بیستوپێنجی

کاروان ئەنوەر 31/08/2026   163 جار خوێنراوەتەوە

مامە پیرەیەک، پریاسکەیەکی چڵکنی لە بەردەممدا دانا، وتی: چیم لێدەکەیت؟ فریامکەوە.. چییە خاڵە گیان؟.. دەستی بۆ تورەکەکە درێژ کرد، قوڕگی وشک بوو، کە دەمی توێشەبەرەکەم کردەوە، چیم دی؟؟ سێ بەستەی بیستوپێنج دیناری بەستراو، لە جۆری سەدامی و سێ ئەسپەکە، لەگەڵ نیو بەستەی تریش هەر لە بیستوپێنجی، وتم ئەمە ھی کێیە؟ وتی ئەوە بەری رەنج و شەونخوونی حەفتا ساڵی ئەو ریشە سپیەیە، تەمەنێکی دوورودرێژە، بە بنێشتکردن، قاچاخچێتی ئەمدیوو ئەودیو، شوانی و گاوانی و ئاژەڵداریی... قوڕگی پڕبوو لە گریان.. بڕی پارەكەم زۆرباش لەبیرە، چونكە ھەمووم ژمارد، 8200 هەشت هەزار و دووسەد دینار بوو، لە جۆری (25 دینار)، سێ بەستەی سەدپارچەیی ھەر دانەیەکیان 2500 دیناربوو، لەگەڵ نیو بەستەی تر..عەرزەوحاڵێكم بۆنووسی بۆ قائمقامیەتی هەڵەبجەی شەهید، جۆر و بڕ و وردەكاریم ئاڕاستەی لیژنەی تایبەت تۆمار كرد..

رۆژێكیان لە هەنگاوێكی كتوپڕ و شۆكهێنەردا، ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕش، لە رۆژی 4/5/1993 دا بڕیاری ژمارە 79ی دەركرد كە پارەی (25 دیناری) بە پارەیەكی سوتاو و بێبەها ناساند، ئەگەر لەماوەی یەك هەفتەدا نەیگۆڕنەوە بە چاپە ناوخۆییەكە (طبع)، واتە تا رۆژی 10ی ئایار، سەرجەم پارەكانتان دەبنەوە كاغەز.

ئەم بڕیارە دێزانە بوو (تۆپینی خۆی و زەرەری خاوەنی)، تەنها بۆ شكاندنی ئابووری خەڵكی كوردستان و ئەو وڵاتانەی پارەی عیراقیان لابوو، بەتایبەت ئوردن و وڵاتانی كەنداو، ئێران كەمتر، بڕیارێكی زۆڵانەش بوو بۆ دەرەوەی عیرا ق، چونكە عیراقی عەرەبی خۆیان ئەم پارەیەیان بەكارنەدەهێنا.. جا بزانە چی لە خەڵكی ئێمە قەوما، ئەو بەسەرهاتەی مامەپیرەكە لەسەرەتاوە باسم كرد، یەك لە مایەپوچبوونی خەڵكی داماو و رەشوروتی كوردستان بوو، دڵنیام هەریەك لە ئێوەش دەیان نموونەی تری هاوشێوەی لەیاد و یادەوەریدایە.

لە ترۆپكی گرانی و برسێتیدا بووین، ساڵ ساڵی 1993 بوو، نان نەبوو كەس بیخوات، سەرماوسۆڵە، بێجلوبەرگ، بێمووچە، ترس لە رژێمی بەغداد و ترس لە توركیا و لە ئێران، خەڵك هەمووی گلەیی و گازەندەیان لە نەبوونی پێداویستی ژیان دەكرد، بێكاریی و بێكارەبایی و بێ هەموو شتێكی ژیان، وەك كەوی ناو قەفەس، جگە لە ئازادبوونێك، هیچ تروسكاییەكی تر نەبوو دڵمان خۆش بكات.. ئەو پارەیەی لە هەرێمی كوردستان بەكارمان دەهێنا، جیاوازبوو لە پارەی عیراق، بە پارەی ئێرە دەوترا (سویسری) جۆری كاغەزەكەی تەنها (5، 10، 25) دینارەكە بەكاردەهات، وردە ئاسنەكەش تەنها 1 دیناریی ئاسن لەكاردا بوو، ئیتر ئەوانی تر تەنها بۆ دیكۆر لە ماڵەكاندا مابوون لە (5، 10 ،25، 50، 100، 250، 500) فلس، كە ئەمانیش كەمترین بەهای نەختینەیان هەبوو، بۆیە لەكاركەوتبوون.. پێشتر سیستمی نەختیی عیراق زۆر بە وردی داڕێژرابوو، لەقۆناغێكدا بەهای پارەكەی لە بەهێزترین پارەكانی جیهان بوو، 1 دینار بەرانبەر 3.6 دۆلار بوو، سوپایەكی هەبوو دەیانوت پێنجهەمین سوپای جیهانە لە بەهێزیدا، بەڵام بەھۆی جەنگە نەگریسەكانی رژێمەکەی سەدام لە 1963 جەنگی بەردەوام لەگەڵ كورد تا 1991، جەنگی (ئێران-عیراق) کەنداوی یەکەم لە 1980تا 1988، پاشان جەنگی کوەیت ناسراو بە جەنگی کەنداوی دووەم 1990-1991، کۆتاییەکەشی جەنگی (كەنداوی سێهەم) ئازادکردنی عیراق 2003، کە بەكۆی ئەم جەنگانە، وڵاتەکەو خەڵكی وڵاتەکەشی خستە سواڵ و لەناو بازاڕی بەغداد بەبێ بەها پارەی عیراقی چاپدەكرد، بۆیە پێیان دەوت (گبع).

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، كە لەم رۆژانەدا باسوخواسی لادانی 3 سفرەكەی دیناری عیراق، زۆر گەرمە، گەر هاوشێوەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕش نەبێت، ئەوە لەهەندێك خاڵدا، هەر زۆر لەو بڕیارەوە نزیكە، چونكە لادانی سفرەكان وگۆڕینی پارە، بەمەبەستی دۆزینەوەی بڕێكی زۆر لەو 101 تریلیۆن دینارەی عیراقە، كە بەنەختی (كاغەز) چاپكراوە، كەچی جگە لە بڕی 11 تریلیۆن دینار نەبێت كە لای هاووڵاتیان لەناو بۆفیە و نوێنەكاندا هەڵگیراون، كەمێكیش لای حكومەت و بانكەكانە، ئەوی تر تائێستا بێسەروشوێنە و كەس نازانێت لەچ مەملەكەتێك و لە كوێدا هەڵگیراون!!؟؟ 

هەموو وتارەکانی کاروان ئەنوەر