كێشەكانی پارككردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان
هەڵکەوت عەبدوڵا
23/05/2026
144 جار خوێنراوەتەوە
كێشەی پارككردنی ئۆتۆمبێل ئاڵنگارییەكی شارستانیی گەورەیە لە هەرێمی كوردستان و بووەتە مایەی كات بەفیڕۆدان، قەرەباڵغیی شەقامەكان، سەرهەڵدانی كێشەی جۆربەجۆر لەنێوان هاووڵاتیاندا و زەمینەڕەخسان بۆ پێشهاتنی رووداوی هاتوچۆ.دەكرێت كێشەكە لە هەرێم بكرێت بە دوو بەشەوە: یەكێكیان پەیوەندیی بە ئاستی هۆشیاریی شۆفێرانەوە هەیە دەربارەی یاسا و رێساكانی هاتوچۆی تایبەت بە راگرتن و پارككردنی ئۆتۆمبێل و رادەی پابەندبوونیان پێیانەوە.ئەویدیكە پەیوەندیی بە گرفتی ژێرخانی پێویستەوە هەیە بۆ ڕاگرتن و پارككردنی ئۆتۆمبێل.لەم گۆشەیەدا رۆشنایی دەخەمە سەر ئەوەی یەكەم، بەو هیوایەی لە گۆشەی داهاتوودا باسی ئەوەی دووەم بكەم.
لە هەرێمی كوردستان پرسی راگرتن و پارككردنی ئۆتۆمبێل بووەتە گرفتێكی درێژخایەن و پێویستی بە هەڵسەنگاندن، لێكۆڵینەوە و چارەسەركردن هەیە.ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ئاوڕ لەم پرسە گرنگە بدەینەوە.بۆیە هاووڵاتیان رۆژانە بەدەست ئاسەوارەكانییەوە دەناڵێنن و چاویان بڕیوەتە ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهەندی وەربگرن و چیتر فەرامۆشی نەكەن.
دەكرێت سەبارەت بە هۆشیاری دەربارەی راگرتن و پارككردنی ئۆتۆمبێل ئاماژە بۆ ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بكرێت:
1.یاساو رێساكانی هەرێم، كە پشتبەستوون بە یاسا عیڕاقیەكان، لاواز و پڕ لە كەموكوڕین و لانیكەمی ستانداردە جیهانیەكانیان تیادا نییە.
2.ژمارەیەكی زۆری شۆفێران، بە تایبەتی ئەوانەی بە شێوازی كۆن مۆڵەتی شۆفێرییان بەدەستهێناوە، ئاشنای ئەو یاسا و رێسا و هێڵ و هێمایانەی هاتوچۆی تایبەت بەوان نین.
3.زۆر شۆفێر پابەندنابن بەو یاسا و رێسا و هێڵ و هێمایانەوە و بە ئارەزووی خۆیان ئۆتۆمبێل رادەگرن و پارك دەكەن.
4.زۆربەی هاووڵاتیان، بە تایبەتی دووكاندار و خاوە پیشە جۆربەجۆرەكان، رێز لەو یاسا و ڕێسایانە ناگرن و ئاستەنگ بۆ راگرتن و پارككردنی ئۆتۆمبێل دروستدەكەن.
5.قۆرخكردنی بەردەمی ماڵان، كە موڵکی گشتییە نەك تایبەتی، لەلایەن هاووڵاتیانەوە و گرتنی بە مەخڕوت و بەربەست بۆ رێگەگرتن لەوەی هیچ كەسێك ئۆتۆمبێل رابگرێت یان پارك بكات.هەروەها قۆرخكردنی شوێنی راگرتن و پارككردنی بەردەم تەلارەكان، كە بۆ هەموو هاووڵاتیانە، لەلایەن هەندێك شۆفێری تاكسییەوە.
6.كەمیی هێما و هێڵەكانی تایبەت بە راگرتن و پارككردن و بە هەڵە دانانی هەندێكیان، هەروەها لاوازیی چاودێریكردنی پابەندبوونی شۆفێران و هاووڵاتیان لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە.
|
هەموو وتارەکانی
هەڵکەوت عەبدوڵا