عێراق هاوردەکردنی 33 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  43 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رێکاری تووندی بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی خۆماڵی گرتووەتەبەر و هاوردەکردنی 33 بەرهەمی کشتوکاڵی بە تەواوی قەدەغە کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی و پاراستنی بەرهەمهێنەرە خۆماڵییەکان.

قوسەی حەتتاب، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رایگەیاند، بڕیارەکان ئامانجیان رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەیە کە رووبەڕووی کەرتە گرنگەکانی وەک پەلەوەر دەبنەوە، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە بەردەستبوونی بەرهەمەکان لە بازاڕەکاندا بە نرخی گونجاو.

حەتتاب، ئاماژەی بەوەکرد، نرخی هێلکەی خواردن لە وەرزی هاویندا بەزربووەتەوە و بە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراوی وەسفکرد و وتی، "یەکەمجارە لە وەرزی هاویندا نرخی هێلکەی خواردن بەرزببێتەوە."

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان "رێکاری ئاسانکاری گرتووەتەبەر و بە رێنمایی راستەوخۆ" و کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵ لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە کراوە.

سەبارەت بە گواستنەوەی بەرهەمەکانی پەلەوەر، حەتتاب وتی، "بەپێی ئەو رێنوێنی و رێکارانەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە رێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵەوە دیاریکردوون، گواستنەوەی ئەم کاڵایانە، بەتایبەتی مریشک، بەپێی رێکار و رێنوێنییەکان بەڕێوەدەچێت و بە دڵنیاییەوە بەبێ کێشە دەگاتە هەموو پارێزگاکانی عێراق." لە هەمانکاتدا ئەوەی خستەڕوو، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری هەر سەرپێچییەکدا رێکاری پێویست دەگرنەبەر.

حەتتاب، ئاماژەی بەوەدا، کەرتی تایبەت ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ لە بواری پەلەوەردا جێبەجێ دەکات، لەوانە پڕۆژەی پەلەوەری دیوانییە و پڕۆژەی پەلەوەری عەتەبە، هەروەها پڕۆژەی هاوشێوە لە پارێزگای واست.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوە کرد، پڕۆژەی پەلەوەری دیوانییە یەکێکە لە پڕۆژە دیارەکان و شاندێکی وەزارەت بەم دواییانە سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە. وتیشی، "پڕۆژەکە رۆژانە زیاتر لە 57 هەزار مریشک سەردەبڕێت و بەسەر ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراقدا دابەش دەکرێت و بەرهەمەکانی گەیشتووەتە کەرکووکیش، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە نێو هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە سیاسەتی هاوردەکردن، حەتتاب روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان کار لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەکات و رێگری لە هاتنەناوەوەی ئەو بەرهەمانە دەکات کە بە بڕی پێویست لە بازاڕەکانی عێراقدا بەردەستن.

"ئێمە ساڵنامەیەکی کشتوکاڵیمان هەیە کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە پەسندکراوە و هاوردەکردنی 33 بەرهەم بە تەواوی قەدەغە کراوە، هەروەها 15 بەرهەمی دیکەش بە شێوەی وەرزی قەدەغەن، کە سەوزە و تەماتە و خەیار و بەرهەمی دیکە لەخۆدەگرن."

حەتتاب، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە هەندێک بەرهەمی ستراتیژیدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، لە سەرووی هەموویانەوە گەنم و خورما.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر بەرهەمێک بگاتە ئاستی خۆبژێوی و بەردەست بێت و لەگەڵ هەموو رێنوێنییەکاندا بگونجێت، وەزارەت رێگری لە هاوردەکردنی دەکات."

لەبارەی رۆڵی کەرتی تایبەتەوە، حەتتاب رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی بەرهەمەکانیان پێداویستیی بازاڕ پڕدەکاتەوە، دەتوانن بەپێی رێکارە فەرمییەکان داواکاری پێشکێش بە وەزارەت بکەن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە