ئای ئازادی ڕۆژانە چەند درۆ بەناوتەوە دەکرێت؟!
د.شێرکۆ حەمەئەمین
12/05/2026
222 جار خوێنراوەتەوە
هەموومان ئەم دەربڕاوەمان بیستووە، کەچەندە جوان و پڕمانایە، هەر بەڕاستی ئەڵێی ڕێک بۆ ئێستا وتراوە.
پەیوەست بەئێستای هەرێمی کوردستان و ململانێی جەلالی و مەلایی نوێ ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٦/٥/١٠ قوباد تاڵەبانی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، کە چالاکی دڵخوازی یەکێتیش هەر بە ئاگاداری و ئامادەبوونی ئاسایش ئەنجامدەدرێت، جگە لە زۆری تریش کە هەر ڕێگەنادەن هەر لەو پارکی ئازادییەدا چەند ڕۆژنامەوانێک، وەک بەشێک لە هەڵمەتی شەڕی جەلالی و مەلایی نوێ خەڵاتکران.
تۆنی زەغبینی لەکتێبی (لعنە الفیە- نەفرەتی هەزارە)دا بۆچی بزووتنەوە شۆڕشگێڕی و ڕیفۆرمخوازییەکانی ئەم سەردەمە سەرکەوتوونابن؟ بەوردی باسی لایەنی نەرێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە لەدوای شۆڕشی میسرەوە چۆن دەسەڵاتدارەکان بەپلان لەدژی هەموو جوڵەیەکی شەقام و سەرقاڵکردنی خەڵک و دامەزرندنی زڕمیدیا و زڕڕێکخراو و زڕنوسەر و ... توانیوویانە کۆمەڵگا کۆنترۆڵبکەن و ڕێگە لە جوڵە و کاری جدی و شۆڕشگێڕی بگرن و مۆدێلی خراپی خۆیان بەردەوامبکەن.
ئێستا هەردوو ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی و خێزانە سیاسییەکانی حاشییەیان ڕێک خەریکی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتەن، ئەو کاتەی تەنیا ڕۆژنامەی هاووڵاتی دەردەچوو، لە ئێستا زیاتر کاریگەری لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی و شەقام هەبوو، لەبری ئێستا کە چەندین کەناڵ و دامەزراوەی میدیایی و پێگە و لاپەڕەی هەردو ماڵبات و دەوروبەرەکەیان هەیە و سەرقاڵی هەواڵی ناهەواڵ و تۆخکردنەوە و قوڵکردنەوەی جیاوازییەکانن.
تۆ بڕوانە قوباد تاڵەبانی جێگری مەسرور بارزانییە لەبری لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە شەڕی ئازادی کاری سیاسی و ڕۆژنامەوانی بکات و لۆبی بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری زەینەدین بکات، کە باوکیشی ڕۆژنامەوانی شەهیدە و قارەمان کوڕی گەورە و کاسبکاری خێزانەکەیەتی و ستەمی مەسرور بارزانییان لەسەر هەڵبگرن، هاتووە لەسلێمانییەوە خەڵات بەکەس و کاری شێروان دەدات، ئەمە جگە لە تۆخکردنەوەی کلتوری جەلالی و مەلایی زیاتر هیچی ترنییە.
ئازادی لەهەرێمی کوردستان ڕێک وەک سەردەمی لیبیای موعەمەر قەزافییە، کە وتبووی کێ دەڵێ: لە لیبیا ئازادی نییە، دەتوانیت بەویستی خۆت قسە بە ئەمەریکا و ئیسرائیل بڵێیت.
لە سلێمانیش بەویستی خۆت قسە بە پارتی بڵێ، بەهەمان شێوە لە هەولێریش بەویستی خۆت قسە بە یەکێتی بڵێ، لە هەردوو لا پارێزراو و ڕێزلێگیراویت وئاشت دەگەڕێت.
ئەگەر لەسەر هەردوو لا قسەتکرد و نەبوویتە بەشێک لە ماشێنی جەلالی و مەلایی و خۆت بوویت، ئەوە ئیترخۆت و منداڵەکانیشت باجی قسە وهەڵوێست دەدەن.
بەندە، تا ئێستا، لە سەردەمی کۆچکردوو مام جەلال و قوبادی کوڕیدا چەندین جارگیراوم و زیندانی تاکەسیشم بینیوە، بەخێرێ پەرلەمانتار و مامۆستای زانکۆ و...، هیچ جارێکیش نە لەگرتن و نە لە ئازادکردنیشدا فەرمانی دادوەرم نەبینی، هەر لەو کاتانەدا قوباد تاڵەبانی بەکاتی خۆی سەرپەرشتی لیژنەی ئەمنی دەکرد، بەپێی زانیارییەکانی بەندە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا وتبووی: بەدەستێکی پۆڵایین ڕووبەڕوویان دەبینەوە.
لە هەموی ناخۆشتر و ناخهەژێنتر مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠٢١ کاتێک لەزیندانی کانی گۆمەبووین، لەکاتی سەرئاودا گەنجێکی دەرەوەی شاری سلێمانی، کە کاسبی دەکرد و شەو لە هۆتێلێک دەخەوت شەوی بەسێ هەزاردینار، گیرابوو لە ژوری تاکەکەسیدابوو، وەک خۆی وتی: تەنیا لەسەر ئەوەی لایڤی خۆپیشاندانەکانی کردبوو، شەو لە شیرینی خەودا دەستگیریانکردبوو.
ئەوە بافڵ تاڵەبانی بەدەمی خۆی دەڵێت: حکومەت و دادگا نییە، کەواتە شتەکانی تریش هەر وایە و هەموویان زڕن، کەیسی لالەزار و بەکارهێنانی دەبابە و درۆن و جۆرەها چەکی پێشکەوتوو لەناو جەرگەی شارداوداخستنی کەناڵی زووم نیشانەی بوونی ئازادی کاری سیاسی و جیاوازی یەکێتییە!
لە ڕاستیدا هەردوو لا دوو دەسەڵاتی قووڵی ماڵباتی و چەند وردە دەسەڵاتێکی قووڵی ناوچەیی، شێخ، سەرۆک خێڵ، کەسی بەناو سەربازی بەڕێوەیدەبەن، وەک دەڵێن: جیاوازی حیزبی کوردی وەک جیاوازی نێوان خەنجەر و شمشێرە.
دەپرسین ئایاکەیسی تیرۆری ڕۆژنامەوانان بەکوێ گەیشتووە؟ ئایا دەستی ئەوانەی لەپشتی تیرۆری کاوەگەرمیانییەوەبوون بڕانەوە؟
دواجار ئاماژەکان بۆئەوەن، کە زڕڕێکخراوێکی دیش لەڕێیەیە.
|
هەموو وتارەکانی
د.شێرکۆ حەمەئەمین