حەشدی شەعبی داوا دەکات بارەگاکانی بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازرێنەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بارەگاکانی حەشد بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازرێنەوە و رایدەگەیێنێت، حەشد پڕۆژەیەکی نیشتمانییە و دژی تایفەگەرییە.
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی 12هەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەستەکە، داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کرد، "سەربازگەکانی حەشد بۆ دەرەوەی شارەکان بگوازرێنەوە."
فالح فەیاز جەختی لە پابەندیی تەواوی هێزەکانیان بە یاسا و رێسا کارپێکراوەکان کردەوە، کە رێکخستنی جووڵەی حەشدی شەعبی بە تەواوی گەرەنتی دەکەن.
لە گوتارەکەیدا فالح فەیاز ئاماژەی بەوەش کرد، "حەشد دژی تایفەگەرییە و بووەتە هۆی دروستبوونی هاوبەشییەکی نیشتمانی و رۆڵەکانی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان لە یەک سەنگەردا شەڕ دەکەن، حەشد نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەکان دەکات و دەرفەتی بۆ کەمینەکان رەخساندووە بەرگری لە ناوچەکانیان بکەن."
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گوتیشی، "حەشدی شەعبی هێزێکە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە."
سەرۆکی دەستەکە داوای لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، سەربازگەی جێگرەوە و شایستە بۆ هێزەکانی حەشد دابین بکەن، بەجۆرێک کە گەرەنتی بڵاوبوونەوەیان بەتەواوی لە دەرەوەی سەنتەری شار و پارێزگاکان بکات.
ئەم داواکارییەی فالح فەیاز لە کاتێکدایە، کە ئێستا پرسی داماڵینی چەکی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و تێکەڵکردنی گروپە چەکدارەکانی عێراق بە هێزە ئەمنییەکان لە کارنامەی حکومەتی نوێی عێراقە.
|