مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دەتوانن خانەنشین ببن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  235 جار خوێنراوەتەوە

دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دەتوانن لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین بکرێن. نوێنەرێکی گرێبەستەکان دەڵێ، تاوەکو ئێستا بۆ خانەنشینی پارە لە مووچەیان نەبڕدراوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە ژمارەی 10992 ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کراوە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دەتوانن لە کۆتایی تەمەنی یاسایی کارکردنیاندا خانەنشین ببن.

لە نووسراوەکەدا هاتووە: "پێویستە فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەموو بارێکدا بە تەواوکردنی تەمەنی خانەنشینی 60 ساڵ هەواڵەی خانەنشینی بکرێن و بۆ شایستەبوونی مووچەی خانەنشینییان لە کاتی تەواوکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون ماوەی 15 ساڵ راژەیان هەبێت، بۆ ئاگاداری و کاری پێویست."

هیوا سەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ چوارشەممە وتوویەتی: "تەمەنی گرێبەستەکان نەگەیشتووەتە خانەنشینبوون و پێشتریش ئاگادار نەکراوینەتەوە خانەنشین دەکرێین، بۆیە نووسراوەکە هەنگاوێکی نوێیە".

هیوا سەمەد بۆ ڕووداو ئاماژەی بەوە کردووە، لە نووسراوەکەدا ئەوەیان بۆ روون نەکراوەتەوە، کە ئەوان بەگوێرەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین دەکرێن یان یاسای خانەنشینی. وتیشی: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارەیەک لە مووچەمان نەبڕاوە بۆ خانەنشینی".

بەگوێرەی خشتەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ژمارەی گرێبەستەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 87 هەزار کەسە؛ زیاتر لە 57 هەزاریان مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە و 30 هەزاریان لە بەغداوە مووچەیان بۆ دەنێردرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە