فوئاد حوسێن: پشتیوان بە خودا پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا چاک دەبێ
1 کاتژمێر پێش ئێستا
173 جار خوێنراوەتەوە
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ،حکومەتی نوێی عێراق جیاوازە و بەرنامەی خۆی هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "پشتیوان بە خودا، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا لەم حکومەتەدا چاک دەبێ."
د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، بە ڕووداوی راگەیاند، "هەر حکومەتێک کار و بەرنامەی خۆی هەیە. قۆناغەکەش جیاوازە. پشتیوان بە خودا، هەموولایەک کاردەکەین بۆ سەرکەوتنی ئەم حکومەتە بۆ ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی عێراق بێ. پشتیوان بە خودا، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چاک دەبێ."
هەوڵێک بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک بەناوی (هاوپەیمانیی بەهێزەکان) هەیە. لەوبارەوە فوئاد حوسێن وتی، "پارتەکان خەریکن، دانیشتنی زۆر هەیە، نازانم ناوەکەی چی دەبێ، کۆمەڵێک هێز سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی یان لێکتێگەیشتنێکن."
لەبارەی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێتە نێو هاوپەیمانییەوە، فوئاد حوسێن کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەیە ئاماژەی بەوەکرد، "نازانم، جارێک لێکۆڵینەوەی لێدەکرێ."
فوئاد حوسێن وتیشی، "لە هەفتەکانی ئەم دواییەدا پەیوەندییەکان بەتایبەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بوونە قوربانی جەنگی ناوچەکە. بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کاری لەپێشینەی وەزارەتە، دەستەجێ کار بۆ چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییانە دەکەین. پەیوەندییەکان نەپچڕاون، بەڵام هەندێک کێشە بەم دواییانە روویاندا، پێش پێکهێنانی ئەم حکومەتە. پشتیوان بە خودا، لە سەرووبەندی چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییەداین."
|