مەلا بەختیار: پارتی و یەکێتی نەگەنە رێککەوتن ئەمریکا خۆی بڕیار دەدات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
211 جار خوێنراوەتەوە
مەلا بەختیار، پێیوایە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پەککەوتنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی حکومەت بۆ ماوەی 20 مانگ، رەنگدانەوەی بێمتمانەییەکی قووڵە لە نێوان پارتی و یەکێتی. دەشڵێت ئەگەر خۆیان رێکنەکەون دواجار ئەمریکا خۆی نوێنەری کورد دیاری دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی.
مەلا بەختیار سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی رووداو ئاماژە بەوەکرد "باوەڕم نییە پارتی و یەکێتی خۆیان بتوانن ئەم کێشەیە بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنن"، چونکە رۆحیەتی رێککەوتنی ستراتیژی لە نێوانیاندا نەماوە.
مەلا بەختیار هۆشداری دەدات کە نەبوونی دەستوور، یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگە و دوو ئیدارەیی "بە جۆرێکی دیفاکتۆ"، زیانی گەورەی بە پێگەی نەتەوەیی کورد گەیاندووە.
سەبارەت بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش، رەخنەی تووندی هەیە و پێیوایە ئەوان تووشی "پۆپۆلیزم" بوون و نەیانتوانیوە جێگرەوەیەکی سیستماتیک بۆ دەسەڵات پێشکەش بکەن.
مەلابەختیار جەخت دەکاتەوە چارەنووسی هەرێمی کوردستان لە ناو ئەم گۆڕانکارییانەدا بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند دەتوانێت ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و دامەزراوەکانی یەکبخات، چونکە ئەمریکا و هێزە جیهانییەکان لە کۆتاییدا مامەڵە لەگەڵ شەرعییەتی دەسەڵات و هێزی یەکگرتوو دەکەن.
دەشڵیت ئەگەر پارتی و یەکێتی هەر رێک نەکەون ، ئەمریکا هەر تەماشا ناکات و خۆی دێت ، ئەو لایەنە دیاری دەکات کە مامەڵەی لەگەڵ بکات، لەبارەی پێوەری ئەمریکاش بۆ ئەو ڵایەنە مەلابەختیار دەڵێت، کام لایەن دەنگی زیاتری هەبێت و پایتەخت لای کێ بێت، ئەو هەڵدەبژێرێت.
|