سەرکەوتن یان خێمەکەی سەفوان؟
د.شێرکۆ حەمەئەمین
19/07/2025
92 جار خوێنراوەتەوە
ڕێکەوتی ١٩٩٠/٨/٢ کاتێک سەدام حوسێن کوەیتی داگیرکرد و بە خەیاڵی خۆی کردیە پارێگای نۆزدەهەمینی عێراق، پێش دەرکردنی لەلایەن هاوپەیمانانەوە، دۆست و نەیار زۆریان پێوت؛ بکشێتەوە بەڵام بێسوودبوو، تا بەسەرکردایەتی ئەمەریکا پەلاماریاندا و لە کوەیت دەریانپەڕاند.
دوای شکستەکەی لەژێر (خێمەکەی سەفوان)دا ناچار بە تەسلیمبونیان کرد.
دەسەڵاتی هەرێمیش دوای ئەم هەمو نەهامەتیانەی بەهۆی گەندەڵی و نادادی و بەرژەوەندی تایبەتی بنەماڵەییەوە بەسەر هەرێمی کوردستانیان هێنا، گوێیان لە دڵسۆزانی دەروە و ناوحۆ نەگرت، تەنانەت لە هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکانیش نەگەیشتن و خۆیان لێ کەڕ، بۆ نمونە بلاسخارت پێی وتن: “وامەزانن ئەم هەرێمەتان تا سەر بۆ دەمێنێت.” خۆشیان نەیانتوانی حوکمێکی ڕەشید و دامەزراوەیی ئاوابکەن.
هەر لەسەر تاڵانکاری و گەندەڵی و کوشتنی گیانی کوردبون، لای تاکی کورد بەردەوامن، واتە نەدۆستی دەرەکییان ماوە نە پشتیوانی خەڵک و ناوخۆ، کە بنەمای مانەوەی هەمو دەسەڵاتێکە. واتە ئەمان لە دین و دنیابون.
نە توانییان هەرێمێکی بەهێز و دادپەروەر دروستبکەن، نە توانییان لەگەڵ بەغدا هاوبەش و بەدیهێنەری مافەکانی کوردبن، کە سەدەیەک زیاترە لەم نیشتمانە داگیرکراوەدا قوربانی بۆ دەدات، لە ئەنجامی شکستی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و حوکمی چەتەیی بنەماڵەیی لە هەرێم، هەمو داخوازی نەتەوەیەکی قوربانیدەر و ئازادیحوازلە بودجە و موچەدا کورتکرایەوە.
سەرئەنجام لە ئێستادا و بەلەبەرچاوگرتنی هەمو ئەمانە و لانی کەم بەم سێ هۆکارە تەسلیمبوون:
١- ترسی تەقینەوەی جەماوەری و هەڵگەڕانەوە لەناو هێزەکانیاندا، (دۆڵی شاوری و هەرکییەکان) وەک نمونە.
٢- هێرشی بەردەوامی درۆن.
٣-فشاری ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا.
ناچاری تەسلیمبون بە بەغدا بون، ئەگەر بەغدا پاشگەزنەبنەوە، بە بەڵگەی ئەوەی بەغدا دەڵێت: دوای ئەوەی نەوت ڕۆشت موچەی مانگی ئایار خەرجدەکرێت، یان یەکسەر(فوراً) هەمو نەوت تەسلیمکەن و ......
واتە، ئەمە نە سەرکەوتنە نە لە بەرخاتری خەڵکە، بەڵکو خێمەکەی سەفوانە و پێویستیش ناکات، لە میدیاکانتانەوەجوانیبکەن، بەڵکو دەبێت، لەبری سەرکەوتن خاوەندارێتی خێمەکەی سەفوان بکەن.
|
هەموو وتارەکانی
د.شێرکۆ حەمەئەمین