سەرجەم مامەڵەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێنە ئەلیکترۆنی
1 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە لینکی تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی زەوی کارا دەکرێت و بڕیاریشە سەرجەم مامەڵەکانی هەولێر و بەغدا بکرێنە ئەلیکترۆنی دەشڵێت، 1000 قوتابخانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی چین تەواوکراون و 50 قوتابخانەش سیستمەکانیان کراوەتە سیستمی زیرەک.
حەیدەر مەجید، وتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دەستپێشخەریی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی، رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەندامێتیی ژمارەیەک لە وەزیران و ئەمیندارێتیی گشتی پێکهێنراوە و 5 لیژنەی لاوەکیش هەن بۆ جیاکردنەوەی زەوییەکان لە بەغدا و پارێزگاکان.
حەیدەر مەجید ئاشکرای کردووە، "تاوەکو ئێستا لە 5 بۆ 6 پارێزگا رێکارەکانی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی پارچە زەوییەکان کۆتایی هاتووە، هەروەها لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بە فەرمی لینک و ماڵپەڕی تایبەت بە تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان بۆ ئەم زەوییانە دەخرێتە کار."
سەبارەت بە مەرج و شێوازی دابەشکردنەکە، وتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتی بە رووداوی وتووەە، "مەرجی یەکەم ئەوەیە کە داواکار نابێت پێشتر هیچ خانوو، یەکەی نیشتەجێبوون یان پارچە زەوییەکی تاپۆکراوی بە ناوی خۆیەوە هەبووبێت. پڕۆژەکە چینی هەژاران، کەسوکاری شەهیدان و برینداران دەگرێتەوە، هەروەها بەپێی نوێترین رێنمایی سەرۆکوەزیران لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی خەڵکی شنگال، بڕیاردرا خەڵکی قەزای شنگالیش بخرێنە نێو ئەم دەستپێشخەرییەوە."
حەیدەر مەجید ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرەپێدەران و وەبەرهێنەرانیش بەشدار دەبن لە دروستکردنی ژێرخانی ئەم پڕۆژانەدا و ئاماژەی بەوە کرد: "بەپێی مەرجەکان، ئەو رووبەرەی دەدرێتە وەبەرهێنەر لە 20% تێپەڕ ناکات و 80%ـی زەوییەکان وەک موڵکی دەوڵەت دەمێننەوە و پڕۆژەکان وەک شارۆچکە و شاری نوێی نیشتەجێبوون دادەمەزرێن."
|