ڕێکەوتنی هەسەدە و دیمەشق ڕێکەوتنێکی مێژووییە؟
هونەر حاجی جاسم
28/08/2026
149 جار خوێنراوەتەوە
ڕێکەوتنی هەسەدە و دیمەشق ڕێکەوتنێکی مێژووییە یان بەشداریکردنێکی سیاسیی پەراوێزخراوە؟
دوای بەهاری عەرەبی ساڵی 2011، جوگرافیای سیاسی و سنوورە جیۆپۆلۆتیکییەکان و قولایی ستراتیژیی دەوڵەتی سووریا تووشی داڕمانێکی دینامیکی بوو. ئەمەش وای کرد سووریا بکەوێتە ناو جەنگێکی ناوخۆیی زیاتر لە پانزە ساڵی، کە تێیدا هەزاران کەس گیانیان لەدەست بدەن و ملیۆنان کەسیش ئاوارەی وڵاتانی ئەورووپا و هاوسنوورەکانی سووریا بن. لە جەرگەی جەنگی ناوخۆی سووریا و هەژموونی ئیسلامی ڕادیکاڵی سوننیی عەرەبی، هێزەکانی شەڕڤانی کوردی دروست بوون. ئەمەش گۆڕانێکی گەورەی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژی بوو لەناوخۆی سووریا و دۆزی کورد. بە تایبەتی، دوای بەرخودانی شاری کۆبانێ، پێگەی جیۆستراتیژی چووە قۆناغێکی تر. کورد تا ڕووخانی بەشار ئەسەد لە قۆناغێکی سیاسی و چەکداری و ئیداری بوو.
بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە دیسمبەری 2024، کورد و ململانێی گروپەکەی بەرەی نوسرە و جۆلانی پێی نایە قۆناغێکی تری جیۆستراتیژی. ساڵی 2025 بۆ ئیدارەی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەردەمێکی زێڕین بوو، چونکە کورد زیاتر لە ٣٣٪ سووریا بەدەست بوو، نەوت و گازی سووریا بەدەست بوو، ئاسایشی خۆراکی سووریا لە دەست کورد بوو، جگە لەوەی هێزێکی چەکداری زیاتر لە سەد هەزار کەسی لە دەست بوو. لە ڕێکەوتنی نیسانی 2025، کورد بەهێزێکی گەورە و جیۆستراتیژی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ دیمەشق کرد. بەڵام دوای شکستی سیاسی و سەربازیی هێزەکانی سووریایی دیموکرات لە باکووری ڕۆژهەڵات و حەلەب و چەند ناوچەیەکی تر، وای کرد کورد ببێتە هێزێکی بچووکتر لە ڕووی ئیدارەی عەسکەری و خاوەنی هەژموونی سیاسی و عەسکەری و ئەمنی. بەڵام لە ئاستی جەماوەری و پێگەی سیاسی لەناو هەموو پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆراش، کاریگەریی مەزلوم وەک فیگارێکی سیمبولیکی سیاسی و نەتەوەیی کورد دەرکەوت!
دوای شەڕی سەرەتایی ساڵی 2026 و گۆڕانی بالانسی هێز لە سووریا و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێگەی جیۆپۆلۆتیکی کورد لە سووریا لاوازتر بوو. فشارە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە وای کرد کورد لە ئاستی سیاسی و پێگەی جیۆپۆلۆتیکی لاواز بێت. دەرەنجامی ئەم لاوازی و فشارە سیاسییانە سەر هەسەدە دواجار لە ڕێکەوتنێکی چاوەڕوانکراو لە دیمەشق، لەنێوان دیمەشق و مەزلوم عەبدی، کرا. بەشێکی بچووک لە ڕێکەوتنەکە بۆ تێکەڵبوونی کورد بە جەیشی سووری و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی، ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوو لایەن کرا.
من لە ڕوانگەی خۆمەوە ئەم ڕێکەوتنە بە ڕێکەوتنێکی سیاسی و لە ئاستی خەباتی چەکداری و سیاسی نابینم، چونکە نە دەسکەوتی سیاسی بەدەست هاتووە، وەک چەسپاندنی فیدڕاڵی، کۆنفیدڕاڵی، خودموختاری و خۆسەری. ئایا کورد لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیی دیمەشق بەشدارە؟ یان بەشدار دەبێت؟ ئایا وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری لە سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سووریا دەسکەوتێکی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەییە؟ ئایا تەعینکردنی پۆستی ڕاوێژکاری و بەپرسی لیژنەی خاریجی پەرلەمانی کارتۆنی سووریای عەرەبی دەتوانێت بڕیاری سیاسی لە سووریا دروست بکات؟ ئایا پۆستی بریکاری چوارەمی وەزارەتی بەرگری، سیپان حەمۆ، دەتوانێت بڕیاری سیاسی و جولانی هێزی عەسکەری لە دەست بێت؟ ئایا ئەمە ڕێکەوتنە پێی دەگوترێت مێژوویی؟ ئایا زمانی نیشتمانی پێی دەگوترێت زمانی بیرۆکراتی و ئیداری؟ جیاوازیی زمانی فەرمی و زمانی نیشتمانی چییە؟ ئایا پۆستی جینرالێکی گەورەی سەربازیی نەتەوەیەک ببێتە ڕاوێژکارێکی تەعینکراو کە کار بکات لەگەڵ ئەحمەد مۆفەق زێدانی، کۆنە ڕاوێژکاری ئوسامە بن لادن و ڕاوێژکاری ئێستایی جۆلانی؟
لە ڕوانگەی تیۆریی دەسەڵات و بڕیاردانی سیاسییەوە، ئەم پرسیارە جیاوازییەکی بنەڕەتیی لەنێوان «بەشداریکردن» و «خاوەنبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان» دەخاتەڕوو. لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسی، دەسەڵات تەنیا بە هەبوونی پۆست یان نزیکی لە دەسەڵاتدارانەوە پێناسە ناکرێت؛ بەڵکو بە توانای کاریگەریکردن لەسەر ئەو بڕیارانە پێناسە دەکرێت کە دەتوانن دۆخی سیاسی و سیاسەتی گشتی بگۆڕن. Bachrach و Baratz لە تیۆری «دوو ڕووی دەسەڵات»دا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵات تەنیا لەوەدا نییە کە کێ بڕیارێک دەدات، بەڵکو لەوەشدا هەیە کە کێ دەتوانێت دیاری بکات کام بابەت بگەیەنرێتە ناو پرۆسەی بڕیاردان و کام بابەت لە ئەجێندای سیاسییەوە دوور بخرێتەوە.
لە تیۆری George Tsebelis ـیشدا، «veto player» ئەو ئەکتەرە سیاسییەیە کە توانای ڕاگرتن یان گۆڕینی گۆڕانکارییەکی سیاسیی هەیە. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە کورد لە دیمەشق «بڕیاردەری سیاسی»یە یان نا، نابێت تەنیا سەیری ناوی پۆستەکە بکرێت؛ پێویستە بزانرێت ئایا ئەو پۆستە توانای دەستووری و دامەزراوەیی بۆ ڕاگرتن، گۆڕین یان پێکهێنانی بڕیارە سەرەکییەکانی دەوڵەت هەیە، یان تەنها ڕۆڵی ڕاوێژکاری و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانە. ئەوەی لەم نووسینە گرنگە لەبەرچاو بگیرێت، بێلایەنییە لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ڕێکەوتنەکەی دیمەشق و بەڕێز مەزلوم عەبدی. پێویستە سەرەتا ئەوە بزانین کە ڕێکەوتنی مێژوویی چییە؟ عادەتەن، بەر مەبنای ئەو واقیعەی کە کورد تێیدا بوو لە سووریا، ئەم ڕێکەوتنە پێی ناگوترێت ڕێکەوتنێکی مێژوویی، چونکە ڕێکەوتنی مێژوویی واتە بەدەستهێنانی مافی سیاسی و نەتەوەییە. ئەوکات پێی دەگوترێت ڕێکەوتنێکی مێژوویی کە هێزێک وەک سەرکەوتوو ببینرێت، نەک پەراوێز لە پڕۆسەی سیاسیدا.
هەرچی تایبەتە بە پێگە و کاریگەریی مەزلوم عەبدی، بەڕێز مەزلوم پێش واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە سیمبولێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی کورد بوو لەسەر ئاستی هەموو پارچەکانی کوردستان، و هەروەها وەک جینرالێکی خاوەن کاریزما لە شوێنە گشتی و سیاسییەکان دەردەکەوت. بەڵام لێرەوە وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع دەناسرێت. وەزیفەی مستەشاریش زۆر وەزیفەیەکی بچووک و بێکاریگەرە، چونکە ڕاوێژکار تەنیا ڕاوێژی پێ دەکرێت و مەرجیش نییە ڕاوێژەکانی لێ وەربگیرێت. ئێستا پۆستی بەڕێز مەزلوم عەبدی و ئەحمەد مۆفەق زێدانی، کۆنە تیرۆریستی قاعیدە، وەک یەکە. بە بڕوای ئێمە، مەزلوم بە وەرگرتنی ئەم پۆستە نە دەتوانێت مافەکانی کورد لە دەستووری سووریا بچەسپێنێت، نە خاوەنی دروستکردنی بڕیاری سیاسی دەبێت. ئەی پۆستەکانی ئیلھام ئەحمەد و سیپان حەمۆ بەر مەبنای دروستکردنی بڕیاری سیاسیین؟ بێگومان نەخێر، چونکە خەڵکی تەعینکراو بە یەک نامە و تەلەفۆن دەتوانرێت مافی تەعینکراوی هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە ڕووی فاکتە سیاسییەکانەوە، ڕێکەوتنی 10ی ئاداری 2025 بە ڕوونی باس لە «یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریا» دەکات، لەگەڵ گواستنەوەی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کەمینەکانی نەوت و گاز بۆ دەوڵەت. هەمان ڕێکەوتن لە هەمان کاتدا مافی نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت و مافە دەستوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی باس دەکات.
بۆیە لە خوێندنەوەی ئەکادیمی، پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان «ڕێکەوتنی سیاسی» و «دەسکەوتی سیاسی». هەموو ڕێکەوتنێکی سیاسی بە خۆی ناگاتە ئاستی دەسکەوتێکی مێژوویی؛ دەسکەوتی سیاسی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ڕێکەوتنەکە تا چەند دەتوانێت یاسایی و دامەزراوەیی ماف و دەسەڵاتێکی نوێ و بەردەوام دروست بکات. ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لەنێوان «process» و «outcome»: بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی خۆی بە خۆی بە مانای خاوەنبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان نییە.
هەروەها ئەوە سەنگ و قورسایی سیاسی و عەسکەرییە بۆ کورد دروستی کردبوو، هێزی سەربازییەکەی بوو، چونکە لەناو ئەو هەموو ناسەقامگیرییەدا زۆر ئەستەمە کورد بتوانێت خۆی بپارێزێت، چونکە هەموو ئەو هێزە میلیشیا و گرووپە تیرۆریستانە ماون و ڕێک نەخراون لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی. بە مانایەکی تر، هەر دەوڵەتێکی خاوەن نفووز لە سووریا میلیشایەکی هەیە. ئایا کورد لەناو ئەو واقیعە ئەمنی و سیاسییەدا دەتوانێت بەیانی دەسکەوت و جوگرافیای خۆی وەک پێش ڕێکەوتنی مانگی ئابی 2026 بپارێزێت؟ بێگومان نەخێر.
ئەم خاڵە لە تیۆری «state capacity»دا گرنگە، چونکە یەکێک لە نیشانەکانی توانای دەوڵەت ئەوەیە کە دەوڵەت بتوانێت کۆنترۆڵی یەکگرتوو لەسەر هێزی چەکدار، خاک، سنوور و دامەزراوە ئەمنییەکان هەبێت. لە سووریای دوای جەنگدا ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواو نەبووە و فرەیی هێزە چەکدارەکان بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دامەزراندنەوەی دەوڵەت. EUAA لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا باس لە تێکەڵبوونی ژمارەیەک فەکشن لە پەیکەریی نوێی هێزی سەربازیی سووریا دەکات، بەڵام هەمان کات جەخت لەوە دەکاتەوە کە میراثی فەکشنالیزم و ساختاری جیاوازی هێزە چەکدارەکان هێشتا کێشەیەکی بنەڕەتییە.
بەپێی دۆخی نوێی 2026، ئەم پرۆسەیە گۆڕانێکی زۆری بەخۆوە بینیوە: لە 25ی ئابی 2026، هەسەدە ڕاگەیاند کە وەک هێزێکی سەربەخۆی سەربازی کۆتایی بە ئەرکی خۆی دەهێنێت و پرۆسەی تێکەڵبوون بە سوپای سووریا دەکات. Reuters و AP ئەم گۆڕانەیان وەک کۆتاییهاتنی هێزی سەربەخۆی هەسەدە و گواستنەوەی هێزەکە بۆ چوارچێوەی سوپای دەوڵەت ڕاپۆرت کردووە. ئەمە لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە گرنگە، چونکە ئەو هێزە سەربازییەی پێشتر وەک سەرمایەیەکی سەربەخۆی سیاسی ـ سەربازی کار دەکرد، بە شێوەیەکی فەرمی دەخرێتە ناو ساختاری دەوڵەت. لە هەمان کاتدا، نابێت ژمارەی میلیشیاکانی سووریا بە ژمارەیەکی یەکلاکەرەوە پێناسە بکرێت، چونکە زۆرێک لە فەکشنەکان لە ناو ساختاری نوێی وەزارەتی بەرگری تێکەڵ کراون، بەڵام بەشێکیان هێشتا ڕەگ و ڕیشەی فەکشنال و ناوخۆیی خۆیان هەیە. هەڵسەنگاندنەکانی EUAA باس لە نزیکەی 20 دیڤیزیۆنی چالاک لە سوپای نوێی سووریا لە 2025دا دەکەن، لەگەڵ فرەیی فەکشنە چەکدارەکان لە ناوچەکانی تر. لە سوێداش ژمارەی زۆری گرووپی چەکدار لە هەڵسەنگاندنەکانی نێودەوڵەتی تۆمار کراوە.
میدیای ٧ ڕۆژ: ئەمە نیشان دەدات کە کێشەی سەرەکی تەنیا ژمارەی میلیشیا نییە، بەڵکو کێشەکە «یەکخستنی دەسەڵاتی چەک» و دروستکردنی زنجیرەیەکی یەکگرتووی فەرماندەییە.
سەبارەت بە دانان بە زمانی کوردی لەم ڕێکەوتنە وەک زمانی نیشتمانی ناوی هاتووە، زمانی نیشتمانی مانای زمانی ئیداری و بیرۆکراتی نییە، ئەمەش واتە زمانی خوێندن و بیرۆکراتی و ئیدارە. ئەگەر هەمان چەمکی زمانی نیشتمانی لە دەستووری داهاتووی سووریا بچەسپێنرێت، ئەوە پێی ناگوترێت دەسکەوتی نەتەوەیی زمانی کوردی و دەسکەوتی سیاسیی نەتەوەیی.
لە ڕووی زانستیی زمان و یاسای دەستوورییەوە، «زمانی نیشتمانی» و «زمانی فەرمی» یەک چەمک نین. زمانی نیشتمانی بە شێوەی گشتی پەیوەندی بە ناسنامە، مێژوو، کەلتوور و بوونی کۆمەڵایەتیی گرووپێکە؛ بەڵام زمانی فەرمی چەمکێکی یاسایی و دامەزراوەییە و دیاری دەکات کام زمان لە دادگا، بەڵگەنامەکانی دەوڵەت، پەرلەمان، خوێندن، دامەزراوە گشتییەکان و پەیوەندیی فەرمیی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەت بەکاربهێنرێت. لەبەر ئەوە «national language» بە خۆی بە مانای «official language» نییە، مەگەر دەستور یان یاسا ئەو دوو دەسەڵاتەی بە یەکەوە ببەستێتەوە. بۆ نموونە، لە دەستووری عێراقدا مادەی 4 دەڵێت زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمیی عێراقن، و دەستوور بە وردی بوارەکانی بەکارهێنانیان لە دامەزراوەکانی فیدراڵ و هەرێمی و خوێندن و پەیوەندیی فەرمی دیاری دەکات. بۆیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، کوردی تەنیا «زمانێکی نیشتمانی» نییە، بەڵکو «زمانێکی فەرمی»یە. لە سووریای 2026دا ئەم جیاوازییە هەیە، چونکە مەرسومی ژمارە 13ی ساڵی 2026 زمانی کوردی بە «زمانێکی نیشتمانی» ناساندووە و ڕێگە بە فێرکردنی لە ناوچەکاندا داوە؛ بەڵام ئەمە لە وشە و دەقی خۆیدا هەمان ئاستی دەسەڵاتی «زمانی فەرمی»ی دەستووری عێراق دروست ناکات. SANA دەقی مەرسومەکەی بڵاو کردووەتەوە و لە مادەی 3دا بە ڕوونی وشەی «national language» بەکارهاتووە.
دەرەنجامەکانی جیۆستراتیژیی ئەم ڕێکەوتنە پێمان دەڵێت کورد لە سووریا چیتر ئەو ژمارە گەورەیە نییە کە بتوانێت هاوکێشەی سیاسی و عەسکەری و جوگرافیای سیاسی بگۆڕێت. وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری لەلایەن بەڕێز مەزلوم عەبدی واتە خۆبچووککردنەوەیەکی سیاسی و کەسایەتی، کە دوورە لە ڕێزگرتن لە کەرامەتی سیاسی، political dignity. کورد لە سووریا بێ بوونی هێزی سەربازی ناتوانێت لەناو ئەو هەموو میلیشیاکانە خۆی بپارێزێت. هەموو ئەو پۆستانەی کە کورد لە دیمەشق وەری گرتوون، بەشێک نین لە دروستکردنی بڕیاری حکومەت و دەوڵەت. هیچ بەڵێنێکیش نەدراوە کە لە دەستووری داهاتووی سووریا مافە سیاسییەکانی، وەک کۆنفیدڕاڵی، فیدڕاڵی، خودموختاری یان لامەرکەزی، بە کورد بدرێت. ئەمەش واتە بێدەسکەوتی سیاسی. زمانی نیشتمانی پێی ناگوترێت زمانی فەرمی؛ واتە زمانی ئیداری و بیرۆکراتی نییە. ئەمە لە زانستی سیاسی و جیۆستراتیژیشدا پێی ناگوترێت ڕێکەوتنێکی مێژوویی و دەسکەوتێکی مێژوویی، بەڵکو ڕێکەوتنێکە لە پەراوێزی پڕۆسەی سیاسیدا!
لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی ئەم بابەتەدا، پێویستە دوو ئاست لە یەک جیا بکرێنەوە: ئاستی «ناسین و بەشداریکردن» و ئاستی «دەسەڵات و بڕیاردان». ڕێکەوتنی 10ی ئاداری 2025 بەڵێنی نوێنەرایەتی و بەشداریکردنی سیاسی و دامەزراوەیی داوە، و لە 2026دا مەرسومی ژمارە 13 ناساندنی کورد و مافی کەلتووری و زمانییان بە شێوەیەکی نوێ یاسایی کردووە. بەڵام لە ڕوانگەی تیۆریی بڕیاردانی سیاسی، ئەوەی دیاری دەکات کە کێ خاوەنی دەسەڵاتی سیاسییە، تەنیا ناوی پۆست نییە؛ بەڵکو توانای دەستووری، توانای دامەزراوەیی، کۆنترۆڵی ئەجێندای سیاسی و توانای ڕاگرتن یان گۆڕینی بڕیارە سەرەکییەکانە. ئەمە هەمان ئەو جیاوازییەیە کە لە تیۆری Bachrach و Baratz و Tsebelisدا بە شێوەی زانستی جیاواز کراوەتەوە.
لە ڕووی ئەم پێوەرانەوە، ئەگەر کورد لە دامەزراوەکانی دیمەشق پۆست و نوێنەرایەتی وەربگرێت، ئەمە دەتوانێت بەشداریکردنی سیاسی و دەستگەیشتن بە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بێت؛ بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە «دەسکەوتی سیاسیی دامەزراوەیی»، پێویستە ئەو بەشداریکردنە لەگەڵ دەسەڵاتی ڕاستەقینە، ضمانەتی دەستووری و دامەزراوەیی و توانای کاریگەریکردن لەسەر بڕیارە سەرەکییەکان هاوبەش بێت. ئەوکاتیش دەتوانین بلێین ڕێکەوتنی مێژووی، بەلام بەم شێووەی ئێستا لە واقیعدا دەبینرێت بریتیە لە بەشداریکردنێکی سیاسی پەراوێزخراو نەک ڕێکەوتنێکی مێژووی خاوەن دەسکەوتی سیاسی و بەشدار لە درووستکردنی بڕیاری سیاسی!
|
هەموو وتارەکانی
هونەر حاجی جاسم