عەگید کابایێل پاڵەوانی جیهان و کوردە

17   خولەک پێش ئێستا  19 جار خوێنراوەتەوە

عەگید کابایێل، بۆکسێنەری ئەڵمانیی بە رەچەڵەک کورد، لەبەردەم جەماوەرێکی زۆری شاری دووسڵدۆرف لە ئەڵمانیا، سەرکەوتنێکی خێرای بەسەر نێڵسۆن هیسای رکابەریدا تۆمارکرد، بۆ یەکەمجار بەرگری لە پشتێنی پاڵەوانێتیی جیهانیی (WBC) بۆ کێشی قورس کرد و بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2026 بە ئامادەبوونی 53 هەزار هاندەر لە یاریگەی (ئێسپریت ئارینا) لە شاری دووسڵدرۆفی ئەڵمانیا، عەگید کابایێل توانی لە گەڕی دووەمدا و بە لێدانی یەکلاکەرەوەی تەکنیکی (TKO) یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە، دوای ئەوەی لە خولەکی 2:42ـی گەڕی دووەمدا تیمی راهێنەرانی نێڵسۆن هیسا بەهۆی پێکانی ئەنیشکی یاریزانەکەیانەوە، خاولی خۆبەدەستەوەدانیان فڕێدایە نێو حەلەبەکە.

عەگید کابایێل وەک هەمیشە کوردبوونی خۆی دووپاتکردەوە و بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا، لە یەکەم لێدوانی دوای بردنەکەوەش گوتی "بژی کورد، بژی کوردستان."

عەگید کابایێل خاوەنی 28 سەرکەوتنە بەبێ هیچ شکستێک (20 بە لێدانی یەکلاکەرەوە)، هەر لە گەڕی یەکەمەوە بە خێرایی و هێزی دەستەکانی جیاوازییەکی زۆری دروستکرد و بە چەندین لێدانی بەهێزی دەستی راست و لێدانی خوارەوە (ئەپەرکەت) گوشاری زۆری بۆ سەر رکابەرەکەی دروستکرد.

لە گەڕی دووەمیشدا دوای ئەوەی کابایێل چەند لێدانێکی یەک لەدوای یەکی ئاراستە کرد، هیسا بەهۆی ئازارێکی زۆرەوە هاواری کرد و تەنیا بە دەستی راستی بەردەوام بوو لە یاریکردن.

دوای وەرگرتنی چەند لێدانێکی دیکە، بۆکسێنەرە ئەلبانییەکە ئاماژەی بۆ تیمەکەی کرد و پشتی لە پاڵەوانەکە کرد؛ کابایێل ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و هێرشی کردە سەر، پێش ئەوەی تیمی راهێنەرانی هیسا بە فەرمی کۆتایی بە یارییەکە بهێنن. بەوەش عەگید کابایێل یارییەکەی بردەوە و توانی بەرگریی لە پشتێنی پاڵەوانی جیهان بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە