مەسەلەی كەبابەكە

کاروان ئەنوەر 15/09/2026   55 جار خوێنراوەتەوە

دوو هاوڕێ دەیانەوێت بۆ نیوەڕۆ کەباب بخۆن، ئوسوڵی ھەندێک کەس وایە دەبێت یەكێكیان پارەی هەردووكیان بدات. پاشان دەچن بەرەو پیشانگەی فرۆشتنی ترۆمبێل! لەوێدا هەرکەسەو یەك ترۆمبێلی جۆری LADA لادای سور دەكڕن، كە دەیانەوێت پارەی كڕینی ترۆمبێلەكان بدەن، كەبابخۆری پارەنەدەر تەڵاق لە كەبابخۆری پارەدەر دەخوات، یەك دینار نادەیت و ئەوە لەسەر حسابی منە! قسە لەم و قسە لەو.. تەواو پیاو قسەی كردووە و من پارەی لاداكە دەدەم ئەمیش مەكە بە مەسەلەی كەبابەكە!.

مەسەلەی ئەم كەباب و لادایە نوكتەیەك بوو لە كۆتایی حەفتاكاندا دەماودەم باسدەكرا، كاتێك خەڵكی گوندە سنوورییەكان لە پرۆسەی راگواستندا خزێنرانە كۆمەڵگەی زۆرەملێ، لەپارەی نەوتی عیراق قەرەبوو دەكرانەوە، بۆ هەر دۆنمێك زەوی 2500 دیناری عیراقی دەدرا بەو كەسەی بەناویەوە تۆمارکرابوو. ئەم راگواستنە دوودیوی هەبوو، دیوە كۆمەڵایەتییەكەی ئەوەبوو كە خەڵكی شارەکان سەدان نوكتەی قۆشمەیان دروستكردبوو لەسەر شێوازی خەرجكردنی ئەو لێشاوە پارەیە، ئەو قۆناغە بەناوی (كاتی تەعویزەكە) ناسرابوو، هەندێك لەو نوكتانەش راستیی تێدابوو، بەڵام بە ترشوخوێوە خۆشكرابوون، بۆیە بە هەركەس بوترایە (تەعویزە) توڕەدەبوو دەستی بە جنێودان دەكرد.

دیوی دووەم، دیوی راستییە تاڵە تراژیدیا سیاسییەكە بوو: لەدوای هەرەسی شۆرشی کورد و پەیماننامەی جەزائیر لەساڵی 1975، دامەزراندنی (ی.ن.ك) لە ھەمان ساڵ و سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ لە 1976، بیرۆکەی راگواستنی زۆرەملێ و چۆڵکردنی شریتی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا، چووە مێشکی سەدام، کە داڕێژەری بیرۆکەکە و جێگری سەرۆککۆمار بوو، سەرەتا بە چۆڵکردنی 5 کیلۆمەتر، پاشان بە 10 و  15، لە هەندێک شوێنی سنوورەکانی سلێمانی، گەیشتە 30 کیلۆمەتر، خەڵکەکە بەناچاریی ڕاگوێزران بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێکان. بەپێی راپۆرتەکانی ئەو کاتەی Human Rights Watch، لە ساڵەکانی 1977و 1978، راگواستن گەیشتە ترۆپک، نزیکەی 250.000 ھەزار ھاووڵاتی کورد خزێنرانە موجەمەعەکان، مەبەست لەم پرۆسە بەدناوە، بڕینی خۆراك و شوێنی حەوانەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو، پاشان بەناوی ھۆکاری ئەمنیەوە چۆڵکردنی سنوورەکان بوو. ئەم پرۆسەیە لەزۆر شوێنی تر دژی کوردان بەناوی جیاواز بەکارهاتووە، وەک تەھجیر یان تەبعيد يان تەرحیل یان Cordon Sanitare،  پێشتر لەلایەن جۆزیف ستالینەوە ملیۆنان خەڵکیان لە ساڵی 1944 ئاوارەکرد و لەناویاندا کوردانی جۆرجیا، کە تاکو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە.

بەپێی تۆمارە مێژووییەکان و راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان، سەدام چی پێكرا كردی، ستالینیش زۆر زیاتر، بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تۆبۆگرافیای ناوچەیەکی فراوان و تێکدانی پەیوەندیی دانیشتووانەکەی بە خاک و زەوی و سنوور و ژینگە و گوند و سروشتەوە، خەڵکی ئەم گوندانەیان لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا توندکرد، لەھەمووی ترسناکتر نەھێشتنی جیاوازیی لەنێوان خەڵکی شار و خەڵکی گوند بوو، لە رووی شارستانیەوە نەک جوگرافیا، کە تا ئێستاش کورد باجەکەی دەدات. پێش سەدام، جوزێف ستالین هەمان بیرۆکەی تاقیكردەوە و میللەتی کوردی سۆڤیەتی دابەشکرد بەسەر کازاغستان و تورکمانستان و ئازەربایجان و چیچان و...ھتد، تا ئێشتاش پەرتەوازەیی کوردانی سۆڤیەت یەکنەخراوەتەوە، کەواتە هەڵكەندنی رەگی كورد لەسەرخاكی بابو باپیران، بەرنامەیەك بووە بۆ توانەوە و لەناوبردن و جینۆساید.

سەرباری ئەم كردار و رەفتارە وەحشیانە، پرسیارێکی زۆر کۆمێدی لە مێشکمدایە، ئەویش ئەوەیە: ئەگەر ستالین و سەدام پێکەوە وەک دوو برادەرەکەی سەرەتا، بچوونایە بۆ کەباب خواردن، کامیان پارەی ئەوی تریانی دەدا؟

دڵنیابن کەسیان پارەی ئەوی تری نەدەدا، چونکە ئەم دوو ناوە لەمێژوودا، دوو بەدترین سەرکردەن کە گەلی خۆیان ئاوارەكردووە، خوێنی میللەت و زۆرترین کەسی نزیک و ناسیاو و زاوا و کەسوکاری خۆیانیان بەدەستی خۆیان کوشتوە، تا رۆژی مردنیان یەک كەس ھاوڕێیان نەبووە، ئیتر چۆن پارەی کەباب بۆ یەکتر دەدەن؟!.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.