کاتێک مرۆڤ و مرۆڤایەتی پێکەوە دەمرن
هەڤاڵ عارف
17/11/2026
1325 جار خوێنراوەتەوە
مارتن لوسەر کینگ ڕابەری مافە مەدەنییەکان، لە یەکێک لە دەربڕینە مرۆییەکانیدا ویژدانی مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم مەحەکێکی مـۆڕاڵی و دەڵێت: (پرسیارەکە ئەوە نییە، کە ئەگەر بوەستم و یارمەتی ئەم مرۆڤە بدەم، چی بەسەر مندا دێت؟ پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئەگەر نەوەستم و یارمەتی نەدەم چی بەسەر ئەودا دێت؟) ئەوەی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆیەکی کوردستاندا رویدا و بینیمان، دەقاودەق بەرجەستەبونێکی واقیعییانەی دیوی دوەمی ئەو پرسیارە ئەخلاقییەی مارتن لوسەر بو.
کاتێک (زیلان)ی جوانەمەرگ لە لوتکەی تامەزرۆترین ساتەکانی تەمەنیدا و لەسەروبەندی چنینەوەی خەرمانی (١٦) ساڵ مەشەققەت، شەونخونی و ماندوبون، دوای ڕەنجێکی درێژخایەن و خۆڕاگرییەکی بێوێنە، لەبەردەم ئاڵنگاری و وێستگە سەختەکانی خوێندن و ژماردنی چرکەساتە قورسەکانی چاوەڕوانیدا، وێڕای هەمو تەنگوچەڵەمە و نشێوییەکانی ژیان، بە کۆڵێک هیوا و خەون و خولیای داهاتوەوە، پێش ئەوەی لەسەر شانۆی ئاواتەکانی کڵاوی سەرکەوتنەکەی بەرەو ئاسمان فڕێ بدات، وەک گوڵێکی تازەپشکوتو لەپڕ لەبەردەم چاوی هەمواندا ژاکا و کەوتە سەر زەوی، هەر لەوێشدا دوایین هەناسەی خۆی سپارد، دیمەنێکی هێندە ویژدانتەزێن و ناخـهەژێن بو، زەحمەتە هیچ هەستێکی زیندو بتوانێت وێنای ئەو تابلۆ ژاناوییە لە دەرونی خۆیدا بکێشێت، کە تێیدا زیلان لە چرکەساتی ماڵئاواییداو لەیەکـکاتدا بە دەستێک بڕوانامەی دەرچون و بە دەستێکی دیکەشی بڕوانامەی دوایین ساتەکانی ژیانی پێکەوە وەردەگرێتەوە.
خەمە قوڵەکە تەنها مردن نییە، چونکە مەرگ هەرچەندە تراژیدیاش بێت، دواجار بەشێکە لە چارەنوسی مرۆڤ و قەدەرێکی حەتمی ئیلاهییە، زو بێت یان درەنگ لێی قوتار نابین، لە هەر کات و مەکان و مەکانەتێکیشدا بێت هەر یەخەمان پێ دەگرێت. بەڵام ئەوەی لە چیرۆکی ماڵئاوایی(زیلان)دا جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەیە، ئەو بێباکی و بێدەربەستییەی بەشێک لە هاوپۆل و هاوئەکادیمییەکانی چواردەوری بون، وەک ئەوەی چەند بستێک لەولاترەوە جیهانێکی دیکە بێت یان هەر هیچ روینەدابێت، وەک ئەوەی کەوتنی هاوڕێکەیان، تەنها وەرینی گەڵایەکی پاییز بێت لەسەر شۆستەیەکی بێگیان و بێباک، لە ناوجەرگەی ئەو کۆستەدا، بزە و پێکەنینەکان، ئاراستەی ڕوخسارەکان بۆ زومی کامێرای مۆبایل و چرکەکان بۆ تۆماری دڵخۆشییەکان بەردەوام بون و تەزویەک بە هەڵوێستی کەسیاندا نەهات، ژانەکە لێرەدایە، ئەو هاوقافڵانەی زیلان، کە لەو ڕێڕەوە ئامادە کرابون تا هەریەکە و لە سەنگەرێکی ئەکادیمی و پیشەیەکی جیاوازەوە بچنە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە، کەچی لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی مرۆڤبوندا، هەر لە تەنیشتیانەوە خودی زیلان گیانی سپارد و کەسێک نەبو ئاوڕێکی لێ بداتەوە!
ئــیتر ئینسانیەت لە کوێی زانست و مەعریفە لە کوێی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئێمەدایە؟ خەونێک لەپڕ دەژاکێت، هیوایەک لەناکاو دەمرێت، ڕۆحێک بە بێنازی دەتارێت و دەکەوێتە سەر دامێنی ساردوسڕی زەوی، کەچی نە خورپە و ڕاچڵەکینێک، نە بەهاناوەچون و خۆدانەواندنەوەیەک، نە تەنانەت چرکەیەک ڕاوەستان! باشە ئێمە کەی وا فێر کرابوین و لە کەیەوە وا لە خۆمان نامۆ بوین؟
لە کاتێکدا پاشخانی مرۆڤدۆستی و گیانی هاریکاری لە کەلتوری کوردەواری ئێمەدا، لەسەر ئاستی نەتەوە، کۆمەڵگە، خێزان و تاکیش، هەمیشە نەریتێکی دەوڵەمەندی ڕەچەڵەکی و بۆماوەیی و غەریزەیەکی پراکتیکی پاک و ڕەسەن بوە لە جەوهەری مۆڕاڵ و ئاکارماندا، نەک دەقێکی تیۆریی نێو لاپەڕەکان،
کـەواتە، لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا، بەها مرۆڤایەتییەکانمان چییان لێ بەسەرهات؟ ئەو بەهایانەی، کە ڕۆژگارێک لە سایەیاندا حورمەتی مەینەتی و نەهامەتییەکان لە سەروی هەمو شتێکەوە بو، کاتێک لە کۆڵانێکدا ماڵێک کۆستێکی دەکەوت، زەماوەندی حەوت گەڕەک بێدەنگ دەکرا و دەنگی قاقا و زەردەخەنەکان کپ دەکرانەوە، ماتەم سیمای شار و خەمیش ڕومەتی دەرودراوسێی دادەپۆشی، کەوتنی مرۆڤێکی بێگانەش لەسەر شۆستە و شەقامێکدا، بەس بو بۆ ئەوەی دەیان دەستی نەناسراو بۆ هەستانەوەی درێژ بکرێن.
کاتێکیش غەریبترین ڕێبوار لە ساردوسڕترین شەوەکاندا لە سوچێکی شاردا دەبینرا، دەرگای گەرموگوڕترین دیوەخانەکانمان بۆ دەخستە سەرپشت، هەر ئەمەش نا، میللەتێک، لە ڕابردوی خۆیدا تەنانەت لە ئاست تینوێتی و بێپەنایی باڵندەیەکیشدا بێدەربەست و بێـموبالات نەبوە، چۆن دەکرێت ئێستا مرۆڤێک لە تەنیشتمانەوە بمرێت، نەک هەر دەستێکی بۆ درێژ نەکەین، بەڵکو بەوپەڕی خەمساردییەوە بەلایدا تێپەڕین و هەنگاوەکانمان خێراتر بکەین؟ کەی لە خەسڵەت و نەریتمەندیی ئێمەدا مرۆڤ هێندە بێـشکۆ و مەرگیش هێندە بێبایەخ بوە؟
سەرئەنجام، کۆچی زیلان لە ڕۆژی دروێنەکردنی خەونەکانیدا، هەر برینێکی قوڵی نەخستە نێو ویژدانمانەوە، پەردەشی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵماڵی و پێشانی داین، کە لە روی ئاگایی و هەستەوە هێندە لە یەکتر دابڕاوین مەرگی یەکێکمان نابێتە روداو لە جیهانی ئەوی دیکەماندا! ئەم نامۆبونەش پێمان دەڵێت ئێمە لە چ دۆخێکی مەترسیدار، لە چ خەوێکی قوڵ و غەفڵەتێکی پوچگەراداین!
سەردەمێک، کە هێندەی لە خەمی ئەوەداین لەناو چوارچێوەی شاشەکاندا دڵخۆش و بێخەم دەرکەوین، نیو هێندە باکمان بەو واقیعە تاڵە نییە لە دەرەوەی شاشەکاندا دەگوزەرێت! جەنجاڵی داهێنان و جادوی تەکنەلۆژیا، لەژێر پەردەی شارستانیەت و روکاری بریقەداری مۆدێرنێتەدا، تەنها شێوازی پەیوەندییەکانمانی نەگۆڕیوە، بەڵکو کرۆکی مرۆڤبونیشی لە ناخماندا هەڵکۆڵیوە، دەنا دەبێت چ زریانێکی سارد بەسەر ڕۆحی ئەم مەملەکەتەدا هەڵیکردبێت، وا سۆز و میهرەبانی لە سینەکاندا بەستوویەتی و داتەپیوە؟
سەعدی شیرازی لە شاکاری گوڵستانـدا جوانی فەرموە، ئەو دەڵێت: (ئەگەر تۆ لە دەرد و ئازاری مرۆڤانی دیکە بێخەم بیت، شایستەی ئەوە نیت ناوی مرۆڤت لێ بنرێت). مخابن، ئەمڕۆ تەپوتۆزی دونیای مەجازی لەسەروبەندی ئەوەدایە ڕەسەنایەتی مرۆڤایەتی و ڕۆحی هاودەردیی ئێمە بەتەواوەتی دابپۆشێت و بەها باڵاکانمان بشێوێنێت، بەرەو قۆناغێکی وا سەختمان پەلکێش دەکات، کە لە ئاست کاڵبوونەوەی میهرەبانی و هاوخەمیماندا، بەناچاری بڵێین: ئەی سەردەمی زێڕینی کەلتور و بەهای کۆمەڵگەی ئێمە، سەری وەرچەرخان و پێشکەوتنت خۆش!
|
هەموو وتارەکانی
هەڤاڵ عارف