داواکاری نوێی ئەمریکا لە عێراق چییەو چییان دەوێت؟
2025-03-10
349 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، هەردوو لا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردن و قووڵکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە گفتوگۆی نێوان سوودانی و مایکڵ واڵتز، جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و ئاسایش کردەوە، "سەرۆکوەزیران پابەندبوونی عێراقی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە و، کۆمپانیا ئەمریکییەکانی هاندا بۆ وەبەرهێنان لە بازاڕی گەشەسەندووی عێراق، هەروەها چاکسازی و دەستپێشخەرییە گرنگەکانی کە حکومەتەکەی جێبەجێی کردووە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی جێگیرتر، شەفافتر و راکێشەرتر بۆ وەبەرهێنەران، خستەڕوو."
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، "هانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دا بۆ ئەوەی زیاتر پشت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ببەستێت و کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لابردنی ئاستەنگەکان کە رووبەڕووی ئەو کۆمپانیایانە دەبنەوە کە لە عێراق کار دەکەن، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، بۆ هاندانیان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە عێراق."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز کردەوە کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت، هەروەها باسی چارەسەرکردنی پرسەکان و رۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کرد کە لەم بوارەدا کار دەکەن، "ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندبوونی خۆی بۆ پشتگیریکردنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەی نوێدا کردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لە خێراکردنی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەربڕی."
سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایش، واڵتز پابەندبوونی جێگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دووپات کردەوە، هەروەها هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاری بۆ دڵنیابوون لە سەروەری و سەقامگیری عێراق لە ماوەی درێژدا کردەوە، بەتایبەتی لە بارودۆخە ناسەقامگیرەکانی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت.
واڵتز جەختی لە کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە کردەوە، "پەیوەندی بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەوە هەیە"، کە گرنگی هەماهەنگی دوولایەنە بۆ خۆلادان لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی پێشبینیکراو لەسەر سەقامگیری عێراق دووپات دەکاتەوە.
8ى ئادارى 2025، ئەو مۆڵەتە 120 رۆژییە کۆتاییهات کە ئیدارەى پێشووى ئەمریکا بۆ عێراقى دانابوو بۆ هاوردەکردنى گاز لە ئێرانەوە بۆ خستنەکارى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
بەڵام سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، باڵیۆزى ئەمریکا پێى راگەیاندوون کە "تاوەکو ئێستا هەناردەکردنى گاز لە دەرەوەى سزاکانى وڵاتەکەیەتى."
ئەو لێدوانەى عەتوان عەتوانى، لە راگەیێنراوێکى لیژنەکەدا بوو، لە دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ دانیاڵ رۆنبسن، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق و شاندێکى ئەو باڵیۆزخانەیە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 9ى ئادارى 2025 لە بەغدا کرا.
عێراق 17 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەهۆى راگرتنى هاوردەکردنى گازى ئێران 10 هەزار مێگاوات کارەباى لەدەستداوە، لە وەرزى گەرمادا عێراق پێویستى بە زیاتر لە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەوپێیە بەبێ هاوردەکردنى گاز نیوەى کارەباى پێویست بەرهەم دەهێنێت.
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق داواى لەو بەرپرسەى ئەمریکا کردووە، پێداچوونەوە بەو گوشارانەدا بکات کە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لەسەر کەرتى دارایی و بانکی عێراق دروستکردووە لە رێگەى "سزادانى یەک لەدواى یەکى بانکەکان".
عەتوان عەتوانى وتوویەتى، "عێراق گۆڕانکاریى جۆرى لە پابەندبوون و حەواڵە داراییەکان کردووە، بەڵام تووشى شۆک دەبین بە سزاى بەکۆمەڵى دژ بە بانکە عێراقییەکان بەبێ پاساو و ئاگادارکردنەوەى پێشوەخت، تەنانەت بەبێ ئاگادارکردنەوەى بانکى ناوەندی، ئەوەش کێشەیەکى گەورەى بۆ دروست کردووین و کاریگەرى لەسەر کار و چالاکى کەرتى بانکى هەیە."
|