ئەم چەند خەسڵەتەی تۆتالیتاریزم، بەدەسەڵاتی هەرێم بەراوردبکەن و خۆتان بڕیاربدەن.

د.شێرکۆ حەمەئەمین 01/10/2025   298 جار خوێنراوەتەوە

یەکەم: چڕکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب و دەوڵەت لەدەستی یەک سەرکردە و دانانی ئەو کەسە لەسەرو ڕەخنەوە، تا ئاستی بەپیرۆزکردن و بەجۆرێک تەنیا گوێڕایەڵی بۆ ئاستی خوارەوە دەمێنێتەوە، واتە حیزب یان لەسەرو دەوڵەتەوەیە، یان لە دەوڵەتدا تواوەتەوە، چونکە فەلسەفەی سیاسی تۆتالیتاریزم لەسەر بنەمای یەکتایی دامەزراوە.

دووەم: کۆنتڕۆڵکردنی کۆی کایەکانی ژیان و خستنەژێر چاودێری (بازاڕ، زانکۆ، خوێندنگا، دادگا، میدیا، داگیرکردنی شادەماری ئابوری نمونەی نەوت لەهەرێمی کوردستاندا...).

لەم پێناوەشدا بەتەواوی سوود لە تەکنەلوجیا و ئامێرە تەکنەلۆجییەکان وەردەگرێت.

سێیەم: دەزگای نهێنی و تیرۆری سیاسی ڕێکخراو و کردنەوەی فایل بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵ و مامەڵکردن لە تەکیدا و بەو پێیە و تەنانەت دیاریکردنی چارەنووس و دەرفەتەکانی کاریش بۆی هەر بەپێی ئەو فایلە دەبێت، پشتگیری حیزبی و دانانی پۆستەکان، تەنانەت بەڕێوەبەری خوێندنگاش لەسەر بنەمای حیزبی و کۆدی ئاسایش و کۆکردنەوەی زانیاریی کەسی و ...، لە هەنگاوەکانی ئەو کارانەن.

سێیەم: تۆتالیتاریزم خانەکانی کۆمەڵی مەدەنی داگیردەکات و بەگشتی سەرجەم سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکان دەکاتە پاشکۆی حیزب و دەسەڵات و ناوەندەکانی خوێندن لەباخچەی ساوایانەوە، تا ئاستی زانکۆ بەمەبەستی بانگەشەی دەسەڵات بەکاردێنێت.

هەر بۆ نمونە ئێستا ببینن، جگە لەوەی هەموو جێگایەک بەموڵکی خۆیان دەزانن و هەر لە ئیستاوە بە ئاڵا و وێنەی خۆیان داگیریانکردوون، لە پێشووتر و لە ئێستاشدا، لەڕێی بەڕێوەبەرەکانەوە داوادەکەن زانیاری کەسی لەسەر فەرمانبەر و مامۆستا و موچەخۆر بنێرن، کە لایەنگری کام حیزبن، یان بێلایەنن، پاشان لەکام بنکەی دەنگدان دەنگ دەدەن، وێنەی کارتی دەنگدان، لەناو هێزە سەربازی و ئەمنییەکاندا ناووچارکردنیان بەسوێندخواردن و وێنەی دەنگەکانیان و هەڕەشەی بڕینی بەشەخۆراک و دەیان ڕێگای تر کەبەکاریدێنن.

ئێستا خۆتان ئەو خەسڵەتانە بەدەسەڵاتی هەرێم بەراوردبکەن و خۆتان بڕیاربدەن؟

سەرچاوەکان:
بنەماکانی تۆتالیتاریزم- هانائارێنت.
دەسەڵاتی ڕەها شێوازەکانی و تایبەتمەندییەکان-کۆمەڵێک نووسەر.