو رێوشوێنە یاساییەكان لە دژی رۆژنامەنووسانو دەستگیركردن و بەندكردنیان، كە ئەمە پێشێلكاریی دەقی یاساكەیەو هیچ ریپێدانێكی بۆ ئاسایش تێدانیە، وەكئەوەی ئێستا رۆژنامەنووسێك بەناوی (بەشدار بازیانی) لە ئاسایش بەندكراوەو دەستبەسەركراو، كە ئەوە كاری پۆلیسی محەلیە نەك ئاسایش.
سێیەم: كێشەی رۆژنامەنووسان، لە یاسای رێكارەكانی لێكۆڵینەوەی دادوەریدایە (قانون اصول محاكمات الجزائیە) كە رێدەدات بە دادوەر رۆژنامەنووس بۆ رۆژێك و چەند رۆژێك وەك هەر تۆمەتبارێكی دیكە بە ئەنجامدانی تاوانەكانی تر ابگرێت یان (توقیف) بكات، ئەم راگرتنەش لەلایەك پێچەوانەی كرۆكی یاسای رۆژنامەگەرییە، لەلایەك دژ بە ئازادی كاری رۆژنامەنووسیەو رۆژنامەنووس لە ئەركەكەی دادەبڕێت.
كەواتە، بڕیارەكە هێندەش گرنگ نیە، كە هەندێكمانی هێناوەتە هەلەكە سەما لەبەرئەوەی كێشەی گەورەكانی چارەسەر نەكردووە، گرنگە رۆژنامەنووسانو ئەكادیمییانی میدیاو رێكخراوە میدیاییەكانو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ دوورخستنەوەی دەسەڵاتی سیاسیانەی ئاسایش لە كەیسەكانی رۆژنامەنووسو گۆڕینی ئەو یاسایانەی كە ئاستەنگن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەنوسیی.
* پسپۆڕ لە ئێتیكو یاسای راگەیاندن
|
هەموو وتارەکانی
د.كامیل عومەر