دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دوا خست

39   خولەک پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

دادگای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاریدا دانیشتنی تایبەت بە سێ سكاڵا دژی حكومەت و پەرلەمانی هەرێم بۆ 26ی مانگی داهاتو دوا بخات. سكاڵاكان كە لە لایەن عەلی حەمەساڵح و ڕێبوار ئەورەحمانەوە تۆمار كراون، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ناساندنی حكومەت بە "كاربەڕێكەر" دەكەن.

دادگای فیدراڵی بڕیار بو ئەمڕۆ یەكشەممە یەكلاییكردنەوەی 3 سكاڵای یاسایی ئەنجام بدات كە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر شەرعییەتی دامەزراوەكانی هەرێم هە یە. سكاڵای یەكەم لە لایەن ڕێبوار ئەورەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێوە تۆمار كراوە و تێیدا هاتوە كە كابینەی مەسرور بارزانی لە 10ی تەمموزی 2023وە تەمەنی یاسایی تەواو بوە، بۆیە دەبێت هەمو بڕیارەكانی هەڵوەشێندرێنەوە.

عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستیش دو سكاڵای تۆمار كردوە؛ یەكێكیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانە و ئەوی تریان بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی حكومەت و ڕێگری لە دەركردنی بڕیاری ستراتیژییە بەو پێیەی تەنها حكومەتێكی كاربەڕێكەرە. دادگا دوای گوێگرتن لە لایەنەكان، بڕیاری دا كاتی زیاتر بە دۆسیەكان بدات و دانیشتنەكەی بۆ مانگی داهاتو دوا خست.

دادگای فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بەوەكردوە، "بڕیار درا دانیشتنەكان بۆ ڕۆژی 26ی مانگی داهاتو دوابخرێن تاوەكو وردبینیی زیاتر لە بەڵگەكان و دەقە دەستورییەكان بكرێت؛ ئەم سكاڵایانە پەیوەندییان بە شەرعییەتی كارگێڕی و یاسایی هەرێمەوە هەیە و پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی قوڵترە".

بە پێی زانیارییەکانی ٧ رۆژ دواخستنەکە وەک مۆڵەتی کۆتاییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم و ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیی لەوبارەیەوە.

پەرلەمانی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2022 تەمەنی خۆی بۆ یەك سال درێژ كردەوە، بەڵام دادگای فیدراڵی لە لەو 2023دا ئەو بڕیارەی بە نادەستوری ناساند و هەمو بڕیارەكانی درێژكردنەوەی هەڵوەشاندەوە. لەو كاتەوە هەرێمی كوردستان لە بۆشاییەكی یاساییدایە و حكومەت وەك "كاربەڕێكەر" مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. 

هه‌رچه‌نده‌ له‌ 20ی 10ی 2024ـەوه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێكه‌وتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ناكۆكی قوڵ لەنێوان یەكێتی و پارتیدا لەسەر ئەو پرسە هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە