پزیشکیان: ئەمریکا گەمارۆکان ڕابگرێت گەرووی هورمز دەکەینەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند: "بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز مەرجمان هەیە، ئەمریکا هێرش و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران ڕابگرێت گەرووەکە دەکەینەوە".
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ئەمریکا نەیتوانیووە لەڕێگەی سەربازییەوە سەرکەوتوو بێت و لە ڕێگەی گوشاری ئابووریشەوە ناتوانێت ئێران ناچار بە خۆڕادەستکردن بکات، چونکە ڕێگای دەریایی سەرچاوەی ژیان و وابەستەیی 100%ـی وڵاتەکەیان بۆ بازرگانی نییە.
پزیشکیان ئاشکرایکرد، ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی عوممان و ئێران لە شاری مەسقەت کۆدەبنەوە و ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ڕێگایەکی هاوبەش لە گەرووی هورمز واژۆ دەکەن، کە دواتر دەدرێت بە ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی.
میدیای ئێران دەڵێت لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێککەوتنێک سەبارەت بە بەڕێوەبردن و کردنەوەی ڕێگایەکی دەریایی سەلامەت لە گەرووی هورمز واژۆ دەکرێت کە مەرجەکانی تێدا ڕوون دەکرێتەوە.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە نێوان عوممان و ئێراندا، دەق و وردەکارییەکانی دەدرێتە ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
تا ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا وەڵامی فەرمی ئەم مەرجانەیان نەتداوەتەوە، لە کاتێکدا دابخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بازرگانیی نەوت و ئابووریی جیهانی دەبێت.
|