پڕۆژەی رووناکی چیە و بۆچی خەڵکی بەسەر دووبەرەدا دابەش کردووە؟
2025-03-11
308 جار خوێنراوەتەوە
هەفتەی رابردوو پرۆژەی رووناکی حکومەتی هەرێم گەیشتە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا بڕیارە کارەبای ٢٤ کاتژمیری بۆ بەشداربووەکانی دابین بکات.
حکوومەت نیازی ئەوەیە، تا کۆتایی ساڵی داهاتوو کارەبای تەواوی هەرێمی کوردستان بکاتە ٢٤ کاتژمێری بەڵام پڕۆژەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی بووەتەوە و کەمپینی تایبەتی لە دژ کراوەتەوە.
ئەمە یەکەم پرۆژە نیە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بخرێتەڕوو و رووبەڕووی دەنگی فراوانی ناڕەزایەتی خەڵک بێتەوە.
پرۆژەکە سەرەتا لە شاری هەولێرەوە دەستی پێکرد و ئێستا گەیشتوەتە ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی.
بە گوێرەی ئەو داتا و زانیاریانەی لەسەر پرۆژەکە بڵاودەکرێنەوە، نرخی کارەبای نیشتیمانی لەسەر هاووڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات ئەوەش وایکردووە لە ترسی گرانی نرخەکەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە پێشوازی لێ نەکرێت.
ئەو گەڕەکانەی کە پرۆژەکە تێیدا جێبەجێ کراون، شەوان تاریک دەردەکەون، هاووڵاتیان هاوشێوەی رابردوو گڵۆپی ماڵەکانیان هەڵناکان، دەستگرتن بە کارەباوە بەشێوەیەکی بەرچاو هەستی پێ دەکرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەستبەژێرێکی سیاسی دژی سەرجەم پرۆژە و پلانێک دەوەستنەوە کە لەلایەن هێزی دەسەڵاتداری ناو حکوومەتەوە بخرێتەڕوو ئەگەر لە بەرژەوەندی هاوولاتیانیش بێت.
پێشتر بۆ پڕۆژەی کامێرای پۆینت تو پۆینت، پرۆژەی هەژماری من کەمپینی هاوشێوە بۆ داژیەتیکردنیان رێکخرا و هاووڵاتیان لە دژی پرۆژەکان هاندران بەڵام پرۆژەکان جێبەجێ کران.
بە گوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لەو شوێنانەی کە کامێرای پۆینت تو پۆینت دانراوە رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردووە و ژمارەی مردن بە رووداوانە بە تەواوی دابەزیوە.
ئەوەی وایکردووە هەر کەمپەینێک دژی پرۆژەکانی حکوومەت لەناو خەڵکدا کاردانەوە دروست بکات، ئەو بێ متمانەیەیە کە لە نیوان خەڵک و حکوومەت دروستبووە، ئەوەش بەهۆی ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانە بەردەوامەیە کە لەناو دامەزراوە حکوومییەکان بۆ بەرژەوەندی دەستڕۆیشتو و کوڕە مەسولەکان دەبینرێت.
ئەمە وایکردووە هاووڵاتیان بەردەوام بە گومانەوە لە پرۆژەکانی حکوومەت بڕوانن، نەیارە سیاسییەکانیش ئەو بێ متمانەییەی خەڵکیان کردووەتە چەکێکی بەهێز بۆ دژایەتی کردنی حکوومەت.
پرۆژەی رووناکی بەهۆی گرانی نرخی کارەباوە، کاریگەری گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام چاوەکان لەسەر ئەوەن حکوومەت نرخەکان بە جۆرێک رێک بخات کە لەگەڵ داهاتی خێزانەکان یەک بگرێتەوە.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|