هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا جارێکی دیکە سفری تۆمار کرد

4   کاتژمێر پێش ئێستا  101 جار خوێنراوەتەوە

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، بۆ حەوتەم هەفتەی لەسەریەک هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا لە ئاستی سفردا ماوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە خواست و هاوردەکردنی نەوت لەو وڵاتە زیادی کردووە.

بۆ حەوتەمین هەفتە لەسەریەک، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا لە ئاستی سفردا ماوەتەوە؛ ئەم ڕاگرتنەی هەناردەی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، تێکڕای هاوردەکردنی نەوت لە ئەمریکا لە وڵاتانی دیکەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا سەبارەت بە قەبارەی هاوردەکردن: تێکڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نۆ وڵاتە سەرەکییەکەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 286 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ ئەم ئامارەش بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی کە شەش ملیۆن و 3 هەزار بەرمیل بووە، بە بڕی 283 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە.

دابڕانی عێراق لە بازاڕی نەوتی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دواجار لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، عێراق لە ماوەی یەک هەفتەدا 350 هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی ئەمریکا کردبوو، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەکە بەتەواوی وەستاوە.

ئەمریکا کە ڕۆژانە پێویستی بە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی، ئێستا مانگانە ملیۆنان بەرمیل نەوت لە وڵاتانی دیکەی وەک (کەنەدا، ڤەنزوێلا، نایجیریا، بەڕازیل، گویانا، مەکسیک، کۆڵۆمبیا، سعوودیە، لیبیا و ئەرجەنتین) هاوردە دەکات و جێگرەوەی بۆ ئەو وڵاتانە هەیە کە هەناردەیان ڕادەگرن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە