ئەمریکا لەنێوان شکستی حەسمکردن و ئیدارەدانی قەیرانەکاندا
هەڤاڵ عارف
20/09/2026
1086 جار خوێنراوەتەوە
تەنگژە و قەیرانە قوڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بارودۆخ و ئاسایشی ناوچەکەیان خستووەتە نێو ئاڵنگارییەکی جددییەوە بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ تێپەڕاندنیان بەدیـبکرێت، لەنێویاندا دۆسیەی ئێران بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ ئاماژەیەکی ڕون بۆ ڕێککەوتن یان یەکلاییکردنەوەی لە ئارادا نییە، پەرەسەندنەکانی یەمەن و جموجوڵی حوسییەکان لەسەر گەرووی بابولمەندەب، جگە لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی و ناوچەیی بوونەتە هەڕەشەیەکی ئەمنی بەردەوام و تەنگیان بە عەرەبستانی سعودیە هەڵچنیوە،
گۆڕەپانی سوریاش هێشتا ناسەقامگیرە و ناوبەناو دەبێتە هۆی پێکدادانی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان، بەتایبەت لە نێوان هێزە ناوچەییەکانی وەک (تورکیا و ئیسرائیل) ئەمە جگە لە پرسی گروپە چەکدارەکانی عێراق و چەندین تەنگژەی دیکە، کە دۆخی گشتی ناوچەکەیان هێندەی تر ئاڵۆز کردووە.
سەرەڕای هەمو ئەمانە، لەم کاتە هەستیارەدا دۆناڵد ترەمپ و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، لەگەڵ تەئکیدکردنەوە لە بونی لێکتێگەشتن لەگەڵ حوسییەکانی یەمەندا ئاماژە بە دەرچون لە بازنەی ململانێکانی ئێران دەکەن پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە ٣ی نۆڤەمبەر یان دەستبەجێ لە دوایەوە، بێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی جێگرەوە بۆ حەسمکردنی ئەم ئاڵۆزییە جەمسەرییەی ناوچەکە بخەنە ڕو، لێرەدا پرسیارێکی جددی دروست دەبێت، ئایا ئەمریکا لە ئیدارەدانی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی ئێراندا شکستی هێناوە؟ یان ئەگەر وا نییە، ئامانج و کۆدە شاراوەکانی پشت ئەم خواست و لێدوانانە چین؟
پاشخانی مامەڵەکردنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێمان دەڵێت، واشنتۆن لە هیچ هەل و مەرجێکدا لەگەڵ سەقامگیری تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبووە، بەڵکو هەمیشە کاری لەسەر ئاراستەکردن و تەوزیفکردنی جەنگ و ململانێکان کردووە و لە بەرژەوەندی خۆی ئیستیسماری بەو ئاڵۆزییانەوە کردووە، لەم پێناوەشدا، لەهەر قۆناغیکدا دۆخێکی مەترسیدار و بەرەیەکی گرژیی لە ناوچەکەدا هێشتوەتەوە، بۆ مامەڵەی سیاسی و سەپاندنی هەژمونی خۆی.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ئاماژە و لێدوانەکانی ئەم دواییانەی واشنتۆن بکەین، ڕون دەبێتەوە، کە کشانەوە لە مەلەفی ئێران و گۆڕینی سیاسەت بەرامبەر حوسییەکان، بە مانای پاشەکشە و چونە دەرەوە نییە لە هاوکێشەکان، بەڵکو تەنها تاکتیک و گۆڕینی ڕۆڵە لە گۆشەیەکی یارییەکەوە بۆ گۆشەیەکی دیکەی ستراتیژی، ئەم سینارێویەش، کە لە ئەساسدا (ئیدارەدانی قەیرانە لەبری چارەسەرکردنی)،
داهێنانێکی نوێی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نییە و ڕەگێکی قوڵی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەیە.
محەممەد حەسەنەین هەیکل لە کتێبی (الانفجار ١٩٦٧)دا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە قەیرانی ١٩٦٧ تەنیا شەڕێک نەبو، بەڵکو تەڵەیەکی ئەمریکی بو، بەو پێیەی واشنتۆن ڕاستەوخۆ قەیرانەکەی دروست نەکرد، بەڵام بە وردی ئیدارەی دا و وەک هەلێکی زێڕین قۆستیەوە بۆ تێکشکاندنی پرۆژەی نەتەوەیی جەمال عەبدولناسر، بە بڕوای ئەو، ئەمریکا چاودێری گەرمبونی قەیرانەکەی دەکرد تا لە ساتی گونجاودا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیل هەڵکرد، بەمەش بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خۆی، تواناکانی ئیسرائیلی گەورە کرد و هاوسەنگی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتەواوی بە قازانجی خۆی گۆڕی.
بۆیە دوور نیە واشنتۆن هەمان سیناریۆی خستبێتە گەڕ بەڵام بە میکانیزم و ڕێوشوێنی جیاوازتر، چۆن؟
لەلایەک، کرانەوە بەڕوی حوسییەکان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ڕیاز بۆ لێدان لەو گروپە، زیاتر وەک ئامرازێکی فشار کاردەکات بۆ ملکەچکردنی سعودیە بۆ پڕۆژە هەرێمییەکەی تەلئەبیب، لەگەڵ ئەمەشدا، دەکرێت ئامانجی لەباربردنی(ڕێکەوتنی مەککە)یشی لەپشتەوە بێت هاوشێوەی تێکشکانی پرۆژە نەتەوەییەکەی جەمال عەبدولناسر، چونکە فۆڕمەڵەبونی هاوپەیمانییەکی ئیقلیمی لەو شێوەیە لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا، لە دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە مەترسییەکی ستراتیژییە و پێناچێت تێپەڕێت بەتایبەت، کە تورکیا وەک جەمسەرێکی سەرەکی ڕێکەوتنەکە، لە ململانێیەکی قوڵدایە لەگەڵ ئیسرائیل.
هێشتنەوەی پرسی ئێرانیش بە کراوەیی و بێ یەکلاییکردنەوە، لە بۆشاییەوە نەهاتووە و بەشێکە لە ستراتیژێتێکی گەورەتر، واشنتۆن دەزانێت حەسمکردنی قەیرانەکە پێویستی ناوچەکە بە چەتری ئەمریکا کەم دەکاتەوە، بۆیە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، بەردەوامی ئەم ئاڵۆزییە خزمەت بە سیاسەتی ئیدارەدانی قەیران و تەوزیفی ململانێکان دەکات، ئەمەش دەستێکی کراوەتر بە کۆشکی سپی دەدات بۆ سنوردارکردنی پەرەسەندنی ئەو هێزانەی هەوڵی بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆیان دەدەن، بەتایبەت سعودیە و تورکیا، تاوەکو هیچ کامیان نەبنە هێزێکی باڵادەست و سەربەخۆ لە هاوکێشەی ناوچەکەدا، ڕوونتر بڵێین هەرگیز ڕێی تێناچێت ئەمریکا قەیرانێکی گرنگی وەک ئێران بکاتە قوربانی دەستکەوتی کورتخایەن.
سەرئەنجام، پێدراوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، کە ستراتیژیەتی ئەمریکا لەسەر یاسایەکی نەگۆڕ وەستاوە، هیچ قەیرانێک یەکلا ناکرێتەوە، تاوەکو تەواوی دەستکەوتە ستراتیژییەکانی لێ بەدەست نەهێنرێت و قەیرانێکی نوێش لە شوێنێکی دیکەدا ئامادە نەکرێت، بۆیە، بەکراوەیی هێشتنەوەی ئەم هەمو بەرە ئاڵۆزە لە یەک کاتدا و حەسم نەکردنی هیچ پرسێکیان، نیشانەی شکستی واشنتۆن نییە، بەڵکو ئامادەکارییەکی وردە بۆ سەوداو مامەڵەکردن بە کێشەکانەوە وەک کارتی فشار لە کات و شوێنی گونجاودا.
|
هەموو وتارەکانی
هەڤاڵ عارف