چۆن هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران گیرۆدەی دەستی تەیف سامی بوون؟

2025-03-12  321 جار خوێنراوەتەوە

تەیف سامی، ناوێکی ناسراو لای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ژنێکی لەچک بەسەری شیعەیە و هەر رۆژە و مەرجێک بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دیاری دەکات.

شاند لە دوای شاند سەردانی بەغدا دەکەن و رێککەوتن واژۆ دەکەن بەڵام کاتێک دێتە سەرەی ژنە شیعەکە، تەواوی رێککەوتنەکان هەڵدەوەشێنەوە و دیسان رێگری بۆ ناردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا ساڵانێکی زۆرە بەردەوام مللملانێی توند و قۆڵبادان لەسەر حسابی قوتی خەڵکی کوردستان دەکەن ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوولا ئامادەنین پابەندبن بەو رێککەوتنانەی لە نێوانیان واژۆی دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق هەیە کە نابێت ململانێی سیاسییەکان تێکەڵ بە پرسی مووچەی فەرمانبەران بکرێت، بەڵام بەغدا پرسی مووچەی کردووەتە کارتێکی فشاری بەهێز لەسەر حکوومەتی کوردستان.

١١ رۆژ بەسەر مانگی سێ تێپەڕبووە، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی دووی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە دیاریش نیە کەی ژنە شیعەکە پارە رەوانە دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیری دارایی راسپاردووە پارەی مووچەی مانگی دوو رەوانە بکات لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ بەدواداچوونی کێشەکان پێکهێناوە.

سەرەتای مانگی رابردوو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مژدەی کۆتایی هاتنی کێشەی مووچەی راگەیاند بەڵام نەک هەر چارەسەر نەبووە بەڵکو کەوتە تونێلێکی تاریکەوە.

ئێستا بەڕوونی دیار نیە هۆکاری رەوانە نەکردنی پارەی مووچە چیە، بەڵام ناڕاستەوخۆ، پرسە سیاسییەکان و دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم هۆکاری سەرەکی ئەو دواخستنەیە.

بە گوێرەی شێکردنەوەی شارەزایان، پێشوازیکردنی بەرپرسانی کورد لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق نیگەرانی لای سودانی دروستکردووە ئەوەش کاریگەری لەسەر دواخستنی مووچە هەبووە.

بەوپێیەی لە کابینەکەی عادل عەبدولمهەدیش هەمان سیناریۆ دووبارە بوویەوە ئەو کاتەی کە کورد پێشوازی لە کاندیدکردنی مستەفا کازمی کرد، ئەوەش بووە هۆی بڕینی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەی کە بۆ مووچە لە بەغداوە رەوانە دەکرا.

جیا لەوە، شکستهێنانی گفتوگۆکانی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هۆکارێکی دیکەیە بۆ دواخستنی مووچەی مانگی دوو، چونکە بەغدا لە ژێر فشارێکی گەورەی ئەمریکایە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و بەرپرسانی هەرێمیش خواستی هەناردەکردنەوەیان نیە.

٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو


   ئەمانەش بخوێنەرەوە