کارکردن لە دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی!

هادی حەمەڕەشید 06/08/2026   700 جار خوێنراوەتەوە

پارتیی و یەکێتیی دوو حیزبی ئاسایی نین، دوو تەنی سەیرن، دوو دەست و دوو چاو و دوو قاچ و …. یان نییە، ئەوان بەشی دەیان مرۆڤ دەستیان دزیوە، چاویان بردووە، قاچیان تاڵان کردووە، گوێیان فڕاندووە، قاچاغی پەنجەیان کردووە، زمانیان بڕیوە، سەرانەی لوتیان سەندووە…!

ئێستا یەکی دەستێکیان لەناو حیزبەکانە، چاو و گوێیان لەوێیە، حیزبەکان و ئەوان ئاوێزانن، مەحرەمی ڕازن!
یەکی دەستێکیان لە میدیایە، لە شەقام و مزگەوت و بازاڕ و زانکۆ هەموو جێگایەکن!
وەک لە ڕۆمانی ١٩٨٤دا ئەم دەست و گوێ و چاوانە پێوەری خۆیانیان هەیە، پێوەرێک کە ٢+٢=٥!

بە زمانی زانستی سیاسییش ڕوونی بکەینەوە؛ لە کوردستاندا مرۆڤ مەحکومە بەوەی کە یان لەناو سیستمەکەی یەکێتیی و پارتییدا کار بکات، یان دژی سیستمەکە بێت، لەهەر کوێی سیستمەکەدا کار بکەیت، واتە لەناو خۆیاندایت، خۆبەخۆ بەشێکیت لەوان!

سیستمی سیاسیی ڕەنگڕێژی ئەوە ئەکات کە تۆ ئەتوانیت لەدەرەوەی هێزی باڵادەست کاربکەیت یان نا، لە بنەڕەتدا ئەوە سیستمە کە ڕێگا ئەدات هێزی باڵادەست دروست بێت یان سنوور ئەکێشێت بۆ بە غۆل بوونیان!

ئالان دۆنۆ لە کتێبی #سەردەمی_پڕوپووچیی ـدا ئەڵێت: لە سیاسەتەوە پێمانخزاوەتە ناو سیستمی حوکمدارییەوە.

سیستمێکی دیموکراسیی جێگای شانازییە کاری تێدا بکەیت، گرنگیش نییە لە کوێی دیمەنە سیاسییەکەدایت، بە پێچەوانەی سیستمی تۆتالیتارییەوە نەنگییەکی گەورەیە کە کاری تێدابکەیت، جا لە هەر کوێی دیمەنەکەشدابیت هێشتا تۆ بەرکار و پاسیڤیت!

بە سانایی دەوڵەت واتە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، واتە بوونی دەسەڵاتە جیاوازەکان؛ دەسەڵاتی دادوەریی دەستکراوە و بێلایەن، کە پاسەوانی سیستمەکەیە و ناهێڵێت پێشێلی دەستووریی هەبێت!
دەسەڵاتی یاسادانان کە هەڵبژێردراوی خەڵک بێت و بە ئەرکەکانی خۆی لە دانانی یاساکان و متمانەدان بە کابینەی وزاریی و چاودێریی و لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانە ئەگەر پێویستی کرد!
دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە یەکەیەکی بڕیاردەری ڕوون و دادپەروەرە.
دەسەڵاتی چوارەم کە میدیایە، زمانی دەسەڵاتە لەیەک، میکانیزمی ڕوونکردنەوەی هەڵوێست و ڕاگەیاندنی بڕیار و لاواندنەوەی خەڵکە لەلایەک، لەلایەکیتریش چاوی خەڵکە بۆ گەیاندنی ڕەخنە و سکاڵا و داخوازییەکانیان، کە تا دێت ڕۆڵی بەرفراوانتر ئەبێت.

دەسەڵاتی پێنجەم دەسەڵاتی شەقام و خەڵکە.
ڕەنگە بازنەیتری دەسەڵات هەبێت، بۆ ئەم سەرنجە پێویست نەبێت.

ئەم دەسەڵاتانە بۆشایی و سپەیسی ئەوتۆ لە نێوانیادا هەیە کە بواری کارکردنی بۆ ئپۆزسیۆن و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان ئەڕەخسێنێت، بە مەرجێک دەسەڵاتەکە دیموکراتیی و کراوە بێت، بە پێچەوانەوە کە دەسەڵاتەکە تۆتالیتار و داخراو بوو، بەر لەوەی کە بۆشاییەکان نەهێڵێت، خودی دەسەڵاتەکان ئەکات بە کارتۆنیی و مەسخەرە!

کێ ئەتوانێت لە چوارچێوەیەکدا کە دەستوورێکی دیموکراتیانەی تیادا نەبێت، گەرەنتی بوونی دەسەڵاتی دادەوەریی بکات؟!
دەسەڵاتێکی دادوەریی کە تۆ خۆت داتنابێت، بە تەزکییە و بە پشکی حیزبیی، ئیتر چۆن ئەتوانێت پاسەوانی سیستمەکە بێت؟!
دەسەڵاتی یاسادانان، نەک بە ویستی تۆ متمانە ئەدات و یاساکان بایەخبەندیی(أولوية) بەڵکو تۆ دەرگای کڵۆم ئەدەیت بە زیاتر لە دە ساڵ، ڕێگریی لە سەرۆکی ئەکەیت، ئەندامی دارکاریی ئەکەیت، کۆبوونەوەی بە کراوەیی بە ساڵ زیاتر ئەهێڵیتەوە، کردووتن بە سۆپەر بندیوار… ئەمە ناوی دەسەڵاتە یان مۆزەفی خۆت؟!

دەسەڵاتی چوارەم لە سیستمی کراوەدا ڕای گشتیی دروست ئەکات، ڕوونیی لە بڕیار و جێبەجێکردندا دەرئەخات و دواجار لایەنی کەمی دادپەروەرییش بێت، بەرقەراری ئەکات.

لەم جۆرە دەسەڵاتە سیخوڕیی و پۆلیسییەدا میدیا بەشی شێری لە هەڵئاوسانی قەیران و شکست و کەوتندا بەرئەکەوێت!

بۆیە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان سەرئەکەنە ناو حاویەی مایکفرۆش و قەڵەمفرۆشان و چاوچنۆکانە هەموویان ئەماشنەوە!

بە میدیایەک و دووان و سیان داناکەون، لە ئاستی فەرمیی هەیانە، لەبەرهەتاو هەندێکیان نمایش ئەکەن، ئەوانەشی کە کەڵتەکۆن و سواو و ڕووی مەجلیسیان نەماوە ئەیانخەنە سێبەرەوە، تێر ناخۆن!

ئەوە خەڵک و شەقام و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەشێکی زۆری چالاکوانانیشە حاڵیان وەک حاڵی ئەوانیترە، لایەکی قوربانیی و بارەگلاوەکەی هەڵگرتووە، لایەکیتری داتەپیوە، لەو کەسایەتیی و چالاکوانانەی ناو ڕۆمانی مۆرانەی بزورگی عەلەویی ئەچن کە لە دیمەنە سیاسییەکەی ئێران لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا هەڵهێنجراوە کە لە ئیفاد و ئیمتیازات و سەفەر و سێکس و پشکی بیزنسدا غەرق بوون!

کەواتە کارکردن لە دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی ڕوون و ڕەوان دیارە، ئەبێت لەدەرەوەی سیستمەکەیان بیت، ئەگینا بەشێکیت لەوان، پێت خۆشە یان نا، ئێستا باوەڕێکی دروست لەناو کۆمەڵگەدا هەیە؛ ئەڵی لەبری ئەوەی چەندین ساڵ لە ڕێگای فڵانەوە دژایەتی مەسعود بارزانیی و ماڵی تاڵەبانیی بکەم و خۆم لێبووبێت بە جیڤارا، بەڵام مامۆستا فڵان لە دۆخی گلان و گەڕوگول بوونی دەسەڵاتدا بچێتەوە بۆ لای دەسەڵات بیەوێت ئاشیان بکاتەوە، ئەمە چ جۆرە ناڕازیبوونێکە؟!

یان پیاوی مەرد، پیاوی مەرد گۆرانیی بەسەر مامۆستا فیساردا بڵێین، کەچی ئەو لەم وشکەساڵییەی دەسەڵاتدا بۆ دیداری مەسعود بارزانیی داویەتی لە شەقەی باڵ و خەریک بوو پێش تەوقەکردنەکە ببورێتەوە، ئەمە چ قارەمانێتییەکە؟!

یان ئەویتر مەقسەلەی سەرپەڕاندنی سەرانی یەکێتیی دانابوو، ئێستا لە ژێر ڕووناکیی ڕێککەوتنی زینداندا گۆرانیی بەسەر هەمان ئەو سەرکردایەتییەدا ئەڵێت و میدیا گەورەکەی و دەیان پەیج تیڤیی خستووەتە خزمەتی چەواشەکاریی ڕستەیەک(دژی دەسەڵاتین) کە دەسەلاتی هەڵواسیوە بە پارتییدا و شانی یەکێتیی چۆڵ کردووە؟!

ئەوانیتریش و هەزار نەنگیی، بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە ماندووی دەستی ئەم جۆرە دووکانانەیە کە شەرمنانە بە زەمی یەکێتیی و پارتیی دەست پێئەکەن و دواتر لە سێبەرەکانیان نزیک ئەبنەوە و ئینجا ئەچنە سێبەرەکەیان و دواتر سەریان لە هاوپەیمانێتیی و توانەوەی یەکجارەکیی لەناو کەسابەتە سەدان ملیارد دۆلارییەکەی ماڵی بارزانیی و تاڵەبانییەوە دەرئەهێنن!

باشترین بڕیار؛ کارکردنە لەدەرەوەی سیستمەکەیان، لە دەرەوەی حکومەت و پەرلەمان و دەزگا و گەمە کارتۆنییەکانیان!