پارتی و یەکێتی پێکەوە: هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی دوایین بڕیار و رێوشوێنەکانی عێراق جەخت دەکەنەوە کە دەبێت دەستوور حەکەم بێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا و رایدەگەیێنن، "پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن."
دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتی:
راگەیێندراوی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراق لە ئارادان، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.
هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێ دەستوور حەکەم بێت لە نێوانیان.
جگە لە دەستوور هەر رێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لەدژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە. هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.
ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتنین و بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق ناکات.
24ـی تشرینی دووەمی 2026
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|