چۆن مردنی وریا حەمە کەریم پەردەی لەسەر قاچاخێکی گەورە لە باشماخ هەڵدایەوە!

2025-02-07  215 جار خوێنراوەتەوە

٧ڕۆژ - تایبەت

ئەو بارهەڵگرەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووس وریار حەمەکەریم باری قاچاخی لەناو خاڵی سنووری باشماخەوە بۆ سلێمانی گواستوەتەوە، بەوەش پەردە لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی قاچاخچێتی خاڵە سنوورییەکان لادرایەوە. 

بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم لە کۆتایی مانگی رابردووەوە هاوردەکردنی تەمامەتە بە فەرمی لە خاڵە سنوورییەکانەوە راگیراوە.

لە نوسراوەکەدا هاتووە، لە ٢٦ی ١ی ٢٠٢٥ەوە هاوردەکردنی تەمامەتە لە خاڵە سنوورییەکانەوە قەدەغەیە و رێگە پێدراو نیە ئەوەش بە هۆی پێگەیشتنی تەماتە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

بەو پێیەی رووداوی گیان لەدەستدانی وریا حەمەکەریم لە وەرگەڕانی لۆرییەکی پڕ تەمامەتەوە روویداوە دەردەکەوێت کە لۆرییەکە لە مەرزی باشماخەوە بە قاچاخ داخڵ کراوە.

بەختیار قادر ئەندامی ئەنجوومەنی جووتیارانی پێنجوێن، لە عەلوەی سلێمانییەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گرێدا و زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە کە بارهەڵگرەکە تەماتەی قاچاخی هەڵگرتووە.

داخڵکردنی باری قاچاخ لە خاڵە سنوورییە فەرمییەکانەوە شتێکی نوێ نیە و بەردەوام هەبووە.

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح بڵاویکردووەتەوە، تەنیا شەوی رابردوو هەشت ترێلە تەماتە لە باشماخەوە داخڵ کراوە، هەر ترێلەیەک بە سێ هەزار و ٥٠ دۆلار واتە کۆی ئەو هەشت ترێلە تەماتەیە ٢٤ هەزار و ٤٠٠ دۆلار وەرگیراوە.

 ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت ئێستا ١٨ ترێلەی دیکەی تەماتە لە پەروێزخانە و چاوەڕێی داخڵبوون دەکەن.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نرخی ترێلەیەک کاهوو بە ١٧٠٠ دۆلار داخڵ دەکرێت، مریشکی بەستووی ئێرانی، بەرازیلی و تورکی بە ٣٥٠٠ دۆلار داخڵ دەکرێت.

ئەو بارە ترێلانەی بەمشێوەیە داخڵ دەکرێن هیچ جۆرە پشکنینێکیان بۆ ناکرێت و داهاتی گومرگیەکەشیان دەچێتە گیرفانی دەستڕۆیشتوەکانەوە، واتە ناخرێتە سەر داهاتی ناوخۆ!

خاڵە سنوورییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی و یەکێتییەوە کۆنتڕۆڵکراون، ئەم بار هەڵگرە قاچاخانە بە بەرچاوی ئەم هێزانەوە داخڵ دەکرێن و ناوی تەنسیقی لێنراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو قاچاخچێتیەی لە سنووری یەکێتی ئەنجام دەدرێت، لە ناو بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی نووسینگەی بۆ دانراوە و ئەوانەی بار داخڵ دەکەن بە تەلەفۆن زانیاری بارەکەیان دەگەیەنن و ئەو بڕە پارەی دیاری کراوە لە نوسینگەکان دای دەنێن و دواتر بارەکەیان بۆ داخڵ دەکرێت.

ئەم قاچاخچێتییە لەلای بازرگانەکانیش پەسەندە و زۆر خواستی لەسەرە بەو پێیەی هیچ پشکنینێک بۆ بەرهەمەکە ناکرێت و ئەو بڕە پارەشی کە ئەیدەن کەمترە لەو رسوماتە گومرگییەی کە پێویستە لە کاتی هاوردەکردنیدا بە فەرمی بیدەن.

بەردەوامی ئەم قاچاخچێتییە و بردنی داهاتی گشتی بۆ ژمارەیەک دەستڕۆیشتووی ناو حیزبەکان لە کاتێکدایە ماوەی نۆ رۆژە مامۆستایانی سنووری سلێمانی بۆ داواکردنی مافەکانیان مانیان لە خواردن گرتووە

 حکوومەتی هەرێمیش بە بیانووی نەبوونی پارە ، مووچەی مانگی دوانزەیان دابەش ناکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە