رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە چی بەسەر هات؟
2025-03-10
197 جار خوێنراوەتەوە
دوایین لێدوانی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان مژدەی رێککەوتنی یەکجارەکی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە سەرەتای مانگی رابردوو ئەنجامیدا رایگەیاند لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بۆ لەمەودوا مووچە لەوادەی خۆیدا رەوانە بکرێت و چیدیکە دوا نەکەوێت.
لەو رێککەوتنەدا کە وەزیری دارایی وەک مژدەیەک بە مووچەخۆرانی هەرێمی دا، هەموو جۆرە پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچە و دامەزراندنی نوێ و دامەزراندن بە گرێبەست راگیراوە.
ئێستا دوو هەفتە زیاتر بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی عێراق تێپەڕبووە، کەچی هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم ئەمڕۆ و سبەینێنا پێ دەکرێت و رێککەوتنەکەی وەزیری دارایی هەرێمیش وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کرد جێبەجێ نەکرا.
بڕیاروابوو لیستی مووچەی مانگی یەک بکرێتە بنەما بۆ کۆی مانگەکانی ئەمساڵ بەڵام هێشتا زانیاری جیاواز لەسەر کەموکورتی لیستەکان و داواکاری نوێی بەغدا بڵاودەبێتەوە.
هەر ئەو کات ٧رۆژ ئاشکرای کرد، ئەوەی وەزیری دارایی بانگەشەی بۆ دەکات تەنیا رازی بوون بووە بەو مەرجانەی بەغدا بۆ ئامادەکردن و رێکخستنی لیستی مووچە دای ناون و ئەوەی ناوی لێنراوە رێککەوتن بوونی نیە.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی ٧رۆژ قسەی لەگەڵ کردوون، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچەی مانگی دوو پەیوەندی بە نەگەیشتنە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
عێراق کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورەی ئەمریکاوە بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەرانبەریشدا کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم فشارەکانی ئەمریکایان قۆستوەتەوە و ئاستی داواکارییەکانیان بەرزکردووەتەوە ئەوەش وایکردووە هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ نەکاتەوە.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاندی تەکنیکی هەرێم سەردانی بەغدای کردووەتەوە و بۆ سبەینێ کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبن.
بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکانی ٧رۆژ، شاندی عێراق لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم ئەوەیان بە شاندی هەرێم وتووە دەست پێ نەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی سۆمۆوە کاریگەری لەسەر رەوانەکردنی پارە لە بەغداوە دروست دەکات.
ساڵی رابردوو عێراق بێ ئەوەی هیچ بڕە نەوتێک لە هەرێمەوە وەربگرێت، نزیک بە ١١ ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی دوانزە مانگەکە رەوانە کرد، هەرێم چاوی لەوەیە ئەمساڵیش بێ ئەوەی نەوت رادەست بکات هاوشێوەی ساڵی رابردوو پارەی لەبەغداوە پێ بگات.
٧ڕۆژ - ڕێبوار حەمەلاو
|