سیخوڕی و فاشیزم.. !
د.عەدالەت عەبدوڵا
29/09/2026
159 جار خوێنراوەتەوە
یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردە گەورە، بەڵام شاردراوەکانی ئێستا، کە کۆمەڵگەی کوردی و ئازادییە سیاسییەکانی، بە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی بیرکردنەوەو رەفتاریشەوە، هەڵدەتەکێنێ و وێران دەکات، هاوکات متمانەو پەیوەندی و ئارامیی تاک و کۆمەڵ هەڵدەگرێت و هیچ نرخێک بۆ راپەڕینەکانی ئەم میللەتە لە پێناوی ئازادیدا ناهێڵێتەوە، دیاردەی بە سیخوڕکردنی ژمارەیەکی بێ سنوری تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەسەر کۆمەڵگە خۆیەوە!، بەسەر دەنگە دلێرو بوێر و هەقبێژەکانییەوە، لەگەڵیدا بەخشینی رەواج و بەهایە بە پیشەیەکی سووکی وەک راپۆرتنووسینی رۆژانەی زارەکی و نوسراو لەسەر جوڵەو دەنگی مرۆڤە مەرد و بە ویژدان و جوامێرەکانی ناو کۆمەڵگا.
ئەم (سیاسەت)ە ترسناکە، بە ئاگاوە بکرێت یان بێ ئاگا، سەرەتای دروستکردنی فاشیزمە.. هەموو رژێمە فاشییەکان وا رەفتاریان کردووە و کۆمەڵگەیان وەک دوژمنێک بینیوە کە دەبێ بەرهەڵستکارانی ناوی پاکتاو بکرێن و بێدەنگکراوانیشی، چاودێری..
فاشیزم، ئەگەر هەزار و یەک دەرکەوت و سیفەتی هەبێت، ئەوا یەکێکیان بریتییە لە فراوانکردنی تۆڕەکانی سیخوڕیکردن لەناو کۆمەڵگەو بەسەر کۆمەڵگە خۆیەوە و بەخشینی ئیمتیازە بە سیخوڕەکان وەک هۆکارێک بۆ ئاساییکردنەوەی ئەخلاقیاتی سیخوڕیکردن و تۆقاندنی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەش لەناو هەموو پانتاییەکی کات و شوێندا، بە رادەیەک کە ئیتر تاقە بوارێک بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن کە سیخوڕییان بەسەرەوە ناکرێت، ئەوە بێت کە بچنە ریزەوەو پەیوەندی بەکۆمەڵگەی سیخوڕانەوە بکەن! کە بەداخەوە کۆمەڵگەیەکی تایبەت و رۆبۆتیک و کۆنترۆڵکراو و لە مرۆڤخراوە.
|