بڕوخێ زۆنی زەرد، بژی زۆنی سەوز
عوسمان گوڵپی
17/11/2026
129 جار خوێنراوەتەوە
گریمان ئێمە بوینە هەرێمی سەربەخۆ؟ گریمان بە فەرمی بوینە ئیدارە و عێراقیش مامەڵەی لەگەڵ کردین، گریمان نەك ئیدارە و هەرێم بەڵکو بوینە وڵاتیش، کێ بەڕێوەی دەبات؟ هەر یەکێتی نیە، ئێ یەکێتیش خۆ خەڵکی بۆ هاوردە ناکا هەر ئەو بەرپرسانەی ئێستا نین؟
ئەی مەگەر تا ئێستا کێ زۆنی سەوزی بەڕێوە بردوە؟ ئەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن کاندیدەکانیان شانازیان بەوەوە نەکرد کە فەرمانی وەزیرەکانی پارتی جێ بەجێ ناکەن، ئەی نەیانوت هەولێریش وەر دەگرینەوە، ئەوە یانی سلێمانی و هەڵەبجە لە جێبایە و لای ئێمەیە هەولێر ماوە ئەویش وەر دەگرینەوە
کەواتە ئێمە ببینە وڵاتیش حاڵی خەڵک لەمە باشتر نابێ، جیاوازیەکە یەك شتە، ئێستا دەڵێت بە فەرمانی سەرۆکی شارەوانی فڵان پارچە زەویمان فرۆشت، ئەوکاتە ئەڵێ بە فەرمانی وەزیری شارەوانی فڵان زەویمان فرۆشت.
باشە کێ تۆی فەرمانبەری فڕێ داوەتە دوور ترین شوێن و زەوی لە شوێنێك پێداوی پارەی تاپۆکردنی ناکاتەوە؟ کێ هێزی بۆ هێنای کاتێک لە عەربەت کە ڕێگری لە تەنکەرە نەوتە دزراوەکان کرا، کێ ئەم هەموو گەندەڵیە ئەکا لە سلێمانی؟ پاڵاوگەکانی عەربەت و دووکان هی کێن و بۆ نەوت و سوتەمەنی هەرزان ناکەن؟ کێیە مەرزی فری هەیە لە پێنجوێن و شوێنەکانیتر؟ کێ بوو هێزی بردە سەر ماڵەکانی پێنجوێن لە پێناو بەستنی پرۆژەی ڕووناکی، کێ بوو موچەی مامۆستایانی بڕی لەبەر ئەوەی هەژماری منیان پڕ نەکردۆتەوە، ئەگەر ئەمانە هێزیترە و یەکێتی لێی بێ ئاگایە با دڵخۆشبین بە داهاتووی زۆنەکەمان، جا ئێستا پاشکۆیەکیشی دوای خۆی خستوە، هەر بۆ ئەوەی بڵێین ڕەحمەت لە کفن دزی پێشوو.
سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی سەوز، دوو ڕۆژ پێش ئێستا وتی پێشتریش هەر دوو ئیدارە بووین، واتە یەک دینار داهات نەچووەتەوە بۆ هەولێر، واتە ئێمە خۆمان ئیدارەی خۆمان بەڕێوە بردوە، ئەم قسەیە هەموو ئەو قسانە بە تاڵ دەکاتەوە کە دەڵێت ئەگەر ئیدارەکە جیاوازبێت دۆخمان وەک ئێستا نابێ و باشی ئەکەین، ئەی ئەگەر وایە بۆ چەند ساڵە باشیان نەکردوە، بۆچی لە پاڵاوگەکانی خۆیان نەوت و بەنزینیان بە نرخێکی گونجاو نەداوەتە خەڵکی زۆنەکەمان، تا ئێستا پێکەوە هاوار بکەین بڕووخێ زۆنی زەرد و بژی زۆنی سەوز
بۆیە زۆر بە ڕوونی دەڵێین، یەکێتی و پارتی دوو دیوی یەك دراون، تەواوی زۆنی زەرد پارتی لێی بەرپرسە و تەواوی زۆنی سەوزیش یەکێتی.
ئەوانەی لە سەنگەری یەکێتیەوە دژی پارتین و ئەوانەشی لە سەنگەری پارتیەوە دژی یەکێتین وەك یەکن، بەنسبەت ئەوانەی کە دژی ئەم شێوازە حوکمڕانیەن.
|
هەموو وتارەکانی
عوسمان گوڵپی